ڕاگەیەنراوێك لە سەرۆكايه‌تيی هەرێمی كوردستانەوە

 

 

 

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ئیدانەی پەلامارەکەی شەوی رابردووی داعش بۆ سەر هێزەکانی سوپای عیراق  دەکات لەسنوری پاڕێزگای سەڵاحەدین.

 

دەقی راگەیەنراوسەرۆکایەتی هەرێم:

 

پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەی مكێشیفەی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین كە ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقی تیادا بوونه‌ قوربانی، بە توندی ئیدانە دەكەین. ئەم پەلامارە و هێرشەكانی دیكەی ئەم دواییەی تیرۆریستان، ئاماژەی ترسناكی فروانبوونەوەی مەترسی و جموجۆڵە سەربازییەكانی داعشه‌، هه‌روه‌ها زەنگێكی دیكەی بەئاگاهێنانەوەی هەموو لایەكمانە و بەڵگەی قۆستنەوەی هەڵومەرجی نالەباری عێراقە لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ دووبارە خۆڕێكخستەنەوە و ئەنجامدانی پەلاماری فراوانتر.

  

لە كاتێكدا سڵاو بۆ گیانی قوربانییان دەنێرین، هاوخەمی بۆ كەسوكاریان دەردەبڕین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتیشی دەكەینەوە كە ڕەوشەكە وا دەخوازێ هەرچی زووترە كێشە و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی عێراق چارەسەر بكرێن و پێكەوە بەرەنگاری هەڕەشەی جددیی سەرهەڵدانەوە و تەشەنەسەندنی تیرۆر ببینەوە.

 

سەرۆكایه‌تیی هەرێمی كوردستان

٢-٥-٢٠٢٠

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved