وتەکانی مەحمود سەنگاوی، بە ئاگاهێنانەوە و خەون بەتاڵکردنەوەی خەونی پارتی بوو

 

 

نوسینی شەهاب کەریم

پارتی لە چی و بۆچی توڕەیە.!؟پێش ئەوەی بگەینە ئامانجی ئەم پرسیارە، دەبێت جیاوازی نێوان کادرێکی نێو ڕێکخستن و جیاوازی هەستی پێشمەرگەیەکی شاخ بکەین، دەبێت دوو لێکدانەوەمان بۆ سەرکردەکانیش هەبێت، وەک سەرکردەی سیاسی و سەرکردەی سەربازی، ئەگەرچی هەندێک پێیان وایە سەرکردە سیاسییەکان نەرمتر و سەرکردە سەربازییەکان توندڕەون، هەڵبەتە ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە پێشمەرگە و سەرکردە سەربازییەکان، جگە لەوەی ئازاری دەرونی و جەستەیی و شەکەت و ماندوبوونی زیاتریان پێوە دەبینرێت، لەگەڵ ئەوەشدا، لە جەنگەکاندا، مەرگ زیاتر ڕوبەڕویان بووەتەوە و کاتێکیش دەکەونە گفتوگۆ کردن، بۆ بەرامبەرەکەیان، دەبینین شێوازی گفتوگۆکردنیان جۆرێک لە شێوازی توندڕەوانە بە خۆە دەبینێت، دەنا ئەوەی مەحمود سەنگاوی لە لێدوانەکەیدا ناخی خۆی دەردەبڕێت، وەک ئەوەی لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە.

چەند ساڵێکە سەرکردایەتی پارتی بەخۆناز، دۆخی نەخوازراو و ناهەقی و سەپاندن بە نەخوێندنەوەی سروشتی مێژوو و سیاسی و کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە ناوچە پەیڕەو دەکات.! هۆکاری ئەمەش تەنها لاسەنگی شکستی زۆرانبازی وڵاتانی دوژمن و قبووڵکردن و بەرگە گرتنی دایکانە و ئارامی و خۆنەویستی هێزەکانی تر بووە، بەرامبەر بە خاک و نیشتیمان و خوێنی شەهیدان بۆ ڕاگیرکردن و مانەوەی سەروەرییەکانی خاکێک کە هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی تێکدان و خۆفرۆشیدا بووە، بە بردنەوەی مەرام و ئاسوودەیی هێزی تاک و دەسەڵاتی کەسی کە سەری یەکەمی پارتی پاشا ئاسا هەڵسوکەوتی تێدا دەکات

بەرگە گرتنی ئەم پاشا بێ ئەزموونە و قبوڵکردنی هەموو چەوتییەکانی، ئارامگرتن و سنوری خۆی هەیە پێکردنە کەوش و نەخوێندنەوەی سنوری کاردانەوە و بێمنەتییەکانیش، دۆخی خۆی دروست دەکات و  دەرئەنجامی شکست و لووت لە بەردانی بەردی ڕەق دەبێت.!

جەماوەری پارتی و خەڵکیش باش دەزانن، کە ووتەکانی مەحمود سەنگاوی، هیچی ناهەق و ناڕاست و بوختان نەبوو، جگە لە بە ئاگاهێنانەوە و خەون بەتاڵکردنەوەی خەونی پارتی هیچ زیانێکی تر بە خەڵک و دۆخەکە ناگات و ناگەیەنێت،  پارتی لە تێکچوونی دۆخی بە(پاشا بوونی مەسعود بارزان) یەوە پێی خزاوە و خلۆربۆتەوە و ناچێتەوە جێی خۆی، پارتی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و ماڵوێرانی خستە ناوچە دابڕێنراوەکان و کەرکوک و ماڵی کوردەوە، ئاگری شەڕی باکور و ڕۆژئاوای نەرمە فوکرد و گەشاندەوە و دەستی برد بۆ ناوخۆی گشت حیزبە کوردیەکانیش، پارەی دەوڵەتی بۆ حیزب و دەسەڵاتی هێز چەسپاند مەسعود بارزانی گەر بیوسیتایە لە دۆخی سەرۆکایەتی هەرێمدا گەورە دەبوو، گەر نا  لە ڕیفراندۆمدا بە گەورەیی و خاوەندارێتی وتەی ڕاستەقینەی جێبەجێ دەکردوو نە سواری ملی خۆیی و نە سواری سەری میللەتیش دەبوو.!

ئەم پیاوە کۆتاییەتی و پارتیش نازانێت چی لێبکات، بە پەیامەکانیدا دیارە کە دەڵێن: دووڕێگەمان لەبەردەمە کە بە دوو دیویی کاری بۆ دەکەن، ئەوانەی بە مەرایی و خۆ بردنە پێشەوە بۆ مانەوە هەوڵی بڕینی قۆناغێکی نوێی حیزبی لە ناو پارتیدا دەدەن، داوا دەکەن کە مەسعود بارزانی بە موڕەجەعی مەرجەعیەتی کورد لە هەرێمدا ناوببرێت و کاری بۆ بکرێت کە دیارە ئەمەیان دەیانەوێت دووبارە سەری قۆچکە تاش بکەن و دوای ئاوێنەی بدەنە دەست.!

وەک ئەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا بە خشکەیی خۆی باوەخنکردەوە، دووهەم جۆریان دەڵێن: لێمانگەڕێن با کارەکانمان تەواو بکەین، ئەوسا ئەویش بۆ خۆی لە دیوەخانی پیری خۆیدا بە وێردی بوون بە سەرۆکەوە سەردەنێتەوە. بە دڵنیایی باشترین کارێک کە پارتی بیکات، بینینی هەموو ئەو ڕاستیانەیە کە ڕووبەڕووی دەبنەوە و تێیدا دەژین، واز لە خەونی نەزۆک و نە خوێندنەوەی ئازارەکانی خەڵک بهێنن چی خۆشتان و چی خەڵکیش دەزانێت کە لە کوێوە هاتوون و دەڕۆن! لێگەڕێن با پێکەوە وڵات ئاسوودە بکەین و تێیدا وەک کورد و بە کوردی بژین.!

ژیان لەسەر ئەو بنەما کارگێڕیانە ناچێت بە ڕێوە کە ئێوە تێیدا سەرقاڵن، زمانی تانە و جوڵاندی گەمەی خواست هیچتان بۆ بەرهەم ناهێنێت، هیچیش لە ناوەڕۆکی ڕاستییەکانتان پێ ناگۆڕدرێت، درۆش پەتی کورتە و لە ملی خۆتان دەئاڵێت، ڕاستییەکانیش دەگەنە جێی خۆی و ملهوڕیش جگە لە ملشکاندن هیچی تری لێ بەرهەم نایەت، بۆیە لێرە و لەوێ هەرچییەکتان بیست و دڵتان گەردی گرت، بیکەنە خاتری ڕابردوتان و ئەوەش بزانن کە تەنها ئەو دۆخەیە کە پێی دەوترێت باقی وەسەلام بە نرخی کەلام.

Wusha.2000@yahoo.de

 

 

ماڵپەڕی قادرزادە بەرپرسیار نیە لە ناوەرۆکی هیچ بابەتێك

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved