فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌یاننامەیەکی‌ بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌

 

 

فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان، سەبارەت بەلێدوانەكانی هێمن هەورامی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پڕبوو لە هەڵەی سیاسی و مەنهەجی، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

 

ئەمڕۆپێنشه‌ممه‌ ٧ی ئایاری ٢٠٢٠، پەرلەمانی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر چوار ئەندامی پەرلەمان و خوێندنەوەی دووه‌م بۆ پێشنیازه‌ بڕیاری پێشكه‌شكردنی پڕۆژە‌یاسا کۆبووەوە و بە دەنگی ٥٧ پەرلەمانتار پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵ هەڵگیرا و ئەوەش کاردانەوەی چەند فراکسیۆنێکی لێکەوتەوە.

 

 دەقی راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتی:

 

بەداخەوە ئەمڕۆ هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، كە بۆ پاساو هێنانەوەی شانۆگەریەكەی ئەمڕۆی ئەنجامیدا، نەك نەیتوانی بەرگی حزبی لەخۆی داماڵێت، بەڵكو نمایشەكەی بەجۆرێك پڕ هەڵەی سیاسی و مەنهەجی بوو ، هەرگیز  لە ئاستی جێگری سەرۆك پەرلەمان نەبوو ، لەو چوارچێوەیەدا بێ موناسەبە، بە پاساوی وەڵامدانەوەی پرسیارێكی ئامادەكراو لەلایەن خۆیەوە، هێرشی ناڕەوای كردە سەر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و تۆمەتی بێ بنەماو بێ ئەرزشی دایەپاڵی.

 

بۆیە بۆ هێمن هەورامی (ئەندامی سەركردایەتی پارتی) باشتر بوو بێدەنگی هەڵبژێریت یان هەوڵبدات پاساو بۆ ئەو نمایشە ساختە و ناوەڕۆك بەتاڵەی ئەمڕۆی بهێنێتەوە ،كە لەژێر ناوی جێ بەجێكردنی یاسا ،بووە هۆكاری دردۆنگی و تێكدانی سازان و یەكریزی نیشتمانی و ناشرین كردنی دامەزراوەی پەرلەمان.

 

بۆ هەورامی و بەرژەوەندی حزبەكەشی چاكتر بوو لاپەرەكانی مێژوو هەڵنەداتەوە ، چونكە ئەگەر باس لە دۆسێی چاوساغی و لەشكر كێشی و خیانەت بەرامبەر هێزە كوردستانیەكان بكەین بەدڵنیایی ئەو  لەهەموو كەس باشتر دەزانێت كە لەو بابەتەدا كێ  شەرمەزاری مێژووە و لە ئێستاشدا بەردەوامە، خەلكی كوردستان باش ئەوانە دەناسن كە لە دەستكێشكردنی بێگانە و لە بواری پێدانی زانیاری بەدوژمن و ڕاوەدونان و دەستگیركردنی كوردستانیان پسپۆرن و چاوساغی بۆ فرۆكە جەنگیەكانی بێگانە و دەستكێشی كردنی لەشكری بێگانە بۆ داگیركردنی خاكی ھەرێمی كوردستان پیشەی ڕۆژانەیانە،  ئەوانە ناسراون كە گەمارۆ و خەندەق بە چواردەوری رۆژئاوا لێدەدەن و هاوكاری و چاوساغی بۆ سوپای بێگانە دەكەن.

 

هێمن هەورامی باشتر دەزانێت ئەوەی ئەمڕۆ كرا بەتەنها گەمەیەكی ناشرین نەبوو لەژێرناوی  سەروەری یاسا بەڵكو هستریای سەركەوتنێكی ساختە بو و غەدرێكیش بوو لە پێكهاتەكانی كوردستان كرا بۆ تێكدانی یەكریزی و ناشرینكردنی پرۆسەی حوكمڕانی بەكارهێنران و كرانە بەشێك لەگەمەی سیاسی. ئێمە داوا لەسەركردە دەستڕۆیشتووەكانی پارتی دەكەین بەوردی گوێ لە وتەكانی هێمن هەورامی بگرن بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی سیاسی نوێنەری حیزبەكەیان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بكەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن كە نوێنەرایەتی بەخەڵكی دەرون پڕ لەقین ناكرێت، هەرچەندە بڕوای خۆمان وایە كە ئەم قسانە بە مەبەستی تێكدانی زەمینەی كۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەی یەكێتی و پارتی كردووە نەك لە نائاگاییەوە.

 

لەكۆتاییدا دەمانەوێت بزانێت كە بۆ ئەو نەهاتوە قسە لەسەر پەیوەندیەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و هێزو لایەنەكانی تری كوردستان بكات .

 

لێرەوە جارێكیتر دڵنیاتان دەكەین بەدروستكردنی قەیرانی دەستكرد و هەڵای راگەیاندن و بابەتی لابەلا زەرەیەك ئێمە لە پشتیوانی و داكۆكی كردن لەسەر مافەكانی هاوڵاتیان و باوەڕە چەسپاوەكانمان كەم ناكاتەوە.

 

    فراكسیۆنی  یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان

      ٧-٥-٢٠٢٠

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved