بۆچی، لە ڕابوردوو بترسین.!؟

 

 

شەهاب کەریم: ئەڵمانیا

گەرچی بەداخەوە ئەزموونی بەڕێوەبەری دەسەڵاتی کوردی زۆر ناشایستەبووە بە ڕەنجەکەی، بەڵام خودی شۆڕش و خەباتی پڕ بەخشینی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە ڕەواکەی، شانازییەکی گشتیی خەڵکەکەیەتی، هەر چۆن سەربەرزی و نازینی تاک بەتاکی کوردە بە رامبەر بە دۆست و دوژمنان، وە جێگای بەرز ڕاگرتن و دروست نەخشاندنی نەخشی مێژووە وەک خۆی بۆ داهاتوو کە تێیدا نوسینەوەی ئەو دەسەڵاتە شکستەی ئێستا بەڕاست و دروستی ئاشکرا بکات.

زۆرێک وەک بەشدار لەشۆڕشی نوێی چەکداری گەلەکەماندا بەشێک لەو مێژووی سەخت و ئەستەمی شاخ و شاری بەردەکەوێت کە میللەتەکەمانی تێدا بووە قوربانی.

لە ئێستادا بەرهەمی دوا قۆناغەکانی ئازادی خەڵک و سەرکەوتنی هێزە چەک بەدەستە شۆڕشگێرەکان، وەک فاکت بوونەتە دوو جەمسەری دابڕاوو دژ بە یەک، هەمان خواست و ویستی دوو نەیارن بۆ ململانێ، کە تێیدا گەشەی ویستی ئاسودەیی خەڵکە بۆ ژیان و هەڵپەی گرتنە دەستی چەمکی هێزەیشە بۆ دەسەڵات.!

بەردەوامی ئەم ململانێیەش لەو بەرکەوتن و نێوەندەشدا، دوبارە قوربانی دان و قوربانی بوون بەرهەم دێنێ، تاکیش تێیدا دەبێتەوە قوربانی و خەڵکانێکی زۆریش دەچنە خانەی بیرچوونەوە و قوربانیدانێکی بێ نرخەوە. گەرچی ئەمە بەشێکە لە بەرهەمی ئێستای سیستمی دەسەڵات بۆ سەرخستنی قۆناغی شاردنەوەی جوانییەکان، بەڵام لە ئاست تاک و کەسە شۆڕشگێرەکاندا جگە لە زوڵم و خیانەتی ناخی و سیاسیی هیچی تر بەرهەم ناهێنن بۆ بەردەوامی مانەوەو پاساوەکەی.!

گەر بەوردتر لەو مێژووە بڕوانیین؛ تێدەگەین چەند زوڵمان لە کەسە تێکۆشەرەکانی گەلەکەمان کردووە، کێ بوون و چیان لێهات و کەوتنە کوێوە، ئێستا دۆخی ژیان و کەسوکاریان چۆنە، چۆن باسیان دەکەین و کێن ئەوانەی باس دەکرێن و باسیان دەکا.!؟

وەک زیندانییەک بەرنامەی ( ئەو ڕۆژانەی ئەمڕۆیان دروستکرد ) کە بەرنامەیەکی مێژووی پڕ زانیاری ورد و نهێنی نێو زیندانەکانە دەبینم و بۆم گرنگە هەمو جارێکیش ئەم بەرنامەیە ئاشنام دەکاتەوە بە کەلەپچەو کێبڵ و کارەباو شت گەلێکی تری ئازاردانی دەروونی و جەستەیی، دەچمەوە نێو باوەشی پڕ حەسرەتی هاوڕێ و برا ئازیزەکانم کە تێیاندا بۆ من مامۆستا پێشڕەو یەکێکە لەو مێژووەی کە ناتوانم  بۆ تەنها چرکەیەکی چاوو نوقاندنیشم نەیبینم و هەمیشە کار وکردەوەکانی لەبەر چاومە و سەرتاپای جەستە و ویژدانی گرتووم.!

پێش ئەوەی مامۆستا پێشڕە و  لە زینداندا ببینم ، وەک شایەتحالێکی مێژوویی پڕ سەروەری ئەو تێکۆشەرانەی لە نێو ژورێکی بچوکدا خزابوون ، جگە لە ئازار و ئەشکەنجەدانی تاک بە تاکی زیندانییەکان کە زۆرترین ترس و تۆقاندنی دەخستە نێو دڵی مرۆڤەوە، لەو زیندانە بچکۆلانەدا ، جگە لە پەنجەرەیەک هیچی تری تیا نەدەبینرا ، مامۆستا پێشڕە ، وانەی شۆڕش و خەباتی نەتەوایەتی لەو ژورە بچوکەدا بە تەواوی زیندانەکان دەوتەوە ، کاتێک زیندانیەک بۆ ئەشکەنجەدان ببرایە ، بە زەردەخەنەوە پێی ڕادەگەیاند بەوەی ئاساییە خۆت لە سێدارە بدرێیت ، بەڵام هاوڕێکانی ریکخستنەکانی نێو شار بۆ ئەم شوێنە نەبرێن و تا بۆت دەکرێت خۆڕاگر بیت ، ئەوەی کە دەبێتە مایەی سەربەرزی ژیانت ، ئەوەیە کە چۆک بە هێزی مەچەک و بازوی جەلادەکاندا دابێیت ، ئەمە خۆی لە خۆیدا ورەیەکی پۆڵایین بوو ، بۆ تاک بە تاکی زیندانیەکانی نێو ئەو ژورەی کە ڕۆژانە سات و کاتی بۆ نەبوو هەردەم دەبوو ، خۆت ئامادە بکردایە بۆ هەڵواسینی سەربەرەوخوار و دەستی  لەپشت شەتەک دراو ئەوەی بوەتە مایەی سەر سوڕمانم و من بەم تەمەنەشمەوە تاکوو ئێستە لە یادم ناچێتەوە ، خۆ بە گەورە بوون زانینی مامۆستا پێشڕەو بوو بەرامبەر بە ملازم محسین و دارودەستەکەی ، لە هەمان کاتیشدا مامۆستا پێشڕە و لەگەل ئەوەی مەدرەسەیەکی شۆرش بوو ، سەرکردەیەکی بوێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو ، ڕەفتارە جوان و هەمیشەییەکانی شەهید خاڵە شەهابی سەرکردەی کۆمەڵە لەودا دەبینرا و هەردەم خۆی بە بچوکی تیکۆشەران دەزانی !

کاتێک پیاوێکی بەتەمەنیان بە ناوی حاجی محەمەد بە دەستی شەتەک کراوی کەلەپچەوە خزاندیانە نێو ژورەکەی ئێمە ، لەتەنیشت دەرگاکەدا سەتلێکی میزی تیا دانرابوو ، دەبوو هەموان لەو سەتەڵەدا میزیان بکردایە و حاجی محەمەدیش لەسەر شیوعی بوون دەستگیر کرابوو ، پێش ئەوەی ببرێت بۆ ئەشکەنجەدان، لە تەنیشت سەتڵی میزکردنەکەدا ڕاکشابوو ، جوانترین سیفەتی سەرکردەی نێو زیندان مامۆستا پیشڕەو بوو کە لە هەڵواسین و ئەشکەنجەدان تازە هێنابویانەوە و جەستەی خوێنی لێ دەچۆڕا  داوای لە حاجی محەمەد کرد ، بەوەی لە تەنیشت سەتڵی میزەکەدا نەخەوێت، مامۆستا پێشڕەو خۆی چووە ئەو شوێنەوە و بە دەم سرودی نیشتیمانیەوە ، هەردوو قاچە خوێناوییەکی لێ درێژ کرد ، هێندەی پێ نەچوو، دەنگی دەرگای ئاسنیین تەواوی زیندانیانی هەراسان دەکرد ، حاجی محەمەدیان برد بۆ هەڵواین و لێدان و پێیان ڕاگەیاندبوو ، بەوەی دەبێت بچیتە ناو ئەو بوتڵەوە ، بەڵام حاجی محەمەد سەربەرزانە بە جەلادەکانی ڕاگەیاندبوو ، بەوەی من زۆر مەزن و گەورەم و لەو بتڵەدا جێم نابێتەوە ، گەر بوتڵەکەی ئێوە لە مندا جێی دەبێتەوە ، ئەوا من دەتوانم جێی بکەمەوە ، بەڵام دڵنیابن نایەڵم ئەو بوتڵە لە جەستەی هاوڕێکانمدا جێی بۆ بکرێتەوە ، کاتێک حاجی محەمەدیان بە بوراوەیی هێنایە نێو ژوری زیندانەکە ، جگە لە مامۆستا پێشڕە و کەسی تر نەی دەوێرا بچێت بە هانایەوە و سەد مخابن، مامۆستا پێشڕەوی ( ئاراس عەبدول ڕەحمان )  سەرکردەی شار و شاخ و سەرکردەی نێو زیندان،  سەری حاجی محەمەدی خستە سەر ڕانی و ژیانی لە دەستدا و شەهید بوو ، دواتر مامۆستا پێشڕەویش لە ژوری سێدارە بەر لێبوردنی گشتی دەکەوێت و دووبارە بۆ درێژەدان بە خەباتی سیاسی و بەرگریکردن لە میللەتەکەی گیانی فیدای گەل و نیشتیمان دەکات و شەهید دەبێت ، سەد حەیف بۆ ئەو مرۆڤە مەزنانە گیانی خۆیان بەختکرد ، ئەوەی بوەتە جێی سەرنج و تێبینی بۆ من ، شەهیدانەکەی ناگاتە نیوەی خانە نشینی کۆنەسیخوڕو خۆفرۆشێک.

ئەمەیە گەمەی سیاسی و سیاسی پیشەکان بۆ خۆ قایمکردن و، دەستبردن و تۆکمەکردنێکی زیاترە، نەک گەڕانەوە بۆ ڕابوردووی مێژووی پڕ سەروەری، ئەمەش بەجێهێشتنی ڕاستی و جوانییەکانە، کە لە مڕۆدا ئەوان لە ناویدا ناشرین بوون و ناهێڵن کەسێک تێیدا بە جوانی بمێنێتەوە.!

 بەدڵنیایی ئەمە دوا چەکی ڕۆچوون و داخزانی دەسەڵتدارانی سیاسی و حیزبییە بۆ ناو زبڵدانێک کە تێیدا بۆگەندەکەن و بیر ناچنەوە، بێگومان خەڵکی جوان و دڵسۆز و سەرکردەی ڕاستەقینەشمان هەیە بۆ ئەوەی لەو زۆرینەیەی دروست بووە، بکەینە نموونە. بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی زۆرینە بەو ئاقارە کاردەکات و دەیەوێت مێژووی جوانی شاخ پەردەپۆش و بن بەرد و ناشرین بکا لە پێناو نەگەڕانەوە بۆڕاستییەکان و دەرنەخستنی کەسایەتیەکانیان، کە من لێرەدا دەستی دەخەمە سەر و  هەوڵی تەواوی دوا پێشمەرگانەی خۆمی تێدا تاودەدەم بۆ گەڕانەوەی مافی ڕاستەقینەی ئەو مێژوو شاراوەیەی دەکەوێتە ئەستۆم لە داهاتودا.

شەڕی مانەوەو بەرزە فەڕی، بەردەوامی ڕۆیشتن و فڕین نییە بەهەڵەکاندا، مانەوەو زیندوێتی لەمردنێکدایە کە ویژدانت ئاسودەبێت، ئەوسا هەموو ژیانمان بۆ ئاسودەیی دەبەخشی، ئێستا ئاسودەیی بۆتە پارە، هەر بۆیە زۆر گەلێک لە بەرپرسانی شۆڕش مەرگیان بە ئاسوودەیی پارە فرۆشتوەو مێژووی خەبات و ماندبوونی خەڵکیان هیچ بۆ گرنگ نییە، لەبەرامبەریشدا هەرچی دەیانبینێ بە ئاشکرا لووتی دەگرێ.!

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved