یەکیەتی نیشتمانی لە ساڵیادی ئەنفاڵدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

 

 

له‌یادی ٣٢ ساڵەی تاوانی ئەنفال مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی ئاڕاستەی كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوان كرد.

 

 

 ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی:

 

٣٢ ساڵ لەمەوبەرو لەدرێژەی سیاسەتی دڕاندانەیدا بۆ قڕكردن و پاكتاوی نەژادی گەلی كوردستان، رژێمی بەعسی فاشیی بەسەرۆكایەتی (سەدام حسێن)ـی دیكتاتۆر، بە پێی نەخشەیەكی سەربازی و بەهەشت قۆناغ ، پرۆسەی تاوانەكانی ئەنفالی بەرێوەبرد كە سەرئەنجام بەهۆیەوە (١٨٢) هەزار مرۆڤی مەدەنی و بێتاوانی كورد ، لە ژن و مناڵ و گەنج و پیر و پەككەوتە، دوای ڕاپێچكردنیان بۆ زیندانەكان و ئەشكەنجەی دەروونی و جەستەیی زۆر، زیندە بەچاڵكران‌ و بەشێكی زۆریشیان تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە، رژێمی بەعس مەرامی لەئەنجامدانی ئەنفال، بەتەنها سەرنگومكردنی دەیان هەزار مرۆڤی مەدەنی نەبوو، بەڵكو زیاتر لە (٥٠٠٠) گوندی روخاند و ژێرخانی ئابوری كوردستانیشی هەڵتەكاندو ویستی پرۆسەی تەعریب و تەرحیل و گۆڕینی دیموگرافیای كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی تر تەواو بكات .

 

لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراق لە(نیسانی ٢٠٠٣) لەدادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ، كەیسی (ئەنفال) وەك تاوانی دژە مرۆڤایەتی و جینۆساید ناسێندرا و بەشێك لە تاوانبارە سەرەكییەكانی تاوانەكەش سزادران، بەڵام هێشتا ئەركی هەموولایەكمان لەم ڕووەوە كۆتایی نەهاتووەو پێویستە تەواوی تۆمەتبارە داواكراوەكان راپێچی بەردەم دادگا بكرێن و رێكارە یاساییەكانی تری كەیسەكە تەواوبكرێ‌ .

 

هەروەك پێویستە  قەرەبووی مەعنەوی و مادی وارسی ئەنفالكراوەكان بكرێتەوە و ژیانێكی باشترو شایستەیان بۆ دەستەبەربكرێ‌، لە ئاستی نێودەوڵەتیش هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی (ئەنفال)، ئێستا دوای زیاتر لە سێ‌ دەیە، یادی ئەم تاوانە دڕندانەیە و ئازیزە ئەنفالكراوەكانمان دەكەینەوە ، سڵاوی وەفا و ئەمەك دەنێرین بۆ ڕوحی پاكی ئەنفالكراوەكان و لەئاست خۆڕاگری و ئازاری قووڵی كەسوكارە سەربەرزەكانیاندا ، سەر دادەنەوێنین و ڕایدەگەیەنین: كە هەرگیز قوربانی و ئازاری بەسوێی (ئەنفال) لە یاد ناكەین ، بەڵكو دەیكەینە هەوێنی جۆشدانەوەی زیاتری خەباتمان بۆ بەدیهێنانی ئەو مافە ڕەوا دەستوری و دیموكراسییانەی كە دەیان هەزار شەهید و ئەنفالكراو لەپێناویدا گیانی خۆیان بەخشی ..

 

بەداخەوە، ئەمساڵ یادی (٣٢) ساڵەی ئەنفال ، هاوكاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی (كۆرۆنا)یە و بەهۆی ڕێكارەكانی خۆپارێزی و بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، ناتوانرێ‌ چالاكی و مەراسیمی پڕ شكۆ بۆ یادەكە ئەنجام بدرێ‌ ، بەڵام ئەم تاوانە هەمیشە لەویژدانی نەتەوەییمان بەزیندووێتی دەمێنێتەوەو هەرگیز ئازیزە ئەنفالكراوەكانمان و خۆڕاگری و ئازاری قووڵی كەسوكارە سەربەرزەكانیان لەیاد ناكرێ‌‌ و بۆ هەمیشە بەزیندووێتی دەمێنێتەوە ..

 

- سڵاو بۆ گیانی قوربانیانی جینۆسایدی ئەنفال

- سڵاو لە خۆڕاگری كەسوكاری سەربەرزی ئەنفالكراوەكان

- ڕوو ڕەشی بۆ ئەنجامدەرانی تاوانەكانی ئەنفال.

- سەركەوتن بۆ ئیرادەی بەهێزی گەلی كوردستان

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

١٣-٤-٢٠٢٠

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved