رەوتی ئایندەی نیشتمان (رەوا) ،دەستبەرداربونی خۆی لە گۆڕان راگەیاند

 

 

لەبەیاننامەیەكدا، رەوتی ئایندەی نیشتمان (رەوا) كە بەرەوتە رەخنەگرەكەی ئەوروپای گۆڕان ناسراون، دەسبەرداربونیان لە بزوتنەوەی گۆڕان راگەیاند

 

دەقی بەیاننامەكەی: رەوتی ئایندەی نیشتمان (رەوا)

 

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان

تێکۆشەرانی گۆڕانکاری و چاکسازی

 

پاش لادانی دەسەڵاتدارانی گۆڕان لە پرەنسیپەکانی چاکسازی و گۆرانکاری و هەنگاوە هەمەجۆرەکانیان بۆ پێشێلکردنی ژیانی رێکخراوەیی ئاسودە و دەستەجەمعی ناو بزوتنەوەکە کۆمەڵێک لە هەڵسوراوان لە دەرەوەی وڵات لە مانگی ئۆکتۆبەری 2018 دەستپێشخەری دامەزراندنی ئاراستەیەکیان بە ناوی پرۆژەی چاکسازی ناو گۆڕان، ناسراو بە (پرۆگۆڕان)، کرد، خاڵە بنەرەتیەکانی پرۆژەکە بۆ راستکردنەوەی دۆخی ناوخۆی گۆڕان بو بە رێگەی پێرەوکردنی بریاری دەستەجەمعی و پێرەوکردنی برگە گرنگەکانی دەستوری گۆڕان.

 

بۆ ئەو مەبەستە پرۆگۆڕان پرۆژە و یاداشتی ئاراستەی بازنەکانی دەسەڵاتی گۆڕان کرد، مەخابن نەک هەر هیچ وەڵامێکیان نەبو هەڵسان بە هەڵمەتێکی ناشرینی دور لە رەوشت و نەریتی گۆرانخوازان بۆ ناوزراندن و بەرەنگاربونەوەی ئەو دەستە هەڵسوارە و ئاراستەی پرۆگۆڕان.

 

لە بەرامبەر ئەو هەڵمەتدا پرۆگۆڕان بە سەبرێکی بێئەندازە و دیدگایەکی ورد و بەرپرسانە بەردەوام بوو لە قەناعەتهێنان بە دەسەڵاتدارانی گۆڕان کە ئەو سیاسەت و کارانەی دەیانکەن لە خزمەتی پرسەکانی چاکسازی و گۆڕانکاریدا نین و لە گەڵ پرەنسیپەکانی ڕەوانشادیش نەوشیروان مستەفا یەک ناگرنەوە.

 

مەخابن جارێکی تر بەردەوامبون لە کاری نادەستوری و میزاجی، وەک سزادان و دەرپەڕاندن و دەرکردنی هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکان و لە ئاستی ناوخۆی گۆڕانیش کەسانی بێ توانا و گەندەڵ و لادەریان کردە پێشەنگی کار و کردار و هەڵوێستەکانیان، هاوتەریب لە گەڵ ئەم دۆخەدا تا دەهات دەیان هەزار دەنگدەری گۆڕان و جەماوەرەکەی بێئومێد دەبون لە دەسەڵاتە خۆسەپێنەرەکە بە سەر موقەدەراتی بزوتنەوەکەدا. لە لایەکی تریشەوە دیاردەکانی دەسەڵاتی سێبەر لە لایەن کوڕەکانی رەوانشاد بوە واقیعێکی تفت و تاڵ و نەخوازراو، لەو ساتە وەختانەدا ئەم دیاردەیەش هۆکارێکی گرنگی تر بو بۆ داکشانی متمانە و ئومێدی جەماوەر بە بزوتنەوەکە.

 

پرۆگۆڕان لە ماوەی زیاتر لە ساڵێک چی پێکرابێت بۆ تۆکمەکردنی پەیوەندیەکانی لە گەڵ کەسایەتی و گروپ و هەڵسوڕاوە ناڕازیەکان درێغی نەکردوە، ئەمەش بەمەبەستی داڕشتنی دیدگایەکی هاوبەش بۆ ئایندەی پرسەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری لە ژیانی سیاسی و حوکمرانی و ئابوری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستان، خۆشبەختانە لەو بوارەدا پێشکەوتنی بەرچاو بەدەستهێنراون.

 

لە ساتەوەختی گفتوگۆکان بۆ بەشدرایبونی گۆڕان لە کابینەی نۆدا پرۆگۆڕان ڕاشکاوانە ڕایگەیاند ،لە گەڵ بەشداری گۆڕان لە حکومەتدا نین، جەختیش کرایەوە گەر هەر بەشدار دەبن هاوسەنگی و پاراستنی سەربەخۆیی بزوتنەوەکە و جێگیرکردنی پرسە بنەرەتیە گرنگەکانی گۆڕان لە کارنامەی حکومەت پێویستن بۆ گەڕانەوەی قورسایی گۆڕان و بەدەستهێنانەوەی متمانەی جەماوەرەکەی.

 

نزیکەی ساڵێکە گۆڕان بەشدارە لە حکومەت و تا ئەم چرکەیەش هەنگاو و کارەکانی کابینەی نۆ لە بوارەکانی چاکسازیدا لە هەنگاو و ئیجرائاتی لابەلا تێنەپەریون، هاوکاتیش پێگەی نوێنەرانی گۆڕان گەمارۆدراو و لاوازە و رەنگدانەوەی ئاوات و خەونەکانی جەماوەری گۆڕان نین. بەناو دوا یاسای چاکسازی کابینەکە لە ئیجرائاتی وەزیفی و دارایی زیاتر نیە و بوارەکانی پێڕەوکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە داهات و خەرجیات بەهەند وەرنەگیراون، هاوکاتیش یەکەم هەنگاوی بنەڕەتی بۆ چاکسازی لە پارەی خانەنشین و موچەوە دەست پێناکات بەڵکو لە سەروەری یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و سەربەخۆیی سیستەمی داد، ئەو چەمکانەی غیابی کوشندەیان لە حوکمرانی خۆماڵیدا هەن.

 

دوای ئەوەی سەرانی گۆڕان خەمسارد بون و ئامادەش نەبون گوێ لە هەوڵی دڵسۆزانەی ئەو ئاراستە چاکسازیەی ناو ماڵی گۆڕان بگرن و پڕۆژە و هەوڵەکانمانیان بۆ چاکسازی رەتکردەوە و بەهەند وەرنەگرت، لە گەڵ ئەوەشدا گۆڕانیان توشی رۆچونی زیاتر کرد و لە خواستی جەماوەریش دابراند.

 

لە کاتێکدا رایدەگەیەنین پرۆگۆڕان بەشێک نەبوە لەوەی لە ناو گۆڕان دا دەگوزەرا و بەشێکیش نین لەوەی دەگوزەرێت، هاوکات لە ئاکامی ئەو ڕوداو و گۆڕانکاریانە پرۆگۆڕان گەیشتۆتە باوەڕی تەواو کە پرسەکانی چاکسازی و گۆڕانکاری ناو گۆڕان کارێکی مەحاڵە و هەر ئومێدێک لەو بوارانەدا وەک ڕاکردن بەدوای سەرابی بیاباندا وایە.

 

بۆیە ڕایدەگەیەنین لەمەودوا  کاری سەرەکیمان لە گەڵ هێز و گروپەکان لە وڵات و دەرەوە و پەرلەمانتارە ئۆپزسیۆنەکانی ناو پەرڵەمان و کەسایەتی و رۆشنبیرە دڵسۆزەکان دەبێت بۆ سازدانی بزاڤێکی جەماوەری هەمەرەنگ کە بەو رێگا و شیوازە گونجاوانەی بەپێویستی دەزانن کار بۆ ئایندەی نەتەوە و نیشتمان بکات، ئایندەیەک لە سەر بنەماکانی سیستەمێکی دیموکراسی دور لە هەژمون و باڵادەستی حزبی و بنەماڵەیی بێت و پێڕەوی یاسا و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و شەفافیەت لە داهات و خەرجیات و سازدانی پەیوەندی نیشتمانی هاوسەنگ لە گەڵ حکومەتی عێراق بکات و رەچاوی جدی بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی گەورەش بکات.

 

گونجاو لە گەڵ ئەم دیدگا چروپڕە بە پێویستمان زانی ئاراستەی پرۆگۆڕان هەڵبوەشێتەوە و لە رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا ) بەردەوام بین.

 

رەوا بەپێویستی دەزانێت جەخت بکاتەوە لەوەی هەر سێ حزبی بەشدار لە حکومەتدا ،بەشدارو بەرپرسیاری سەرەکین لەو دۆخە ئاڵۆز و سەختەی ڕوبەروی میللەتەکەمان بۆتەوە، سەرکەوتوش نەبون لە سازدانی پەیامێکی نەتەوەیی و نیشتمانی جدی و دروستی یەکگرتوو لە پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی عێراق، لە ئاکامدا میللەت باجێکی گەورەی  ئەم شکستانەی حکومەتی هەرێم داوە و دەیدات. 

 

لێرەدا سەری نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان دادەنەوێنین،

 

بەڵێن بە میللەتەکەمان دەدەین بەشێکین لەوان و بۆ ئەوانیش و بەیەکەوە دەست لە ناودەست بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێین.

 

رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا )

١١ مایس ٢٠٢٠

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved