پەیامێك لە تیمی ی ن ك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

 

تیمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكیان بڵاوكردەوەو تیایدا  ئەو هێرشە ناڕەوایانەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران رەتدەكەنەوە كە كردویەتیە سەر یەكێـتیی نیشتمانی.

 

دەقی پەیامەکەی تیمی ی ن ك:

 

بۆ رای گشتی خەڵكی كوردستان

 

بەشداركردنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كابینەی نۆیەمینی حكومەت لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی سیاسی بو، لەسەر بنەمای هاوبەشی لە بڕیار و بەڕێوەبردن و لە پێناو سەقامگیری سیاسی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریێتی بۆ خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.

 

ئەوەی بووەتە جێی سەرنج و تێڕامان پەیامەكەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە، كە تیایدا هێرشێكی ناڕەوای كردووەتە سەر یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.

 

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان تاقم و دەستە نیە. حزبێكی تێكۆشەری خاوەن مێژوویەكی پڕ سەروەری و ئایندەیەكی گەشە. تیمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، نوێنەرایەتی دید و ستراتیژ و تێڕوانینە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان دەكات، لەو بارەیەوە یەكێتی هاوبەشی هەموو دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. یەكێتی نیشتیمانی كوردستان حزبێكی كوردستانی سەرتاسەریە و دژی دوو ئیدارەییە و لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتیمان لە كابینەی رابردوو و ئێستاشدا سەلمێنەری ئەو راستییەیە.

 

تیمی یەكێتی لە حكومەت لەسەر بنەمای دەوڵەتداری ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ دەكات لە پێناو خزمەتكردنی هاوڵاتییاندا، بەڵام بە شانازییشەوە نوێنەرایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكەین و لە چوارچێوەی بەرنامەی پەسەندكراوی حكومەت لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە كار دەكەین. بۆیە لەم بارودۆخە ناهەموارەدا، پێویستە حكومەت و دامەزراوە فەرمییەكانی تەرخان بكرێن بۆ خزمەتی هاونیشتیمانییانی هەرێمی كوردستان نەك ببن بەبەشێك لە كێشە سیاسیەكان.

 

لەم بارەیەوە تیمەكەمان نامەیەكی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە. 

 

تیمی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان

 

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved