بەیاننامەیك لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانەوە

 

 

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەیادی ٣٣ ساڵەی كیمیا بارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دۆڵی خۆشناوەتی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە.

 

دەقی بەیاننامەکە:

بەیاننامەی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەیادی ۳۳ ساڵەی بەركەوتووانی كیمیابارانكردنی بالیسان و شێخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی.

 

كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان

خەڵكی خۆڕاگر و تێكۆشەری دۆڵی خۆشناوەتی

 

 

۳۳ ساڵ لەمەوبەر لە ۱٦ / ٤ / ۱۹۸۷ رژێمی بەعسی لەناوچوو تاوانێكی تری خستە سەر ئەو تاوانانەی كەلە چوارچێوەی كۆمەڵكوژی و لەناوبردنی گەلی كوردستان جێبەجێی دەكرد، لەو روژەدا رژێمی لەناوچوو بەچەكی قەدەغەكراوی كیمیاوی گوندی شێخ وەسانان و بالیسان و گوندەكان دۆڵی خوشناوەتی چەند جارێك بۆمباران كرد و لەئەنجامدا چەندین  قوربانی شەهید و برینداری لێكەوتەوە.

 هەر ئەوكات ژمارەیەك لە بریندارەكان دوور لەهەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی لەلایەن رژێمەوە زیندەبەچاڵكران كە لە دوای روخانی ڕوفاتی ژمارەیەك لەو‌ شەهیدانە ‌لە گۆرێكی بەكۆمەڵدا لەكارگەی قیری هەولێر دۆزرانەوە و گەرێندرانەوە زیدی باوك وباپیرانیان و بەخاك سپێردرانەوە.

 بەشێكی زۆری بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی  ئەو ناوچانەش كە ڕزگاریان بوو تائێستاش ئاسەواری ئەو چەكە بە جەستەیانەوە ماوە و كاریگەری لەسەر تەندرووستیان درووستكردووە.

 

خەڵكی خۆراگری بالیسان و شیخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی.

 

مێژوو شاهیدی خۆراگری و قوربانیدانی ناوچەكەتان دەدات كەهەردەم پشتیوان و پاڵپشتی شۆرشەكانی گەلی كوردستان بوون و لەمێژووی كوردایەتیدا لاپەرەی رەنگین بەخوێنی قوربانیدانتان نەخشاندوە.

 بەرگری و خۆڕاگریتان لەبەرانبەر ‌مەترسیدارترین چەكی كۆكوژی كیمیاوی شكستی بە پیلانی دوژمنان هێنا و ئێوەش سەربەرزانە لە سەر خاكەكەی خۆتان مانەوە.

  ئێمە لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان خزمەتی زیاتری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی و تاقانەكانی جینوساید لەو سنوره و هەموو كوردستان بە ئەركی سەرشانمان دەزانین.

 

كەسوكاری سەبەرزی شەهیدان

 

لە كاتێكدا ئێمە یادی ۳۳ ساڵەی بەركەوتووانی كیمیابارانی ناوچەكەتان دەكەینەوە كوردستان لە قۆناغی خۆپارێزی لە مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنادایە و لەبەر پابەندبوون بە ڕێكار و ڕێنماییە تەندرووستییەكان نەتوانرا وەك ساڵانی  

پێشوو مەراسیمی شایستە بۆ یادی شەهیدەكانمان بكەینەوە، لەگەڵ ئەوەی بۆ هەمیشە یادی شەهیدانمان بەرز ڕادەگرین هەوڵەكانی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەرێگار و شێوازی تر بەردەوامە بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی بەرانبەر گەلی كوردستان كراون  ‌لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بناسرێن .

 

 درود بۆ روحی پاكی شەهیدانی بالیسان و شیخ وەسانان و دوڵی خۆشناوەتی و سەرجەم شەهیدانی كوردستان

 

سەربەرزی بۆ كەسوكاریان

وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان

١٦-٤-٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved