"ئه‌مریكا پێشنیازی كووشتنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانی كردووه‌ بۆ توركیا"

 

 ڕووداو

نووسه‌رێكی ئه‌مریكا رایده‌گه‌یێنێت ئه‌مریكا پێشنیازی كووشتنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانی كردووه‌ بۆ توركیا. پێشوایه‌ ئه‌مریكا له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ى كورد شكستیهێناوه‌.

كێڤن مككایرنان، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و فلیمسازی ئه‌مریكی كه‌ تاوه‌كو ئێستا فیلمێكی له‌باره‌ی كورده‌وه‌ به‌رهه‌مهێناوه‌ به‌ناوی " كورده‌ باشه‌كان، كورده‌ خراپه‌كان". ئه‌و كتێبێكیشی له‌سه‌ر كێشه‌ی كورد نوسیووه‌ به‌ناوی " كورده‌كان: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ وێڵن به‌دوای نیشتیمانیاندا".

له‌ وتارێكیدا به‌ناوی ( فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كان وه‌ڵامی نین بۆ پرِسیاری كورد) كه‌ بۆ رۆژنامه‌ی (Huffington Post)ی ئه‌مریكی نووسیووه‌, به‌ پێویستی ده‌زانێت ئه‌مریكا تێڕوانینی خۆی بگۆرێت به‌رامبه‌ر به‌ كورد. كێڤن مككایرنان ده‌ڵێ "چاره‌سه‌ری سه‌ربازی" ئه‌مریكا بۆ كێشه‌ى كورد شكستی هێناوه‌، به‌ڵام هێشتا ده‌رفه‌تیان ماوه‌ تاوه‌كو به‌شێوه‌یه‌كی دیپلۆماتی چاره‌سه‌ری بكه‌ن.

نووسه‌ر له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا ده‌ڵێت " رۆڵی ئه‌مریكا له‌ وه‌ستاندنی راپه‌ڕینی كورد له‌ توركیا به‌ته‌واوی نازاندرێت، به‌ڵام چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئه‌مریكا پێشنیازی كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی هاوكاری توركیا بكات له‌باِره‌ی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی PKK ، ئه‌وه‌یش له‌ رێگه‌ی كوشتنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و به‌كارهێنانی هه‌مان ئه‌و ته‌كنیكانه‌ی كه‌ له‌ كوشتنی ئوسامه‌ بن لادن، سه‌رۆكی رێكخراوی قاعیده‌ به‌كاری هێنابوون".

له‌باره‌ی هاریكاری كردنی توركیا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ ,كێڤن نووسیویه‌تی" ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ ئه‌مریكا هاریكاری توركیاده‌كات. له‌ ساڵی 1999, له‌سه‌رده‌می ئیداره‌ی بێڵ كلینتن ئه‌مریكا هاریكار بووه‌ له‌ ده‌ستگیركردنی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان. هه‌روه‌ها له‌م دواییانه‌شدا "به‌هۆی هاوكاریكردنی توركیا له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ بێ فڕۆكه‌وانه‌كانی ئه‌مریكاوه‌،35 هاووڵاتی گوند نیشین به‌هۆی زانیاری هه‌ڵه‌ كوژران".

هاوكات كێڤن پێیوایه‌ كه‌ توركیا پێویستی به‌و هاوكاریه‌ی ئه‌مریكا نییه‌. به‌ڵگه‌شی بۆئه‌مه‌ كۆنتڕۆڵكردنی بارودۆخی ئه‌م دوایه‌ی توركیایه‌ بۆ كۆتایی پێهێنانی مانگرتنی زیندانیان.

ئه‌و نووسه‌ره‌ ئه‌مریكییه‌ رایده‌گه‌یێنێت " ئه‌مریكا به‌م ڕه‌فتارانه‌ی ته‌نیا ڕای گشتی 15 ملیۆن كوردی توركیا دژی خۆی به‌كار ده‌هێنێت" . ئه‌و درێژه‌ به‌ وتاره‌كه‌ی ده‌دات و ده‌ڵێت" له‌ سووریا و ئێران خه‌ڵكانێكی زۆر پشتگیری له‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌كه‌ن, له‌وانه‌یه‌ هه‌موو كورده‌كان له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیای ئه‌ودانه‌بن، ته‌نانه‌ت له‌ كوردستانی عێڕاقیش شوێنكه‌ووتوانی ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ هه‌ن".

هه‌روه‌ها له‌ دوادێڕیدا ده‌ڵێت" من به‌ درێژایی ماوه‌ی 21 ساڵ له‌ سه‌ردان كردنی ئه‌م ناوچانه‌ تاوه‌كو ئێستا كوردێكم نه‌دیووه‌ رقی له‌ ئه‌مریكیه‌كان بێت. بۆیه‌ هه‌ركاتێك كورد سكاڵای به‌رزكرده‌وه‌ , پێویسته‌ ئه‌مریكا راسته‌وخۆ دانووسانی له‌گه‌ڵ بكات ". هه‌روه‌ها به‌ پێویستی ده‌زانێت "ئیداره‌ی باراك ئۆباما تێڕوانینی خۆی به‌رامبه‌ر به‌كورد بگۆڕێت".

ئاری ره‌سوڵ



Qadirzada.com © 2009. All rights reserved