پێنج فراكسیۆنی‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر دۆخی‌ هه‌رێم به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌

 

 پێنج فراكسیۆنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، یه‌كێتی‌ ، گۆڕان، كۆمه‌ڵ ، یه‌كگرتوو، به‌یاننامه‌یه‌ك له‌سه‌ر دۆخی‌ شاری‌ هه‌ولێر بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌.

ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌:

 

به‌یاننامه‌ی ٥ فراكسیۆنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سه‌ر پێشێلكاریه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی شاری هه‌ولێر

له‌م ڕۆژانه‌دا كه‌ خه‌ڵكی كوردستان به‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانه‌وه‌ نیگه‌ران و ناڕازین له‌ دۆخی قه‌یراناوی هه‌رێم و ده‌ستكاری موچه‌كانیان، داوای مافه‌ ڕه‌واكانیان ده‌كه‌ن له‌موچه‌ی پێنه‌دراوی چه‌ندین مانگ، بایكۆت زۆرینه‌ی داموده‌زگا حكومیه‌كانی گرتۆته‌وه‌، له‌شاری هه‌ولێر چه‌ندین پێشێلكاری له‌ په‌لاماردانی پزیشكێكی نه‌خۆشخانه‌ی ڕاپه‌ڕین و ڕۆژنامه‌نوسان و ته‌قه‌كردن له‌باره‌گای چه‌ند حزبێك و ته‌قه‌كردن له‌ماڵی مامۆستایه‌كی ئاینی و ڕفاندنی چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ده‌ستگیركردن ئه‌نجامدراوه‌، دواین پێشێلكاری په‌لاماری مامۆستا نادر كانی كورده‌یی‌ وتاربێژی مزگه‌وتی مه‌لا قادر خۆشناوه‌ له‌پاش نوێژی هه‌ینی.

سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و پێشێلكاریانه‌، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و پێشێلكاریانه‌ ده‌ستگیر بكرێن و ڕوبه‌ڕووی سزای یاسایی بكرێنه‌وه‌.

دۆخی هه‌ستاری قه‌یراناوی هه‌رێمی كوردستان به‌جۆرێكه‌ پێویست به‌وه‌ ده‌كات وه‌ڵامی داخوازی و ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵك بدرێته‌وه‌ نه‌ك به‌ترس و تۆقاندن هه‌وڵی بێده‌نگ كردنیان بدرێ، پێویسته‌ به‌رپرسانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان بكرێ و هه‌وڵی جدی بدرێ بۆ كۆتایی هێنان به‌م ڕوداوو پێشێلكاریانه له‌پێناو پاراستنی ئارامی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ له‌ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی شاری هه‌ولێره.

 

فراكسیۆنی گۆڕان .

فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.

فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان.

فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی كوردستان.

فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كوردستان.

١٩/٢/٢٠١٦

 

Qadirzada.com @ 2016. All rights reserved