سعودییە بۆ پێكهێنانی سوپایەكی كوردی ٥٢٠ ملیۆن دۆلار خەرجدەكات

 

 

سەرچاوە توركییەكان باس و خواسی ئەوە دەكەن، كە پلانێك هەیە بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان،، ئاماژەشیان بەو ڕۆڵە شاراوە داوە، كە شانشینی عەرەبستانی سعودی لەو بوارەدا دەیگێڕێت.

 

بە گوێرەی ڕۆژنامەی "خەبەر تورك"، پلانەكە لە بنەچەدا پلانێكی ئەمریكییە و ئامانجی ئەوەیە بەرگێكی نێودەوڵەتی بە بەر ئەو پڕۆسەیە و یەكینەكانی پاراستنی گەدا بكات، باسی ئەوەشی كردووە، بەرپرسە ئەمریكییەكان لەگەڵ نوێنەرە سیاسییەكانی‌ كوردەكانی دەرەوەی سوریا (بە تایبەتیش ئەنەكەسە) كۆبوونەتەوە، تا هێزە كوردییەكان لە یەك دامەزراوەی تازەدا ڕێكبخەنەوە، كە گەرەكییانە ئەنەكەسە لە هاوبەندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بێننەدەرەوەو لەگەڵ (پەیەدە)‌دا تێكەڵیان بكەن‌.

 

پێشنیازەكە ئامانجی پێكهێنانی سوپایەكە، كە پەیەدە و ئەنەكەسە لەخۆ بگرێت، كە واشنتۆن ئەو نیازەی خۆی بەهەردوولا راگەیاندووە.

 

بەپێی سەرچاوەكان، سعودییە پڕۆژەكە پارەدار دەكات، پڕۆژە تازە سەربازییەكە 520 ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و سێ ساڵیش دەخایەنێت، ئەمە جگە لە 200 ملیۆن دۆلاری دیكە بۆ كۆمەڵێك خەرجی دیكە.

 

ئامانجی ڕیاز چییە؟

ڕیاز بەگرتنەئەستۆی خەرجی ئەو پڕۆژەیە 3 ئامانج دەپێكێت: كە ئەوانیش بریتین:

بەشداری كارا لە دروستكردنی هەڕەشەیەكی ڕاستەقینە بۆسەر بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەنقەرە لە ناوچەكە، چونكە توركیا یەپەگە بەمەترسی دەزانی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بەو پێیەی پەیڕەووی لەئەجێندا جوداخوازییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكات.

 

ئەمەیان كارتێكی بەهێزی دەستی ڕیازە لەو ململانێ هەرێمییە توندەی لەگەڵ ئەنقەرە هەیەتی لە ناوچەكەدا، كە گۆڕەپانەكەی هەردوو جیهانی عەرەبی و ئیسلامییە.

 

ئەو ناكۆكییانەی نێوان ڕیاز و ئەنقەرە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی لەمەوپێش، بە تایبەتیش لە دیدگای جیاوازیان بۆ شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی، دوو ڕووداوی سەرەكیش گەشەیان بەو ململانێیەدا، یەكێكیان تۆمەتەكانی ئەنقەرە بۆ ڕیاز و ئەبوزەبی، كە دەستیان لە هەڵگەڕانەوە سەربازییە شكستخواردووەكەی ساڵی ٢٠١٦ ی توركیادا هەبووە دژ بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا، ئەوی دیكەیان تیرۆركردنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووس بوو لەسەر دەستی سیخوڕە حكومییەكانی كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەمبوڵ لە ساڵی ٢٠١٨.

 

پشتیوانیكردنی ڕیاز لەو پڕۆژەیە،‌ مسۆگەركردنی شوێنپێیەكی دیكەی تازەیە بۆ هەژموونی خۆی لە سوریای تازەی‌ دوای جەنگ، چونكە پێنوێن هەن باس لەوە دەكەن ئەمریكی و ئەوروپییەكان ئارەزووی ئەوە دەكەن سەربەخۆییەكی تەواو یان بەشەكی (جوزئی)  بۆ كوردەكانی سوریا فەراهەم بكەن، بە تایبەتیش لە ئێستادا ناكۆكی كەوتووەتە نێوان ڕیزەكانی ڕژێمەكەی بەشار ئەسەدەوە، ڕوسیاش بە پشتیوانی كوێرانەی خۆیدا دەچێتەوە لەدەستگرتن بە حوكمڕانی بەشار ئەسەد لە سوریا.

 

بەشداری سعودییە لەو پڕۆژە كوردییەدا برەودانە بە پەیوەندییەكانی ڕیاز لەگەڵ ئەمریكا، گرتنی ئەو كون و كەلەبەرانەیە، كە بە هۆی تەنگژەی دابەزینی نرخی نەوت تووشی پەیوەندییەكانی هەردوو وڵات بوو، لە ئاكامیشدا زیانێكی گەورەی بەكەرتی نەوتی (بەردە نەوت) ئەمریكا گەیاند و واشنتۆنیش لە مەیاندا پەنجەی تۆمەتی ئاراستەی ڕیاز كردووە.

 

پارەداركردنی ئەو پڕۆژەیە لە لایەن سعودیەوە واتای ئەوەیە، كە ڕیاز ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج دەكات،‌ ئەگەر ڕیازیش نەچوونانە ژێرباری ئەو پرۆژەوە، دەبوو ئەمریكا پارەداری كردایە، ئەمەش‌ جێگەی گرنگیپێدانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكایە، كە بە ئەقڵیەتی بزنسمانێك سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەڕێوەدەبات.

 

سەرەتای پەیوەندییەكانی ڕیاز و كوردەكانی سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٥، بە تایبەتیش لە دوای دەركەوتنی  محەمەد بن سەلمانی میراتگری شانشینەكە، كە لە ماوەی دوو ساڵدا بووە میراتگر و فەرمانڕەوای ڕاستەقینەی سعودیە.

 

ڕۆڵی عشقی و سوبهان چییە؟

لەو ماوەیەدا سعودییە و ئیمارات هاوپەیمانییەكی ستراتیژیان دژ بە توركیا و ئێران پێكهێنا، بەمەش كوردەكان بوونە كارتێكی گرنگ لەو ململانێیەدا، كە گەیشتە لێواری شەڕێكی ساردی نێوانیان.

 

لیوا ئەنوەر ماجد عشقی نزیك لە ناوەندەكانی حوكمڕانی سعودییە، لە ساڵی ٢٠١٥ لە بەردەم ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكان لە واشنتۆن وتارێكی پێشكەش كرد و وتی: كاركردن بۆ پێكهێنانی كوردستانی گەورە بە ڕیبازێكی ئاشتییانە، چڵێسی و بەرزەفڕییەكانی ئەنقەرە و تاران لە عێراقدا كەمدەكاتەوە، چونكە ئەمە سێیەكی خاكی هەر وڵاتێكیان دادەبڕێت و دەبنە بەشێك لە خاكی كوردستانی گەورە.

 

لە ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ سامر سوهبان – ی وەزیری كاروباری كەنداوی عەرەبی سەردانی ناوچەی سەرێكانی كرد لەشاری ڕەقەی سوریا، كە لەبن دەستی هێزەكانی سوریای دیموكراتدا بوو، لەوێ بەرپرسە ئەمریكییەكانی بینی، زۆرێك لە چاودێران پێیان وابوو ئەم جوڵەیە پەیوەستە بە پشتیوانی توندوتۆڵی ڕیاز بۆ كوردەكان.

 

كاتێكیش ئەو دۆسییەیە زیاتر گەرموگوڕ بوو، كە مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان لە سێبتێمبەری ٢٠١٧، داوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی كرد، بە نهێنی سعودییە پشتیوانی ڕیفراندۆم بوو، هەروەك ڕۆ‌ژنامەی تایمزی بەریتانی باسی لێوە كردووە، ئەمەش‌ زەنگێكی مەترسیدار بوو بۆ ئەنقەرە و بەغدا و عێراق، بە تایبەتیش بۆ ئاسایشی نەتەوەیی توركیا، ئاماژەیەكش بوو، كە سیاسەتەكانی ڕیاز بوونە هەڕەشەیەكی مەترسیدار بۆ سەر ئەو سێ دەوڵەتە.

 

لە ئایاری ٢٠١٨ ، لە بنكەی سەربازی "خەراب عشق" ی باشوری شاری كۆبانی لە باكووری سوریا، سێ ڕاوێژكاری سەربازی سعودی لەگەڵ بەرپرسانی پەیەدە و پەكەكە كۆبوونەوە، سەرچاوە هەواڵییەكانی كەناڵی ئاسمانی جەزیرە جەختیان لەوە كردەوە، كە بەرپرسە سەبازییە ئیماراتییەكانیش بەشداری ئەو كۆبوونەوە بوون، كە ئامانجی دامەزراندنی چەند یەكەیەكی سەربازی كوردی بوو لە ناوچەكە و‌ هەر ئەندامێكی ئەو هێزەش 200 دۆلاری مانگانەی پێ بدرێت.

 

ڕۆژنامەی “Nizavisimaya” ی ڕوسیش جەختی لەوە كردەوە، كە بەڵگەكانی تێوەگلانی سعودییە و ئیمارات لە پشتیوانیكردنی ئەو پڕۆژەیە لە باكووری سوریا ڕوون و ئاشكران، هەر لەو چوارچێوەیەدا و لە بن سێبەری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، ئەبوزەبی كوردەكانی سوریای چەكدار كردووە.

 

بۆیە لە نیسانی ٢٠١٨، ئیبراهیم قەڕاغول وتارێكی لە ڕۆژنامەی "یەنی شەفەق" بڵاوكردەوە، كە هەر خۆشی سەرنووسەریەتی، تێیدا هۆشداریداوە لە پلانێكی ڕۆژئاوای بۆ پشتیوانیكردن لە كوردەكانی باكووری سوریا لەگۆڕێیە و لەوانەشە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێكی "عەرەبی- توركی".

 

پێكهێنانی هێزەكە و ڕاهێنانیان

لەو چوارچێوەیەدا دەكرێت بڵێین، كە "پڕۆژەی سوپایەكی كوردی یەكگرتوو لە سوریا" دەچێتە خانەی كۆششەكانی ئەمریكا و سعودیە بۆ ڕێكخستنەوەی كوردەكانی سوریا.

 

وا بڕیارە هێزە تازەكە لە ١٠ هەزار جەنگاوەر پێكبێت، ٥ تیمی كۆماندۆس و یەكەیەكی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە خۆ بگرێت، سەركردایەتییەكەشی بەدەست "فەرحان عەبدی شاهین" ەوە بێت كە فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكراتە و بە مەزڵوم كۆبانی ناسراوە.

 

هەر بە گوێرەی سەرچاوە توركییەكان، لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا و پنتاگۆن پلانی ئەوەیان هەیە ڕاهێنان بە ٤ هەزار لە باشترین جەنگاوەرە كوردەكان بكەن و دواتریش بیانخەنەپال سوپا یەكگرتووە كوردییەكەوە، ئەمەش‌ بەوە ئاشكرا بوو كە سەرباری كشانەوە بەشێكی هێزەكانی ئەمریكا لە باكوری سوریا، كەچی گریبەستی جەنگاوەرەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات تازەكرانەوە.

 

ئەم هەنگاوە بۆ بەرگرتنیشە لە بەرەنگاربوونەوەی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) تاوەكو‌ دووبارە دەست بەسەر ناوچەكەدا نەگرێتەوە.

 

هەر بە گوێرەی سەرچاوە توركییەكان، ئەو جەنگاوەرە كوردانەی پێشتر لە ڕەقە و منبج و كۆبانێ ڕاهێنانیان پێكراوە،  بانگێهێشتی ناو هێزە تازەكە دەكرێن، تاوەكو ببنە هێزیكی یارمەتیدەری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە حەسەكە و دێرزور، وە ببنە كاكڵە و ناوئاخنی سوپایەكی كوردی یەكگرتوو كە ئەمریكییەكان ڕاهێنانی پێدەكەن و سعودیەكانیش  پارەداری دەكەن.

 

سەرچاوە: شارپرێس- سۆشاڵ

نووسەر: فەرید ڕامی

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved