کۆرۆنا مەترسیدارتر نیە لە ئێوە!

 

 

سۆران عومه‌ر

 

کۆرۆنا توشی بەرزی پلەی گەرمای لەشت دەکات،  باوک و دایکی ئەم کۆموڵگە ڕۆژانە بەھۆی نادادی و ستەمی ئەم حکومەتەوە چەند جار ئارەقت پی دەکاتەوەو پلەی گەرمای لەست بەرز دەکاتەوە تا ئاستی شەرمەزاری کە بەھۆی پێنەدانی موچەوە ناتوانی داوای منداڵەکانت بەجێ بھێنی؟ یان خاوەن ماڵ داوای کرێت لێ دەکات و ئامادە نییە؟

 

کۆرۆنا توشی کۆکەو ئازاری لەشت دەکات، کێ بەھۆی ژینگەی پیسکراوی کارگەو پاشماوەی خۆڵ و خاشاکی شارو شارۆچکەکانەوە ڕۆژانە ھەوای پیس ھەڵنامژێ و ناکۆکێ و توشی شێرپەنجەو چەندین نەخۆشی درێژخایەن بووە بەھۆی سیاسەتی شکست خواردوی ئەم حکومەتەوە؟

 

کۆرۆنا تا ئێستە یەک کەسی کوشتوە، ئەزانن لەو ڕۆژەوەی کۆرۆنا ھاتوە دەیان کەس بە ڕوداوی ھاتوچۆ بەھۆی خراپی جادەکانی ئەم حکومەتەوە گیانی سپاردووە؟

 

ئەزانن بەھۆی سیاسەتی برسیکردنی خەڵک بەدەستی ئەم حکومەتە ھەزاران خانەوادە خۆتان کەرەنتینە کردوە چونکە پارەی میوانداری و پێداویستی ڕۆژانەیان نیە؟

 

ئەزانن ئەم کۆرۆنا خۆپارێزی لێی ئاسانە ئەگەر حکومەتی ھەرێم ئەو ھەموو بارھەڵگرە ئێرانیە داخڵ نەکات لەپێناو بازرگانی خۆیدا؟ بەڵام خۆ پارێزی چۆن بکرێ لەو ھەموو ژەھرەی بەناوی جۆراوجۆرەوە دەرخواردی خەڵک دەدرێ ڕۆژانە!؟

 

کۆرۆنا ھێندەی جگەرەو مەشروبی قاچاخ زیانی نیەو زیانیشی نەداوە، ھێندەی ئەو بازرگانیە مەترسیدار نیە کە بە مادەی ھۆشبەرو دەرمانی خراپ و خۆراکی خراپەوە دەکرێ!

کێ بازرگانی جگەرەو مەشروبی تەزویرەکات؟ کێ خەڵک توشی ڤایرۆسی جگەر دەکات؟ کێ دەرمانی خراپ و ئێکسپایەر دێنێ؟

 

دەزانن کۆرۆنای چین بەڕێگای ئێران یەک کەسی لەھەرێم کوشتووە، بەڵام ڕۆژانە خەڵکی ئێمە بە کاڵای مەترسیداری چین بەئێران و مادەی کیمیاوی بەناوی بەنزینەوە لەئێرانەوە چەند کەسی توشی شێرپەنجە کردوەو کوشتویەتی؟

 

ئەزانن کۆرۆنا لەسەدا دوو دەکوژێ، ئێوە سەدا ٩٨ی میلەتان بەزیندویی کوشتووە! ئایدز چەند دەکوژێ؟ کەلەھەرێم ھەیەو بڵاوە؟ کێ مەلھاو قومارخانەی ھەیە بۆ میلەت؟

 

شێرپەنجە مەترسیدارترە یان کۆرۆنا؟ کۆرۆنا لە خۆراک و دەرمان و ھەوادا نیە بەڵام شێرپەنجەی ھەرێم لەھەواو خۆراک و دەرمان و چارەسەریشدا ھەیە!

 

بەھۆی کۆرۆناوە خەڵک بێ کارو بێ موچە کراوە بۆ چەند ڕۆژێ، بەڵام ٢٨ ساڵە ئەم حکومەتە خەڵک نانبڕاوو بێ کار دەکات!

 

کۆرۆنا زۆری لێ کوشتوین یان سیاسەتی ئێوە کە سەدانی لە ئیجەدا خنکاند؟

کۆرۆنا کەسی بێ سەروشوێن نەکردوە ئێوە سەدانتان ون کردوە گۆڕیشی نیە!

 

بۆیە ئەگەر خەمی خەڵکتانە شەقاموکان باش بکەن تا ھۆکارێکی مردن کەمبێتەوە.

خۆراک و دەرمانی بێ کوالیتی و تەزویر داخڵ مەکەن با شێرپەنجە زیاد نەکات.

ژەھر بەناوی بەنزینەوە داخڵ مەکەن با خەڵک بەھۆیەوە توشی نەخۆشی مەترسیدار نەبێ .

نەخۆشخانەکان چاک بکەن ھەر خەریکی بازرگانی نەخۆشی و دەرمان مەبن.

موچەی خەڵک لەکاتی خۆی بدەن، دەس لە قۆرخکاری ھەڵگرن، ئەو ھەموو پارە چی لێ دەکەن؟ تێر نەبوون؟

 

ئەم باسە کەمکردنەوەی مەترسی کۆرۆنا نیە تا خۆ نەپارێزین، بەڵکو بیرخستنەوەی مەترسیە بەردەوامەکانی ئەم حوکمڕانێتیەیە کە ٢٨ ساڵە  بەردەوامەو میلەتێکی بێ ھیوا کردوە ژیانی لێ سەخت کردووە توشی نەھامەتی کردووە.

 

ئێوە ڤایرۆسێکی خۆماڵی کەم وێنەی مەترسیدارن بۆ ژیانی ھەموو خەڵکی کوردستان و ناوتان حکومەتی ھەرێمە! ھەزارانتان لێ کوشتوین و تا ئێستە چارەسەرتان نیە!

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved