دەقی پرۆژه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ حكومه‌تی‌ کاتی

 

بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ سێ داواكاری و چه‌ند خاڵێكدا ورده‌كاری پڕۆژه‌كه‌ی بۆ دروستكردنی حكومه‌تی كاتی ئاشكرا كردووه‌ كه‌ پێشكه‌شی یه‌كێتی و پارتی كردوون.

 

پڕۆژه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

 

پاش روداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠١٧ و له‌ده‌ستدانی كه‌ركوك و به‌شی زۆری ناوچه‌ كوردستانییه‌ دابڕێندراوه‌كان و به‌هێزبوونه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵ، هه‌رێمی كوردستان له‌ قۆناغێكی ته‌واو جیاواز و هه‌ستیار و پڕ مه‌ترسیدایه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد، له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌پێویستی ده‌زانێت حكومه‌تێكی كاتی به‌هێز و كارا و بچوككراوه‌ به‌به‌شداری هه‌موو هێزه‌ كاریگه‌ره‌كان پێكبهێنرێت به‌شێوه‌یه‌ك بتوانێت هه‌رێمی كوردستان بگوێزێته‌وه‌ بۆ كه‌ناری ئارام تا هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی كوردستان، داواكاری و پره‌نسیپه‌ گشتییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی.

 

یه‌كه‌م: پره‌نسیپه‌ گشتییه‌كان

‌ ١- پێویسته‌ حكومه‌تی كاتی حكومه‌تی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ بێت و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هێزه‌كانی تر شه‌ریكی راسته‌قینه‌ بن له‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌رجه‌م بڕیاره‌كاندا، به‌پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن.

 ٢- چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراق و دروستكردنی وه‌فدێكی حكومی و په‌رله‌مانی به‌هێز بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.

 ٣- پێویسته‌ په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك مه‌رجه‌عی باڵای خه‌ڵكی كوردستان رۆڵی راسته‌قینه‌ی خۆی ببینێت، به‌بێ هیچ به‌ربه‌ستێك هه‌ستێت به‌ئه‌ركه‌كانی خۆی له‌بواره‌كانی یاسادانان و چاودێریكردن و به‌دواداچوونی كاره‌كانی حكومه‌تدا.

 

 ٤- سه‌ربه‌خۆكردن و ئه‌كتیڤكردنی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و داواكاری گشتی و چاودێری دارایی به‌پێی یاسا كارپێكراوه‌كان.

 

 دووه‌م

‌ ئەم کارانەی کە پێویسته‌ حكومه‌ت له‌ماوه‌ی (٤) مانگدا جێبه‌جێیان بكات له‌وانه‌ش:

 ١- گۆڕینی سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێم و داڕشتنی سیاسه‌تێكی جیاواز له‌وه‌ی پێشوو له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوری عێراقدا، هه‌روه‌ها جێبه‌جێكردنی یاسای نه‌وت و گازی هه‌رێم و دروستكردنی سندوقی داهاته‌نه‌وتییه‌كان و هه‌موو ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌یاساكه‌دا هاتوون.

 

 ٢- گۆڕینی سیاسه‌تی ئابووری به‌ ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان و پاككردنه‌وه‌ی لیستی موچه‌ خۆران و لابردنی موچه‌خۆرانی وه‌همی و بندیوار، رێكخستنه‌وه‌ی باج و گومرگ و رسومات له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و یاساكاندا و پێدانی ته‌اووی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ وه‌زیری دارایی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.

 

 ٣- به‌گژداچونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له‌ رێگه‌ی ئه‌كتیڤكردنی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ و دیوانی چاودێری دارایی و داواكاری گشتی به‌هه‌ماهه‌نگی په‌رله‌مانی كوردستان و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

 

٤- گۆڕین و داڕشتنه‌وه‌ی مه‌له‌فی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ به‌دانانی ستراتیژێكی نیشتیمانی له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان و بوونی هاوسه‌نگی له‌ فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم.

 

٥- لابردنی ئاسته‌نگه‌كان و پێدانی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به‌وه‌زیر و وه‌زاره‌ته‌كان بۆ راپه‌ڕاندنی ئه‌ركه‌كانیان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و بڕیار و كاره‌ نایاساییانه‌ی له‌ غیابی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و وه‌زیره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا دراون.

 

سێهەم

ئه‌م ئه‌ركانه‌شیكه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت له‌ماوه‌ی (٧) مانگدا جێبه‌جێیان بكات له‌وانه:

 

‌ ١- كاركردن بۆ پاككردنه‌وه‌ی لیستی ده‌نگده‌ران له‌ناوی دووباره‌ و بوونی ئاواره‌ و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌ك بكرێته‌ فره‌بازنه‌یی و كراوه‌، جیاكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگدانی پێكهاته‌كان.

 

 ٢- یه‌كخستن و به‌نیشتمانی كردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و رێكخستنه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستور و سیستمی به‌رگری عێراق و پێدانی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌.

 

 ٣- كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی سیسته‌می په‌رله‌مانی له‌ده‌ستوری هه‌رێمدا.

 

٤- چه‌سپاندنی سیستمی لامه‌ركه‌زییه‌ت له‌رێگای هه‌مواركردنی یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و یاسا په‌یوه‌ندیداره‌كانی تره‌وه‌ و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بودجه‌ و ده‌سه‌ڵاتی دارایی و ئیداری بۆ پارێزگاكان.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved