کورتە باسێک سەبارەت به مێژووی زیندان لە ئێران

 

 

شوان مریوان

بە درێژایی مێژوو زیندان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ سزادانی مرۆڤەکان و تێکشکاندنی ئیرادەی تێکۆشان و بەرخۆدان لە پێناو ژیانی ئازاد درووست کراون. بەر لەوەی سیستەمی دەسەڵاتداری دەوڵەتگەرا دابمەزرێ، مرۆڤایەتی هیچ ئاشناییەکی لەگەڵ زیندان و زیندانیکردن دا نەبوو. بە واتایەکی دیکەی لە ژیانی سرووشتی دا مرۆڤەکان زیندانی نەدەکران، تەنانەت ئەگەر مرۆڤێک تاوانێکیشی ئەنجام دابا و بە پێچەوانەی پێوانە ئەخلاقییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی هەڵسووکەوتی کردایە، قەد زیندانی نەدەکرا و گەر سزاش بدرایە، سزاکەی دەرکردن لە کۆموون بۆ ماوەیەک بوو. ئەوەش لە سزا زیاتر وەکوو تەدبیرێک بۆ پەیرەوکردنی بنەما ئەخلاقییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی بوو.

 

لە دوای دامەزراندنی دەوڵەت و بونیادنانی سیستەمی دەسەڵاتداری، ئەوانەی بە پێچەوانەی ویست و داخوازی پاشا – خوداوەندەکان هەڵسووکەوتیان دەکرد و سەریان لە بەرانبەر فەرمانەکانی ئەوان دانەدەنەواند بە قورسترین شێوە سزا دەدران. لە یاساکانی “حەموورابی” پاشای بابل کە وەکوو کۆنترین یاسا دەناسرێن، بە هیچ شێوەیەکی باس لە سزای زیندانیکردن ناکرێت. لەو سەردەمانەدا “پاشا- خوداوەندەکان” بۆ چاوترسێنکردنی خەڵکی بە هیچ شێوەیەک لە کوشتنی مرۆڤەکان سڵیان نەکردووتەوە و هەموو بەرنگاربوونەوە و سەرپێچیکردنێک لە فرمانەکانی شا-خودا مردنی بەداوە بوو.

 

لە مێژووی ئێرانیش دا هەتا سەردەمی ساسانییەکان هیچ شوێنەوارێک کە مرۆڤ وەک زیندان باسی بکات بوونی نییە. هەندێ سەرچاوەی مێژوویی باس لەوە دەکەن، لە دوای دامەزراندنی دەسەڵاتداری هەخامەنشی لە ئێران، پاشاکان هەموو کاتێک لە قەڵاکانیان دا زیندانی تایبەتیان هەبووە کە دژبەرانی خۆیانیان لەو زیندانانەدا بە وەحشیانەترین شێوە لەناو بردووە. زیندانیکردن وەکو سزادانێک چاوی لێ‌نەکراوە، بەڵکو کەرەستەیەک بووە کە بە بێ دەنگی کەسانی ناسراوە کە مەترسییان بۆ “شا” و دەسەڵاتدارییەکەی هەبووە، لەوێدا تەریک بخرێنەوە و لەگەڵ ئەوەی لە بیر دەچوونەوە، لە بێدەنگی دا لە نێو دەبران. پاشاکانی ئێران بە شوێنی لە ناوبردنی نەیارانی خۆیان، “قەڵای لە بیرکرانیان” گووتوە. لە ڕۆژهەڵاتی شاری “شوشتەر”ی پارێزگای ئەحواز، ئاسەواری یەکێک لەو شوێنانە هەیە کە وەکو “قەڵا لەبیرکراوان” ناودێریان کردبوو. خاڵێکی سەرنج ڕاکێش ئەوەیە، کەسانێ کە لەو شوێنانەدا زیندانی دەکران، کەس بۆی نەبوو ناویان بە سەر زمان دا بێنێ، ئەگینا ئەویش بە تووندترین شێوە سزا دەدرا.

 

لە سەردەمی ساسانییەکان دا، کاتێ “شا قوباد” ئایینی مەزدەکی پەسەند کرد و لە ئایینی ڕەسمی ئەو کاتەی دەسەڵاتداری خوسرەوانی ئێرانی دەرکەوت، لە لایەن کەسانی نێو دەربارەوە، لە”قەڵای لە بیرکراوان ” دا زیندانی کراوە و ئیدی هیچ کەسێک نازانێ چی بە سەر هات.

 

لە دوای هاتنی ئیسلامی بۆ ئێران ، سەرجەم دەسەڵاتدارییەکان هەر یەک بە شێوازی خۆی گۆڕانکاری بە سەر “قەڵای لە بیرکردن” دا هێناوە و پەرەیان پێداوە. بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتدارییەکانی دوای هاتنی ئیسلام هەتا دەسەڵاتداریی سەفەوییەکان، بەڵگەیەکی ئەوتۆ سەبارەت بە زیندان، یان “قەڵای لە بیرکراوان” لە بەر دەست دا نییە. بەڵام لەگەڵ هاتنە سەرکاری پاشاکانی سەفەوی، سەرجەم ئێران وەکوو “قەڵایەکی لە بیرکردن” یان زینداێکی مەزنی لێهات. زوڵم و زۆرداری شاکانی “سەفەوی” تەنیا لەگەڵ سەردەمی دەسەڵاتداری “هەخامەنشییەکان و ساسانییەکان” بەراوەرد دەکرێ. تەنیا لەو سەردەمانەدا گەلانی ئێران هێندە زوڵم و زۆر و چەوسانەوەیان بە خۆیانەوە بینی بوو. سەرچاوە مێژووییەکان باس لەوە دەکەن، لە سەردەمی “دەسەڵاتداری خوسرەوانی سەفەوییەکان” ئیدی زیندان بە ئامانجی سیاسی درووست کراوە. یانێ لەو سەردەمەدا شاکانی سەفەوی کەسانی سیاسی و دژبەرانی خۆیان لە زیندانەکان دا بە وەحشیانەترین شێوەی لە ناو بردووە.

 

لە سەردەمی دەسەڵاتداری قاجارەکان لە ئێران، زیندانی و ئەشکەنجە کردنی مرۆڤەکان هیچ سنوورێک ناناسێ. دەسەڵاتدارانی ئێران بە دژوارترین شێوەکانی وەکوو، تواندنەوەی  قورقوشم لە زاری گیراوان، ئەشکەنجەدان بە سەگ و لە مەنجەنیق دانی مرۆڤەکان، بە شێوەیەکی وەحشیانەی ئەشکەنجەی گیراوانیان دەدا. لە کۆتاییەکانی سەردەمی قاجارەکان دا هەوڵ درا کە یاسایی کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجە و ڕێکخستنەوەی زیندانەکان پەسەند بکرێ، کە ئەویش هەوڵدانێکی نەزۆک بوو و ئێستاشی لەگەڵ بێ، ئیران یەکێک لەو دەوڵەتانەیە کە بە وەحشیانەترین شێوە ئەشکەنجەی مرۆڤەکان دەکات.

 

لە مێژووی هاوچەرخی ئێران‌دا، کۆنترین زیندان کە بە شێوەیەکی ڕەسمی بە مەبەستی دەسبەسەرکردن و ڕاگرتنی گیراوان درووستکراوە، ناوی زیندانی ” ئەنبار شاهی” بوو کە لە کۆتایی دەسەڵاتداری قاجارەکان لە تاران درووستکرا و لە لایەن کەسێکەوە کە پێدەگووترا “ڕەئیس  تەشریفات” بەڕێوە دەبرا. لەو سەردەمەدا گیراوان ڕووبەڕووی مامەڵەی سەرەڕۆیانە دەبوونەوە و هێندە برسیەتیان دەکێشا کە گیانیان لەدەستدا. زۆر جاران خەڵکی لە سەر ناوی “نەزری” خواردنیان لە کونی دیواری زیندانەوە بۆ گیراوان فڕە دەدا.

 

لە ساڵی ١٢٩٢ هەتاویی بەرانبەر لەگەڵ ١٩١٤ زاینی، دەوڵەتی ئێران ژمارەیەک موستشار سویدی بۆ ڕێکخستنی “ئاسایش” کە ئەو کاتە پێیان دەگووت “نەزمییە” بانگهێشت کرد. ئەو موستشارانە سەرەتا  پەیرەوی ناوخۆی زیندانەکانیان ئامادە کرد و لە ساڵی ١٢٩٨ واتا ١٩٢٠ لە لایەن کابینەی دەوڵەتەوە دەقە پێشنیارکراوەکەیان پەسەند کرا. بەو شێوەیە بناخەی دامودەزگای زیندان و دەسبەسەکردنی گیراوان بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئێران‌دا ڕەسمیەتی وەرگرت. بە پێی ئەو پەیرەوە ناوخۆییەی کە ئامادەکرابوو، زەنجیرکردنی گیراوان و زەجردانی جەستەیی قەدەغەکرابوو. قەدەغەکردنەکەش هەر لە ڕواڵەت و لە سەر کاغەز مایەوە و نە ئەو کاتە و ئە ئێستاش قەد ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیان لە ئێران کۆتایی پێ‌نەهاتووە و هەر درێژەی هەیە.

 

لە ساڵی ١٣٠٨ هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ ١٩٢٩ بۆ یەکەمین جار زیندانێكی تایبەت بە ژنان لە ئێران درووست کرا. ئەو زنیدانەش ناوی “زیندانی قەسر” بوو کە ئێستا کراوە بە “موزەخانەی عیبرەتی ئێران”. لە سەردەمی دەسەڵاتداری خوسرەوانی “پەهلەوی” لە ئێران، درووستکردنی زیندانەکان تەنیا بە تارانەوە نەمایەوە و لە هەر شارێک‌دا زیندانێک بۆ دەسبەسەرکردنی گیراوان و بە تایبەتی کەسانی دژبەری سیاسەتەکانی “شا” درووست کرا. لە ساڵی ١٣٤٧ هەتاوی بەرانبەر لەگەڵ ١٩٦٨ یەکەمین دەستوورنامەی بەرێوەبردنی زیندانەکان لە ئێران ئامادە کرا.  لە سەردەمی “ڕەزا شا” دا، بۆ یەکەمین جار ” بازداشتگاه” کە شوێنی دەسبەسەرکردنی کەسانی تۆمەتبار بوو، لە زیندان جیا کرایەوە. بەو شێوەیە کەسانێک کە ڕووبەڕووی تۆمەت دەبوونەوە سەرەتا لەو زیندانانەی کە پێیان دەڵێن” بازداشتگاه” دەستبەسەر دەکران و دواتر لە دوای بڕیاری قازی دادگا، ڕەوانەی زیندان دەکران.

 

کاربەدەستانی ڕژیمی “شا” لە کوردستانیش هاوتەریب لەگەڵ هەرێمەکانی دیکەی ئێران پەرەیان بە درووستکردنی زیندان و زیندانیکردنی چالاکی سیاسی و مەدەنی و ئافراندنی کەشووهەوای ترس و تۆقاندن دا. لە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، هەوڵەکانی دەزگای سیخوری سەردەمی ڕژیمی شا، واتا “ساواک” پەرەی بە کارەکانی لە کوردستان دا. سەرجەم گیراوانی سیاسی کورد لەو سەردەمەدا لە لایەن ساواکەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرا و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبوونەوە. لەو سەردەمەدا لە دژی ئەو زوڵم و زۆردارییە، بەرخۆدانی گیراوانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێرانیش‌دا دەستی پێکرد. هەرچەندە دەسەڵاتداران پەرەیان بە ئەشکەنجە و گوشار لە سەر گیراوان بە مەبەستی تەسلیم بوون و خۆڕادەستکردن دەدا، هێندە و زیاتریش ئیرادەی بەرخۆدانی گیراوان مەزن دەبوو. یەکێک لە گیراوانەی کە بە بەرخۆدانی خۆی لە مێژووی تێکۆشانی ئازادی گەلانی ئێران‌دا جێگایەکی تایبەتی هەیە، “خوسرەو گوڵسورخی” و هەڤاڵانیەتی. بڵاوکردنەوەی چۆنیەتی دادگایی کردنی “خوسرەو گوڵسورخی” و هەڤاڵانی و هەڵوێستی شکۆمەندی ئەوان کاریگەرییەکی مەزنی لە سەر خەڵکی هەموو ئێران دانا. لە کاتێک دا ئەندامانی دەزگای سیخوری”ساواک” بەرنامەیەکی تایبەتیان بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی ئازادی تێکۆشانی گەلانی ئێران داڕشتبوو و چاوەڕوان دەکرا لەو دادگایەدا، شۆڕشگێڕانی دەسگیرکراو داوای لێبوردن لە “شا” بکەن، بەڵام “خوسرەو گولسورخی” ڕەوتی دادگاییەکەی هەڵگەراندەوە و ئەوان دەستیان بە دادگاییکردنی ڕژیمی خوسرەوانی شا کرد و بە تایبەتی ئەو ئەشکەنجانەی کە لە زیندانەکان دا بینیویانە بۆ جیهان ئاشکرا کرد.

 

لە ساڵەکانی کۆتایی رژیمی شا، ژمارەیەکی زۆر گیراوی سیاسی لە زیندانەکانی ئێران‌دا زیندانی کرابوون. زۆربەی ئەو گیراوانە جەوانانی ئازادیخواز و چەپ بوون. هەر لە ساڵانی کۆتایی دەسەڵاتداری شای ئێران‌دا بوو کە جەوانانی کوردیش لە زیندانەکان دا دەستیان بە بەرخۆدان کرد. کاک فوئاد موستەفا سوڵتانی یەکێک لەو جەوانانە بوو کە بە بەرخۆدانی خۆی لە زیندانەکانی رژیمی شا ، لاپەرەیەکی زێرینی مێژووی تۆمار کردووە. کاک فوئاد موسته‌فا سوڵتانی ساڵی 1348 ی هه‌تاوی له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ گه‌نجه‌ چه‌پ و تێکۆشه‌ره‌کان، له‌ زانکۆی تاران ڕێکخراوێکیان به ‌نهێنی دامه‌زراند و دواتر له‌ سه‌ر کار و چالاکی سیاسی له‌ لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منیه‌تی و سیخووری ساواکی رژیمی پاشایه‌تی ئێرانه‌وه‌ دەسگیر کرا و ماوه‌‌ی چه‌ندین ساڵ له‌ زیندان دا بوو. کاتێک کاک فوئاد و هاورێیانی له‌ زیندانی سنه‌ بوون، وه‌کوو ناره‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ ڕه‌وشی سیاسی بۆ ماوەی ٢٤ رۆژ دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد. ئه‌و مانگرتنه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زیندانی ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بوو و وره‌ی به‌ تێکۆشانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی له‌ دژی ڕژیمی پاشایه‌تی دا.

 

لەگەڵ سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران دەرگای زیندانەکانی کرانەوە و گیراوانی سیاسی ئازاد بوون. بەو شێوەیە تێکۆشانی سیاسی گەلانی ئێران و بە تایبەتی گەلی کورد پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی. بەڵام ئەو ڕەوشە زۆری نەخایاند، لە دوای ئەوەی شۆرشی گەلانی ئێران لە ئاکامی پیلانگێرییەک دا لە ڕەوتی ڕاستینی خۆی دەرخرا و گرووپێکی ڕادیکاڵی ئایینگەرا بە سەرکێشی خومەینی دەستیان بە سەریدا گرت، جارێکی دیکە زیندانەکان سەر لەنوێ بونیاد نرانەوە. لە هەموو سەردەمێكی مێژوویی خراپتر سەرانسەری ئێران کرا بە زیندانێکی مەزنی سەرئاوەڵا. کەش‌وهەوای ئەمنیەتی باڵی بە سەر ژیانی خەڵکی‌دا کێشا. هەموو ئەو زیندانانەی لە سەردەمی ڕژیمی شاه‌دا درووست کرا بوون، جارێکی دیکەی پڕاوپر لە گیراوانی سیاسی و مرۆڤە چالاکەکان کرایەوە. کاربەدەستانی نوێ ڕژیمی خوسرەوانی کۆماری ئیسلامی هەموو شێوازەکانی ئەشکەنجە و گووشار بۆ سەر گیراوانیان کە لە سەردەمی پێش ئەوان هەبوون، بەکار هێنا و تەنانەت بۆ ئەشکەنجەدان و تێکشکاندنی ئیرادەی گیراوانی ڕەوشی نوێ ئەشکەنجەیان داهێنا. بۆ نموونە کەسێک بە ناوی ” حاجی داوود ڕەحمانی” کە لە ماوەی ساڵانی ١٣٦٠ هەتا ١٣٦٣ ی هەتاوی سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی تاران و سەرۆکی زیندانی “قزل حەسار”ی تاران بوو، بە دژوارترین و وەحشیانەترین شێوە ئەشکەنجە گیراونی سیاسی دەدا. ” حاجی داوود ڕەحمانی” شێوازێکی تایبەت بە خۆی بۆ ئەشکەنجەکردنی گیراوان دروست کردبوو، کە ناوی “ئەشکەنجەی گۆڕ” بوو. ئەو ئەشکەنجەیە بە شێوەیەک بوو کە گیراو لە ٣ لاوە تەختە دەکرا و بۆ ماوەیەکی درێژ بەو شێوەیە ڕادەگیرا. لە چوارچێوەی ئەو ئەشکەنجەیەدا کەسی گیراو بە تەواوی لە جیهان دادەبڕێندرا و هیچ دەنگێکی پێنەدەگەیشت و تەنانەت دەنگی کەوچک و کاسە لە کاتی خواردنیش دا قەدەغە بوو.

 

لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ژمارەیەکی زۆر لە گیراوانی سیاسی لە دادگا سەحراییەکان دا حوکمی تیربارانیان بە سەردا دادەسەپێندرا و بە بێ ئەوەی ماوەیەکی درێژ لە زیندان دا بهێڵدرێنەوە، تیرباران دەکران. بەڵام لەگەڵ تێپەرینی کات و  لەگەڵ ئەوەی کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێدێ هێدی خۆی دەگرت، ئیدی گووشار لە زیندانەکانیش بەو ڕادەیە پەرەی دەستاند. لە سەرەتای ساڵانی ١٣٦٠کان دا، ئەشکەنجە، تەجاوز، گووشار و زەجری جەستەیی لە زیندانەکانی ئێران‌دا سنووری نەدەناسی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی باوەڕی بەوه هێنابوو کە زیندان، ئەو شوێنەیە کە سەرجەم دژبەران و تێکۆشەرانی سیاسی تێدا لەناو دەبات و ئیرادەیان دەشکێنێ. لە ئاکامی ئەو ئەشکەنجانەی لە زیندانەکانی ڕژیم دا ئەنجام دەدران، زۆرێک لە گیراوان ناچاری دان‌پێدانان لە بەر کامێرای تەلەفزیۆن دەکران. کاربەدەستانی ڕژیمی بە بڵاو کردنەوەی ئەو دان‌پێدانانەش، هەوڵیان دەدان لە دەرەوەی زیندان ئیرادەی تێکۆشان لە نێو گەلان دا تێک‌بشکێنن. گەورەترین شەپۆلی قەتڵوعام لە زیندانەکانی رژیمی ئیران لە ڕۆژی ٧ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٧ ڕوویدا. لە ئاکامی ئەو شاڵاوەدا، زیاتر لە ٥ هەزار گیراوی سیاسی کە زۆربەیان، بەندکراوی چەپ و شۆرشگێر و بەندکراوانی سەر بە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق بوون، لە زیندانەکانی ئێران‌دا کۆمەڵکووژ کران و تەرمەکانیان لە شوێنێک بە ناوی خاوەران لە نزیک تاران لە گۆڕی بە کۆمەڵ دا بەخاک سپێردراون.

 

لە ساڵانی ١٣٧٠کانی هەتاویش دا، رژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەمان شێوەیە زیندانەکانی کردبوو بە شوێنی لەناوبردن و تێک‌شکاندنی ئیرادەی گیراوان. هاوتەریب لەگەڵ ئەوە هەوڵی دەدا لە ناو کۆمەڵگاش دا وتارێکی بەوشێوەیە سەردەست بکات کە کەس ناتوانێ لە زیندان دا تێکۆشان بکات و هەر کەسێک کەوتە زیندان ئیدی لە پەلووپۆ کەوتووە و ئیرادەی لە دەستی خۆیدا نییە. هاوکات لە چوارچێوەی شەڕی تایبەت دا هەوڵی دەدا سەرجەم بەرخۆدانەکان بێ واتا نیشان بدات و بە بانگەشەی “با بەندکراوان بۆ پاراستنی گیانیان واز لە بەرخۆدان بێنن” لە ڕاستی دا تەسلیم بوونی هەم بە سەر بەندکراوان لە ناو زیندانەکان و هەم بە سەر کۆمەڵگادا دادەسەپاند. ئەم هەوڵدانانەی کاربەدەستانی ڕژیم بێ ئاکام بوو. هەرچۆن دەسپێکردنی تێکۆشانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پژاک دەستێوەردانێک لە بێدەنگی ساڵانی ٧٠ کان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، دەسپێکردنی بەرخۆدانی گیراوانی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە زیندانەکانی ڕژیمی ئێران لە ساڵانی کۆتایی ٨٠ کان دا، خاڵی کۆتایی لە بەرانبەر ئەو هەوڵە نگریسانەی کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران دانا و بەندکراوانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئیلهام وەرگرتن لە بەرخۆدانی گەورەی زیندانی ئامەد لە ساڵانی ١٩٨٠ گەورەترین بەرخۆدانیان لە مێژووی زیندانەکانی ئێران لە ساڵی ١٣٨٨ هەتاوی بەڕێخست.

 

لە مانگی سیپتامبری ساڵی ٢٠٠٩ بەرانبەر لەگەڵ خەرمانانی ١٣٨٨ هەتاوی گیراوانی سیاسی هەموو گرتووخانەکانی ئێران بە پێشەنگایەتی گیراوانی دۆزی تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە دژی ئەشکەنجە و گووشارەکان لە سەریان دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد. لە مێژووی ئێران‌دا هەتا ئەو کاتە بەرخۆدانێکی هێندە مەزن و سەرانسەری ڕووی‌نەدابوو. لە سەرجەم زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارە مەزنەکانی ئێران و بە تایبەتی زیندانی ئێوین بۆ ماوەی ٤٨ ڕۆژ چالاکی سیاسی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد. ئەو چالاکییە مەزن و سەرانسەرییەی گیراوان جارێکی دیکە شکۆمەندیان بۆ بەرخۆدان و تێکۆشان لە زیندانەکان دا گەڕاندەوە و ئەوەی بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەلماند، ئەگەر ئەوان لە زیندان وەکوو کەرەستەیەک بۆ تێکشکاندنی گیراوانی سیاسی کەڵک وەردەگرن، لە بەرانبەر ئەوە گیراوانی سیاسیش زیندان دەکەن بە گۆڕەپانی تێکۆشان و لەوێوە وەرچەرخانە مەزنە کۆمەڵایەتییەکان بە رێ دەخەن. گیراوانی سیاسی لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەوەیان سەلماند کە نەک ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵکوو هیچ هێزێک ناتوانی ئیرادەی گیراوانی سیاسی بشکێنێ. لەو چوارچێوەیەدا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ جارێکی دیکە گیراوانی سیاسی کورد لە هەموو زیندانەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نزیکەی ٥٠ ڕۆژ مانیان لە خواردن گرت و داوای پەسەندکردنی مافەکانیان وەکوو بەندکراوای سیاسی دەکرد. یەکێک لەو خاڵانەی کە بەندکراوانی سیاسی داوای جێبەجێکردنی دەکەن، جیاکردنەوەیان لە بەندکراوانی تاوانبارانی کۆمەڵایەتییە. کاربەدەستانی ڕژیمی ئێران هەموو کاتێک بە بانگەشەی بێ بنەمای نەبوونی “بەندکراوی سیاسی لە ئێران” مافی بەندکراوانی سیاسی بنپێ دەکەن و لە بەرانبەر ئەو بنپێکردنانە بەندکراوانی سیاسی زیندانەکانیان کردووە بە گۆڕەپانی تێکۆشان و هاوکات لەگەڵ ئەوەی داوای مافەکانی خۆیان دەکات، پشتیوانی لە هەموو بزووتنەوە و تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتییەکانی دەرەوەی زیندانیش  دەکەن. هەبوونی ئەم چالاکییە جارێکی دیکە ئەوە دەسەڵمێنێ، کە نەریتی بەرخۆدانی “خۆسرەو گوڵسورخییەکان، کاک فوئادەکان، مامۆستا فەرزادەکان، فەرهاد وەکیلیەکان و شیرین عەلەم هولییەکان” حەقیقەتێکە کە شەوەزەنگی داگیرکاری و چەوساندنەوەی ڕژیمی ئێران ئەڕەوێنێتەوە و بەردەوامی ئەم نەریتە لە زیندان و لە دەرەوەی زیندان ڕووناک کەرەوەی ڕێگای تێکۆشانی گەلانی ئێران بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دیمۆکراتیک و ژیانێکی ئازادە.

 

سەرچاوە: شمارە ٨٣ ‌آلترناتیو/ ماڵپەڕی پژاك

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved