سەندیکای رۆژنامەنووسان: ئیدانە تیرۆرکردنی ئەرکان شەریف دەکات

 

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بەیاننامەیەک لەبارەی تیرۆرکردنی وێنەگرێکی کەناڵی (کوردستان تیڤی) دەردەکات و تێیدا رایدەگەیەنێت، تیرۆركردنى ئەرکان شەریف لوتکەی داڕمانی ئەخلاقیی حەشدی شەعبییە.

کاتژمێر ٣ـی بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە ٣٠/١٠/٢٠١٧، چەکدارانی حەشدی شەعبی بە بەرچاوی هاوسەرەکەیەوە لە شارۆچکەی داقووق، بە چەقۆ بەربوونە گیانی ئەرکان شەریفی تەمەن ٥٣ ساڵ، کە کامێرامانی (کوردستان تیڤی) بوو و شەهیدیان کرد.

دەقی بەیاننامەکەی سەندیکایرۆژنامەنووسان:

بەیاننامەی ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان

شەوی رابردوو هێزێکی خوێنرێژ لە شارۆچکەی داقوقی داگیرکراوی سەر بە پارێزگای کەرکوک هەڵدەکوتنەسەر ماڵی وێنەگری کەناڵی ئاسمانی کوردستان تیڤی ( ئەرکان شه‌ریف) و بە شێوەیەکی دڕندانە بەبەرچاوی خێزان و کەس و کارەکەیەوە بەچەقۆ شەهیدی دەکەن ، هەمولایەک دەزانن کە چەکی دەستی میدیا کاران و رۆژنامەنوسان تەنها قەڵەم و کامێراو مۆبایلە ، ئەوان جگە لە گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و دەربرینی بیروڕا هیچ کارێکی دیکەیان نیە و هیچ کارێکی دیکە ناکەن بەتایبەتی لە بارودۆخی شەر و پێکدادانەکاندا ،بۆیە پەلاماردان و لێدان و شەهید کردنیان جگە لە خوێن رێژی و سەرکوت کردن و هەوڵدان بۆ شاردنەوەی تاوانە قێزەونەکانیان هیچ شتێکی دیکە نیە.

 

ئێمە بە شەهید کردنی میدیاکار ئەرکان شەریف لەلایەن ئه‌م هێزه‌وه‌ شۆک نەبوین چونکە پێشتریش دەمانزانی له‌ژێر سایه‌ی ئەم هێزە تائیفیە ئه‌م جۆره‌ تاوانانه‌ روویان داوه‌و روو ده‌ده‌ن بەڵام ئەوەی ئێمەی شۆک کردوە ئەوەیە کە چۆن ئەم هێزە توانیویانە بەبەر چاوی منداڵ و کەس و کاریەوە وێنەگرێک کە تەنها ئیشی ئەو گواستنەوەی روداوەکانە لە رێی کامێراکەیەوە بەچەقۆ شەهیدی بکەن.

 

نەمری بۆ شەهیدی میدیاکار (ئەرکان شەریف ) و تەواوی شەهیدانی رۆژنامەنوس و میدیاکاران. روو رەشی و شەرمەزاری مێژوش بۆ هەموو ئەوانەی لە پشتی ئەم هێزە تاوانکارەوەن.

 

هه‌روه‌ها ئێمه‌ له‌سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌سه‌ڵات داران له‌ حه‌شدی شه‌عبی و سوپای عێراق له‌م شارۆچكه‌یه‌ به‌ به‌رپرس ده‌زانین له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه‌ و داواش له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین تاوانباران بدۆزێته‌وه‌و راده‌ستی دادگایان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی سزای عادیلانه‌ی خۆیان وه‌رگرن ..

تيرۆر كردنى ئه‌ركان شه‌ریفی رۆژنامه‌نووس ،لوتكه‌ی دارمانى ئه‌خلاقى و سياسييه و بێرێزی عه‌سكه‌رتاریه‌ت و ميليشيا گه‌راییه‌ ده‌رهه‌ق ئازادى ميديا

 

ئەنجومەنی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان

هەولێر ٣٠-١٠-٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved