شه‌ڕی عه‌ره‌بی و فارسی له‌ ژێر زه‌وییه‌وه‌ دێته‌ سه‌رزه‌وی؟

 

  محه‌مه‌د حه‌سه‌ن

 

ماوه‌یه‌كه‌ به‌ هۆی جوڵه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كانی هه‌ر دوو پلێتی فارسی وعه‌ره‌بی زه‌وی، چه‌ندین بومه‌له‌رزه‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانی نێوان ئێران و عێراقیان گرتوه‌ته‌، كه‌ به‌هێزترینیان بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ١٢ ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ بوو كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ سه‌دان كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا، له‌سه‌ر زه‌ویش تاران و ریاز شیر و تیر له‌ یه‌ك ده‌سون و زیاتر له‌ هه‌ركات باس له‌ ئه‌گه‌ری دروستبوونی شه‌ڕ له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ ده‌كرێت.

به‌هۆی جێگیرنه‌بوونی هه‌ردوو پلێتی - فارسی‌و عه‌ره‌بی له‌ دوای به‌ریه‌كه‌وتنیان له‌سه‌رده‌مه‌ جێولۆجیه‌كانی رابردوه‌وه‌ له‌ زنجیره‌ چیاكانی زاگرۆس‌و تۆرۆس-دا كه‌ تائێستاش سه‌قامگیر نه‌بوون‌و ناو به‌ناو دیارده‌ی جوڵه‌ی زه‌وی یان بومه‌له‌رزه‌ له‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری هێڵی به‌یه‌كگه‌یشتنی ئه‌و دوو پلێته‌ روده‌ده‌ن، كه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ناو خاكی كوردستانه‌وه‌.

 

هه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌م پێشهاتانه‌ی ژێر زه‌وی، كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی و له‌سه‌ر خاكی كوردستان كاولكاریه‌كی زۆری لێكه‌وته‌وه‌، دوو ده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه‌ به‌ ناسنامه‌ی عه‌ره‌بی و فارسیه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌ گرژه‌كانی چه‌ند ساڵی رابردوویان گه‌یشتوه‌ته‌ ئاڵۆزترین دۆخ و مانگی تشرینی دووه‌م، دوو بومه‌له‌رزه‌ش گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌ژاند، سه‌ره‌داوی هه‌ردووكیشیان ده‌گه‌نه‌وه‌ تاران و ریاز.

 

رۆژی ٤ ی تشرینی دووه‌م سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیرانی لوبنان له‌ سعودیه‌وه‌ ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه‌ و یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌و بڕیاره‌شی بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی تاران له‌ كاروباری لوبنان گه‌ڕانده‌وه‌، هه‌ر زوو حكومه‌تی ئێران ئه‌و پێشهاته‌ی به‌ سیناریۆیه‌كی نوێی ئیسرائیل و سعودیه‌ بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخی لوبنان و ناوچه‌كه‌ لێكدایه‌وه‌.

 

دوو رۆژ دواتر سعودیه‌ رایگه‌یاند، حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن، كه‌ تاران به‌ پشتیوانی كردن لێیان تۆمه‌تبار ده‌كرێت، موشه‌كی دوور هاوێژیان ئاراسته‌ی وڵاته‌كه‌ی كردووه‌، هاویشتنی ئه‌و موشه‌كه‌شی به‌ ده‌ستدرێژی ئێران بۆ سه‌ر خاكی سعودی ناوبرد و هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كرد.

تاران و ریاز هه‌ر له‌ دوای شۆڕشی ئیسلامی ١٩٧٩ه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی كه‌متر دۆستانه‌ بووه‌، سعودیه‌ ئێرانی به‌ هه‌وڵدان بۆ هه‌نارده‌كردنی شۆڕٍشی ئیسلامی و ئێرانیه‌كانیش سعودیه‌یان به‌ هاوئاهه‌نگی له‌ گه‌ڵ دوژمانی وڵاته‌كه‌یان و "ئیمپرالیزمی جیهانی" تۆمه‌تبار ده‌كرد.

 

ساڵی ١٩٨٦ سعودیه‌ رایگه‌یاند، له‌ ١٥٠ كیلۆ ته‌مه‌قه‌می به‌ حاجیه‌ ئێرانیه‌كانه‌وه‌ گرتووه‌ و ساڵی دواتر له‌ كاتی خۆپیشاندانی حاجیه‌كانی ئێران، توندوتیژی روویدا و به‌هۆیه‌وه‌ ٢٧٥ حاجی ئێرانی و ٨٥ ئه‌ندامی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی سعودیه‌ و ٤٥ حاجی ولاتانی تر كوژران و ده‌یانی تریش برینداربوون.

 

دوای كۆتاییهاتنی شه‌ڕی ئێران و عێراق و له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسنجانی چه‌ند هه‌وڵێك دران بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی بارگرژیه‌كانی نێوان تاران و ریاز و له‌ دوو خولی سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د خاته‌میش هه‌مان سیاسه‌ت په‌یڕه‌و كرا، ساڵی ٢٠١١ ئه‌مریكا پلانیچكی ئێرانی بۆ تیرۆركردنی عادل جوبه‌یر باڵیۆزی ئه‌و كاتی سعودیه‌ له‌ واشنتۆن تۆمه‌تبار كرد، ئه‌مه‌ش جارێكی تر په‌یوه‌ندیه‌كانی تاران و ریازی به‌ره‌و ئاڵۆزی ئاراسته‌ كرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خه‌زانی به‌سه‌ر  په‌یوه‌ندیه‌ ئارامه‌كانی سعودیه‌ و ئێراندا هێنا به‌هاری عه‌ره‌بی بوو.

 

 به‌حره‌ین یه‌ك له‌و ناوچانه‌ بوو كه‌وته‌ به‌ر شه‌پۆلی گۆڕانكاریه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و شیعه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ راپه‌ڕینیان كرد، به‌ڵام حكومه‌تی مه‌نامه‌ به‌ هاوكاری ریاز توانی به‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌كاندا زاڵ بێت و ئۆباڵی ئه‌و ئاڵۆزیه‌ و هاندانی شیعه‌كانی وڵاته‌كه‌شی خسته‌ ئه‌ستۆی ئێران.

 

له‌ سوریا، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ ئێران بوو، كه‌ به‌رگری له‌ مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ ده‌كرد و سعودیه‌ له‌ پاڵ ئۆپۆزسیۆندا مایه‌وه‌، جوگرافیایه‌كی تری ناكۆیان وڵاتی یه‌مه‌نه‌، كه‌ له‌ ساڵی ٢٠١٤ ه‌وه‌ پایته‌خته‌كه‌ی كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ست حوسیه‌ شیعه‌كان و له‌ ٢٦ ی ئاداری ٢٠١٥ شه‌وه‌، له‌ ژێر ناوی به‌رگری له‌ حكومه‌تی شه‌رعی یه‌مه‌ن، ریاز هاوپه‌یمانیه‌كی عه‌ره‌بی بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی حوسیه‌كان پێكهێناوه‌ و تا ئێستاش شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوانیان به‌رده‌وامن.

 

ساڵی ٢٠١٦ و دوای ئه‌وه‌ی سعودیه‌ نه‌مر باقر نه‌مر، رابه‌ری شیعه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سێداره‌دا، ئه‌و پێشهاته‌ كاردانه‌وه‌ی توندی ئێرانیه‌كانی لێكه‌وته‌وه‌ و باڵیۆزخانه‌ی سعوددیه‌ له‌ تاران كه‌وته‌ به‌ر په‌لاماری خۆپیشانده‌ره‌ توندڕه‌وه‌كان، ئه‌م رووداوه‌ش په‌یوه‌ندیه‌كانی ئه‌و دوو وڵاته‌ی پچڕاند.

 

كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كانی نێوان ئێران و سعودیه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كانیان له‌ لوبنانه‌وه‌ تا یه‌مه‌ن و بزاڤه‌كانی هه‌ردوولا بۆ خۆپڕچه‌ككردن، به‌رمیلی باروتی په‌یوه‌ندیه‌كانیانی به‌ره‌و ئاستی ته‌قینه‌وه‌ بردووه‌، ته‌قینه‌وه‌یه‌ك كه‌ هێنده‌ی چاوه‌ڕوانكراوبوونه‌وه‌كه‌ی، پانتایی و ده‌ره‌نجامه‌كانی دیار نین، ته‌نیا شتێك كه‌ روونه‌، هه‌روه‌ك چۆن به‌ریه‌ك كه‌وتنی پلێته‌كانی عه‌ره‌بی و فارسی، كه‌ دوور له‌ ویست و ده‌ستی مرۆڤه‌كان و كایه‌ و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی رووده‌ده‌ن، كاولكاری به‌دواوه‌ بووه‌، هه‌ر رووبه‌ڕووبونه‌وه‌یه‌كیش له‌ نێوان سعودیه‌ و تاران، وێرانكاری و كوشتاری لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

 

 

نەوا

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved