دوای باکوری سوریا، تورکیا ئامادەیە بۆ داگیرکردنی باکوری عێراق؟

 

 

 

 

پسپۆڕێکی کاروباری تورکیا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هۆشداری دەدات لە داگیرکاریی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورک و پێیوایە دوای ڕۆژئاوا، ئەردۆغان چاوی لەسەر باشورە.

 

حوسنی مەحەلی، توێژەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و پسپۆڕی کاروباری تورکیا لە وتارێکدا کە لە ماڵپەڕی مەیادین کە بەریتانیا پاڵپشتیی دەکات بڵاویکردووتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کە واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی دەیانەوێت بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندای خۆیان، هاوکاریی واقیعی ئێستای عێراق بکەن بۆ بێزارکردنی ئێران و توندکردنەوەی فشارەکان بۆسەری، لەو چوارچێوەیەشدا ئەنقەرە سوود لەو بارودۆخە وەردەگرێت.

 

لە بەشێکی وتارەکەیدا حوسنی محەلی، دەڵێت: دوور لە بانگەشە میدیاییەکانی جیهان لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، باشوری کوردستان خۆی دەبینێتەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاسمانی تورکی و بەئامانج گرتنی بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە چیای قەندیل و خۆی ئامادە دەکات بۆ هێرشێکی زەمینی بە هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش لەنێوان سوپای تورکیا و هێزی پێشمەرگەی سەر بە پارتی دیموکرات بە ڕێبەرایەتی مەسعود بارزانی.

 

دەشڵێت: تورکیا هەوڵەکانی بەردەوام بووە بۆ لەشکرکێشی و هێنانی سوپاکەی بۆ ناو باشوری کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا لەساڵی ٢٠٠٧، ٢٧ ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆسەر باشور ئەنجامداوە، ئەوەش لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی نێوان ئەنقەرە و بەغدا کە لە ساڵی ١٩٨٧ بۆ هاتنە ناوەوەی بۆ ناو خاکی عێراق بە درێژی ٢٠ کیلۆمەتر واژۆی کردووە.

 

حوسنی محەلی، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا نوسیویەتی: لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا ئەنقەرە سوودی لەو ڕێککەوتنانە وەرگرتووە و بە گوێرەی بەڵگەکان، ئەردۆغان، خواستیەتی نەخشەی تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٠ کە تیایدا ئیدلب و حەلەب و ڕەقا و ویلایەتی موسڵ کە سلێمانی و هەولێر و کەرکوکیش دەگرێتەوە، سەر بە تورکیان، بەڵام ساڵی ١٩٢٦ ئەم نەخشەیە بەدەستی ئینگلیز گۆڕاوە و خراوەتە سەر عێراق.

 

ئەو نوسەرە هەروەها دەڵێت: ساڵی ٢٠١٥ لەسەر ڕەزامەندی عێراق، لەشکرکێشی تورکیا بۆسەر خاکی باشوری کوردستان دەستیپێکرد و لە بەعشیقە، ڕۆژهەڵاتی موسڵ جێگیر بوون، بە پاساوی پارێزگاری لە کوردەکان لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام مەبەستەکەی تورکیا لە باشوور بۆ ئامانجی زیاتر پەرەی سەند بەتایبەت لەگەڵ بوونی بۆشایی ئەمنی لەناوچەکە.

 

لە درێژەشدا نوسیویەتی: تورکیا یەکێکە لە سودمەندانی دۆخی ئێستای عێراق بەتایبەت لەگەڵ بەردەوامی هەبوونی ئەمریکا و هەموو ئەنجامێکی مەترسیداری هاوکێشە سیاسی و ئەمنییەکان لەناوخۆی وڵات بەتایبەت دوای کوشتنی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە سەرەتای ئەمساڵ بەدەستی ئەمریکا.

 

پەنابردنی بارزانی بۆ تورکیا و بەدەستهێنانی پاڵپشتی سوپاکەی لە دژی پەکەکە لە چیای قەندیل، بۆ ئەو کێبڕکێ مێژووییە دەگەڕێتەوە کە لەگەڵ جەلال تاڵەبانی هەیبووە و ئێستاش بارزانی دەیەوێت لەڕێگەی کوڕەکەی تاڵەبانییەوە ڕێگە بۆ تورکیا خۆش بکات کە بەهەموو پێودانگێک ئەردۆغان سوودی ماددی و مەعنەوی بەدەستدەهێنێت.

 

  • سەرچاوە/ڕۆژنیوز

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved