لێدانی پەكەكە بەرانبەر بەنەوت

ئاشكرابوونی ڕێككەوتنێكی نهێنی نێوان عێراق‌و توركیا دژی پەكەكە

 

بۆ هێرشكردنەسەر پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لەسنووری شنگال عێراق‌و توركیا ڕێكەوتوون، كە ڕاكێشانی بۆرییەكی هەناردەی نەوت‌و كشانەوەی سوپای توركیا لەبەعشیقە پرسەكەی یەكلاییكردووەتەوە.

 

گەڕانەوەی مەولود چاوشئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی توركیا لەبەغداوە بۆ ئەنقەرە بۆ ئەو وڵاتە دڵخۆشكەر بوو، كە لەیەكەم لێدوانیدا لە‌پاش گەڕانەوەی وتی: ״لەگەڵ حكومەتی عێراقی لەگفتوگۆداین بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەش لە‌دژی چەكدارانی پەكەكە لەسنووری قەزای شنگال״.

 

ئەو لێدوانە هەر لە‌خۆڕا نەبووە، كە بە‌پێی بەدواداچوونەكانی هەفتەنامەی ״ئاژانس״، كە ئەمڕۆ چوار شەممە لەراپۆرتێكدا بڵاویكردووەتەوە، "لەبەغداوە ڕێككەوتن لەسەر ئەو پرسە كراوە".

 

لە‌سنووری شنگال چەند یەكەیەكی پەكەكە‌و نزیك لەو هێزە بوونی هەیە، كە لە‌كاتی هێرشی گرووپی داعش بۆ سەر شارەكە ئێزدییەكانیان پاراست‌و تا ئێستاش لەوێ ماون.

 

حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی عێراق هاوسۆزی ئەو ویستەی ئەنقەرە بوو كاتێك لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی كوەیتی وتی: ״توركەكان مەترسییان هەیە لەبوونی پەكەكە لەسنوورەكانمانداو ڕێشیان پێنادەین، كە خاكی ئێمە بۆ هێرشكردن بەكار بهێنن״.

 

لە‌ماوەی ڕابردوودا چەندین جار توركیا داوای لەحكومەتی عێراقی كردووە، كە پەكەكە لەسنوورەكانیدا دەربكات ‌و زۆرترین بوونیان لە‌سنووری ئیداریی هەرێمی كوردستانە، بەڵام بوونی پەكەكە لەشنگال ئەوەندەی تر توركیای ترساندووە بەتایبەت، كە پاڵپشتییە بۆ ڕۆژئاوای كوردستان‌و هاوسنوورییەتی‌و لەنزیك بەعشیقەش سەربازگەی توركیای لێیە، كە لە‌سنووری هەمان پارێزگایە،  ‌(نەینەوا).

 

جاسم بەیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق‌و نزیك لەعەبادی ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە، كە عێراق بەشداری پێدەكرێت لەئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەشدا دژ بەپەكەكەو بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״حكومەتی عێراقی لەگەڵ حكومەتی توركیا ڕێككەوتووە لەسەر دەركردنی پەكەكە لەشنگال‌و ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ سوریا‌و ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەش لەبەهاری ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت״.

 

جاسم بەیاتی بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئەو ڕێككەوتنە لە ‌پاش ئەوە هات ،كە توركیا قایل بووە ژمارەیەك ئەندامی داعش ڕادەستی بەغدا بكاتەوە، كە لە ‌لایەن دادگاكانی عێراقەوە داواكراو بوون‌و لەتوركیا خۆیان حەشار دابوو״.

 

بە ‌وتەی ئەو پەرلەمانتارە لەنێو ڕێككەوتنەكەشدا ئەوە هەیە، كە عێراق هێڵێكی هەناردەی نوێی نەوت لەڕێگەی موسڵەوە ڕابكێشێت بۆ توركیا بێ ئەوەی بەسنووری هەرێمی كوردستاندا تێپەڕ بێت‌و ئەو هێزە سەربازییەی توركیاش، كە لە بەعشیقەیە بكێشرێتەوە بۆ ناو سنووری توركیا.

 

بە‌پێی زانیارییەكان رێككەوتنەكە لە‌پاش چەندین سەردان‌و پەیوەندیی نێوان توركیا و عێراق بووە، كە سەردانی شاندی دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) بۆ كەركوك لەناوەڕاستی ئەم مانگەشدا بەشێك بووە لەو پڕۆسەیە.

 

ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی بە ״ئاژانس״ی وت: ״بوونی پەكەكە لەسنووری شنگال ‌و ناوچە سنوورییەكانی نێوان عێراق و سوریا مەترسییە بۆ سەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی و سیاسیی توركمان״.

 

ناوبراو وتیشی: ״چەندین جار سكاڵامان كردووە بۆ ئەمەریكاو لایەنەكانی تر لە بارەی بوونی پەكەكە لە سنووری عێراقداو دەستپێكردنی ئەو ئۆپراسیۆنەش لە دژیان كاتییەتی״.

 

لە‌ساڵی ڕابردوودا بۆ یەكەمجار سوپای توركیا چەند پێگەیەكی یەكینەكانی پاراستنی شنگالیان لەو سنوورە بۆردوومان كرد بەبیانووی بوونی چەكدارانی پەكەكە، كە بە هۆیەوە ژمارەیەك پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانیش شەهید بوون.

 

هەوڵی ئێستای توركیاش بۆ ڕێگری لەبوونی پەكەكە لە سنووری شنگال بۆ بێهێزكردنی ڕۆژئاوای كوردستانە، كە لەئێستادا بەر هێرشێكی توندی سوپای توركیاو ئەو گرووپە چەكدارانە بوونەتەوە، كە لایە‌ن ئەنقەرەوە پاڵشتی دەكرێن.

 

هاوكات عەگید باران فەرماندەی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) جەخت لەوە دەكاتەوە، دركیان بەوە كردووە، كە توركیا دەیەوێت عێراق لەشەڕێكی نوێوە بگلێنێت بۆ ״ئاژانس״ وتی: ״داوا لەعێراق دەكەین نەكەوێتە داوی تەڵەكانی توركیاوە״.

 

وتیشی: ״شنگال هێزەكانی یەپەشە دەیپارێزێت، ئەوانیش پەیوەندییان لەگەڵ عێراق هەیە، بۆیە هیچ هۆكارێك نییە وا لەحكومەتی عێراق بكات هێرش بكاتە سەر شنگال״.

 

ئەو ڕێككەوتنەی نێوان توركیاو عێراق مەترسی لەلای لایەنە پەیوەندیدارەكان درووست كردەوە لەوەی، كە دۆخەكە لەبار نییە بۆ هەنگاوێكی لەو جۆرە.

 

سەباح ساعیدی ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ״ئاژانس״ی وت: ״كاتی ئەو ئۆپراسیۆنە نییە‌و ترسی ئەوەمان هەیە، كە عێراق لە شەڕێكەوە بگلێندرێت، كە لە‌بنەڕەتدا هیی خۆی نییە״.

 

سەرچاوە: شارپرێس

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved