پاڵەوانەكانی سانسۆر دەگەڕێنەوە

 

میترۆ، سلێمانی‌

 

11ی ئەیلولی 2018 سلێمانی: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان بە توندی ئیدانەی هەڵوێستی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە پێنەدانی ژمارەی سپاردن بە كتێبی (پرسی كوردو ئەزمونی كوردستانی عێراق).

 

بهائەدرین نوری سكرتێری پێشوتری حزبی شیوعی عێراق، بە میترۆی راگەیاند لە كتێبخانەی گشتی هەولێر كە بەرپرسە لە پێدانی ژمارەی سپاردن داواكە هەواڵەی وەزارەتی رۆشنبیری كراوە. وتی" لەوێ تەگەرەی تێخرا ، تائێستە ژمارەی سپاردنیان نەداوە دواتر داوام لە كتێبخانەی گشتی سلێمانی كرد . لەوێش ، لە ژوری ژمارەی پێسپاردن ، تەگەرەی تێخرا "

 

جەختیكردەوە "وەڵامی هەولێر موفاجەئە نەبوو بۆمن چونكە ئەم ڕێگریە تازەنیە . بەڵام لە سلێمانی نەختێ شتەكە جیاوازە" پرسیاری كردوە" من لە كۆسرەت ڕەسوڵ و مەلا بەختیار و لە باڤیل و قوباد تاڵەبانی دەپرسم ئەم ڕێگریە بۆچی ؟ دەبێ لەشتێكی وەهاشدا ئێوە هەرچاو لەپارتی بكەن ؟"

 

لەو نامەیەی كە بەهائەدین نوری ئاڕاستەی بەرێوەبەرایەتی كتێبخانەی گشتی سلێمانی كردوە بەمەبەستی وەرگرتنی ژمارەی سپاردن لەوەڵامدا بۆی نوسراوە" زۆر زۆر توندە و تەشهیری تێدایە و باسی كوشتنی چەندین كەسایەتی دەكات، ئەستەمە بتوانرێت هەزمبكرێت بۆیە ئێمە ناتوانین ژمارەی پێبدەین".

 

مامۆستای بهائەدین نوری لەو كتێبەدا بیرەوەریەكانی هەشتا ساڵی خۆی لەسەر كوردستانی عێراق،نوسیوە.

 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان لە كاتیَكدا بە توندی ئیدانەی بڕیاری بەشی پێدانی مۆڵەتی وەزارەتی رۆشنبیری دەكات، داوا لە وەزیری رۆشنبیری دەكات بە زوترین كات داوای لێبوردن لە مامۆستا بهائەدین نوری بكەن و دەسبەجێ ژمارەی سپاردنی پێبدەن و هیچ جۆرە سانسۆرێك نەكرێتە سەر كتێبەكەی.

 

سانسۆرو دانانی ئاستەنگ بۆ بڵاوكردنەوەی كتێب، رەفتارێكی نادیموكراسییەو گەڕانەوەی تارمایی مقەستی سانسۆری رژێمی پێشوو بیر خەڵكی كوردستان دەخاتەوە، دەبێت هەمووان بەری پێبگرین.

 

مامۆستا بهائەدین نوری یەكێكە لە دیارترین سەركردە چەپەكانی عێراق، لە ساڵی 1946 پەیوەندی بە حزبی شییوعی عێراقەوە كردوە، پۆستی سكرتێری ئەو حزبەی وەرگرتوە، لە ساڵی 1953 بۆ 1958 لە زیندانی رژێمی پاشایەتی بووە. لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو بەشی یەكەمی بیروەرییەكانی خۆی بڵاوكردۆتەوە. سەرباری نەخۆشی بەردەوامە لە نوسین.

 

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، كۆمەڵێك ڕۆژنامەنوس‌و پارێزەر، دامەزراوە، مۆڵەتی رەسمی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتوە..

 

میترۆ 7 راپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە رەوشی ئازادی میدیا لە هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە.

بۆ پەیوەندی بە METRO

بۆ زمانی كوردی: 07700004147

بۆ زمانی عەرەبی: 07701528887

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved