تیلەرسۆن پەیوەندی بە نێچیرڤان بارزانیەوە دەكات

 

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، كه‌ واشنتۆن له‌ په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا و حكوومه‌تى عێراق، تا زه‌مینه‌ی ده‌ستپێكردنی گفتوگۆیه‌كی جیددی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕه‌خسێنێت و بگه‌ن به‌ ئامانجێكی خوازراو.

 

بەڕێز ڕێكس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی دەكاتەوە كە واشنتۆن لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ بەغدا و حكوومەتی عێراق هاندەدات زەمینەی دەستپێكردنی گفتوگۆیەكی جددی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕەخسێنێت تاكو بگەن بە ئامانجێكی خوازراو.

 

ئەمڕۆ شەممە ١٨/١١/٢٠١٧ لە پەیوەندیییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەڕێز تیلەرسن وێڕای پێشكەشكردنی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی و وڵاتەكەی بۆ قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی هەفتەی ڕابردوو هەرێمی كوردستانی گرتەوە، ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك لەمبارەیەوە نیشان دا.

 

بەرێز تیلەر‌سن خۆشحاڵیی خۆی بۆ هێوربوونەوەی گرژیی هێڵەكانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان دەربڕی و دانبەخۆداگرتنی هەردوولای بۆ پاراستنی ئارامی بەرز نرخاند، هەروەها دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕێزگرتن لە شیرۆڤەی دادگای فیدرالی عیراق سەبارەت دەستوور، جەختیشی لە پاراستنی ئارامی كردەوە لەپێناو زەمینەسازی بۆ دیالۆگێكی جددیی هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە ڕایگەیاندووە ئامادەیە لە دیالۆگێكی جددیدا لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق هەموو كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكات، هەروەها هیوای خواست ئەمەریكا و هاوپەیمانان ڕۆڵی خۆیان لە دەسپێكردنی دیالۆگی هەولێر ـ بەغدا بگێڕن و لەمبارەیەوە هاوكار و پشتیوان بن.

بەڕێزیان سوپاسی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە و سەرەخۆشیی بەرێز تیلەرسن ـ ی بۆ قوربانیانی بوومەلەرزە كرد و ئاماژەی بەوە دا كە پێشوازی لە هەر هاوكارییەك دەكەن بۆ لێقەوماوان. جەختی لەوەش كردەوە كە پێویستە گەمارۆ‌ی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان هەڵبگیرێت، بەتایبەتی كە لە بواری مرۆییدا پێویستییەكی زۆرییان هەیە،‌ چونكە‌ بەشێكی هاوكارییەكان‌ بۆ زیاتر لە ملیۆنێك و پێنجسەد هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی فڕۆكەخانانەكانەوە دابین دەكرێت.

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved