ڕاگەیەنراوێک لەوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە

 

 

لەراگەیەنراوێكدا وتەبێژی یەكێـتیی نیشتمانی كوردستان وەڵامی راگەیەنراوەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیەنراوێكی حكومەت دەداتەوە كە ناڕەوایانە هێرشیان كردوەتە سەر لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێـتیی نیشتمانی كوردستان. 

 

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

 

بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان

 

جێگەی نیگەرانیی قووڵمانە كە بەبێ هیچ پاساوێك، ئەمڕۆ ٢٠ - ٣- ٢٠٢٠، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی بڵاو كردۆتەوە كه بەشی هەرەزۆری هێرشكردنە بۆ سەر بەڕێز هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌. هەر ئەمڕۆ، نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێك دا لەسەر دەزگای زانیاری، دووبارە و بەمەبەست و بە خراپ ناوی بەڕێزیانی هێناوە و خۆی خستۆتە ئاستی لایەنداریی نەك بێ لایەنی.

 

بۆ ئاگاداریی هەموو لایەك، ئاژانسی زانیاری بە فەرمی بەشێكە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و لەسەرەتای ئەمساڵ و لە دوای كۆنگرەی چواری یەكێتی، بەڕێز هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات و پەیوەندی راستەوخۆی بە دامەزراوەكانی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایش نەماوە. هەرچەند ئەم گۆڕانكارییانە، پاساو نادات بە پەلاماردانی ئاژانسی زانیاری لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە، بەڵام‌ جێی سەرسوڕمانە ئەگەر نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەنجومەنی ئاسایش ئاگاداری ئەو گۆڕانكاریانە نەبن.‌‌ ئایا لەم كاتەدا چ سودێك دەبینرێت لە هەڵگیرساندنی ئاژاوە لەنێوان سەركردایەتی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەكانی سەر بە حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان. هەروەها جێگەی پرسیاریشە، كه ئایا پارتی دیمۆكراتی كوردستان بە چ مەرامێك، گوتارێكی‌ سیاسی لەم جۆرە،‌ لەدژی سەرۆكایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڕێوە‌ دەبات. بەتایبەت لەم دۆخە هەستیار و ئاڵۆزەدا كە گەلەكەمان لەهەموو كات زیاتر پێویستی بە تەبایی و یەكڕزیی و پێكەوە ژیان هەبووە.

 

ئەم شێوازە لە پەیوەندیی سیاسی، ئەگەر ئەمە سیاسەتی پارتی بێت، سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بەرەو چارەنووسی نادیار دەبات و، هەڵوەستەی جدیمان پێ دەكات لەسەر راستگۆیی پارتی‌ بۆ شەراكەتی سیاسی و، ئایندەی رەوایی مانەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوانیشمان دەخاتە بەردەم پرسیار و مەترسی‌.

 

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 

٢٠-٣-٢٠٢٠

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved