پڕۆژە یاسایەك ئاڕاستەی پەڕلەمانی كوردستان دەكرێت

بەپێی پڕۆژە یاسایەك، كە ئاڕاستەی پەڕلەمانی كوردستان كراوە وەك یادی دامەزراندنی سوپای عیراق ڕۆژێك بۆ یادی پێشمەرگە دیاری كراوە

 

سەرچاوە/خەڵك

 بەپێی پڕۆژە یاسایەك، كە ئاڕاستەی پەڕلەمانی كوردستان كراوە وەك یادی دامەزراندنی سوپای عیراق ڕۆژێك بۆ یادی پێشمەرگە دیاری كراوە و ئەو ڕۆژەش بە 9-2 (9ی شوبات)ی هەموو ساڵێك دانراوە، بەڵام سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت: “دیاری كردنی ڕۆژێك بۆ پێشمەرگە كارێكی باشە”.

 

بەپێی پڕۆژە یاسایەك، كە پەیمانگای پەرەپێدانی یاسایی بڵاویكردۆتەوە و دەست (خەڵك) كەوتووە، داوا كراوە ڕۆژی (9ی شوبات)ی هەموو ساڵێك بە ڕۆژی پێشمەرگە دیاری بكرێت و ئەو ڕۆژە بكرێتە پشووی فەرمی.

 

پەیمانگای پەرەپێدانی یاسایی ئاماژەی بەوەكردووە، بەمەبەستی دیاریكردنی ڕۆژێك، كە ڕەهەندێكی مێژوویی و سیاسی پێشمەرگانەی هەیە كەوتینە ڕاوێژ و گفتوگۆكردن و گەڕان بەدوای سەرچاوەكان لە سەرەتای بوونی لەشكری كوردستان و لە ئەنجامدا دەركەوت ناونانی پێشمەرگە لەلایەن كەسێكی سادە (چایچی) بووە، كە گوێبیستی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكەی سەركردەكانی ئەوكات بووە و پێشنیاری ئەو ناوەی كردووە و سەركردەكان ئەوكات ڕێككەوتن لە سەر ناوزەدكردنی (پێشمەرگە) بە لەشكر و سوپای كوردستان و بە نووسراوێك لە (4/2/1946 — 20/ڕێبەندانی/1324ی هەتاوی) ئاڕاستەی ئیدارەی ڕۆژنامەی كوردستانیان كردووە بۆ بڵاوكردنەوەی ئەم فەرمانە و لە ڕۆژنامەی كوردستان بە ژمارە (12) لە (9/شوبات/1946) بڵاوكراوەتەوە.

 

پەیمانگای پەرەپێدانی یاسایی دەڵێت: “ئێمە بە باشی دەزانین ڕۆژی بڵاوكردنەوەی فەرمانی گۆڕینی ناوی (سەرباز بۆ پێشمەرگە) لە (ڕۆژنامەی كوردستان) بكرێتە ڕۆژی پێشمەرگە بە پاساوی هۆكاری مێژوویی و سیاسی و پێشمەرگانە، بۆ ئەم مەبەستە پڕۆژەیەكمان داڕشتووە بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی و پێشنیار دەكەین ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەڕلەمان پێشكەشی پەڕلەمانی بكەن بۆ پەسەندكردنی”.

 

لای خۆشیەوە، ڕێڤینگ هروری، سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە تا ئێستا ڕۆژێك بۆ پێشمەرگە دیاری نەكراوە و هیوادارین لەو خولەی پەڕلەمان ئەو ڕۆژە بە سازان و دوور لە ململانێی حزبی دیاری بكەین.

 

دەربارەی پڕۆژە یاساكە وتی، “كە تا ئێستا ئاگاداری ئەو پڕۆژە یاسایە نیین، یەڵام ئەوە كارێكی باشە و هەوڵ دەدەین ڕۆژێك بۆ پێشمەرگە لەسەر هەستی نیشتمانی و نەتەوەیی دیاری بكەین، كە لەو ڕۆژەدا پشووی فەرمی بێت و مەدالیا و ڕێزلێنان بە پێشمەرگەش ببەخشرێت”.

 

ڕۆژێك بۆ یادی پێشمەرگە ڕاگەیەنرا

پڕۆژە یاسایەك ئاڕاستەی پەڕلەمانی كوردستان دەكرێت

بەپێی پڕۆژە یاسایەك، كە ئاڕاستەی پەڕلەمانی كوردستان كراوە وەك یادی دامەزراندنی سوپای عیراق ڕۆژێك بۆ یادی پێشمەرگە دیاری كراوە

 

دەقی پڕۆژە یاساكە و هۆكارەكانی دەرچووانی:

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

بەناوی گەلەوە

 پەڕلەمانی كوردستان – عێراق

 

پاڵپشت بە حوكمی بڕگەی (1) لە ماددەی (پەنجاو شەشەمین)ی یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان – عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو و لەسەر داوای ژمارەی یاسـایی ئەندامـانی پەڕلـەمان، پەڕلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ( )ی گرێدراو لە ڕۆژی ( / / )، ئەم بڕیارەی خوارەوەی دەركرد:

 

بڕیاری ژمارە ( )ی ساڵی 20

بڕیاری دیاریكردنی ڕۆژی (9-2)ی هەر ساڵێك بە ڕۆژی پێشمەرگە

 

یەكەم: دیاریكردنی ڕۆژی (9-2)ی هەر ساڵێك، كە ڕۆژی پێدانی ناوی (پێشمەرگە)یە، سومبولی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی كورد، بە خەباتگێڕانی بەرگریكار لە خاك و گەلی كوردستان، بە ڕۆژی پێشمەرگە و جەژنێكی نیشتیمانیی و نەتەوەیی لە سەرتاپای كوردستان دەبێت و لە هەرێمیش دەبێتە پشووی فەرمی.

دووەم: یادی ڕۆژی پێشمەرگە زیندوو ڕادەگیرێت و ساڵانە لە سەرتاپای كوردستان لەسەر هەردوو ئاستی فەرمی و میللی ئاهەنگی بۆ ساز دەكرێت.

سێیەم: هەر شارێكی كوردستان بۆی هەیە بە ڕێگەی تایبەتی خۆی ئەم یادە زیندوو بكاتەوە و بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ بگێڕێت.

چوارەم: پێویستە لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندارەكان حوكمەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێ بكەن.

پێنجەم: ئەم بڕیارە لە ڕۆژی بڵاوكردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی كوردستان)دا جێبەجێ دەكرێت.

 

هۆیە پێویستكارەكان

 

لەپێناو سازانی نیشتیمانی لەسەر ناونانی ڕۆژی پێدانی ناوی پێشمەرگە بە سوپای كوردستان و گفتوگۆ دەربارەی ناوی سوپا و ئەو هۆكارە مێژوویی و سیاسیانەی ناوی پێشمەرگەی لێكەوتەوە و ئەوكات فەرماندە كوردستانییەكان نووسراوێكیان لە ڕێكەوتی (4/2/1946 – 20/ڕێبەندان/1324 ی هەتاوی) ئاڕاستەی ئیدارەی ڕۆژنامەی كوردستان كرد و لە ژمارە (12)ی ڕێكەوتی (9/شوبات/1946) بڵاوكرایەوە و لەبەر ئەو قەوارەیەی گەلی كوردستان هەیەتی و خۆی لە دامەزراوەی دەستووری و یاسایی دەبینێتەوە و ئەو ئاسایش و سەقامگیریی و ئازادییەی بەخۆی بینیەوە، ڕەنجی خەبات و قوربانیدان و خوێنی خەباتگێڕانی پێشمەرگە و شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستانە، بۆیە وەك ڕێزلێنانێك لە شكۆمەندییان و بەرزكردنەوەی پایەیان و ڕێزلێنان لە پێشمەرگە و لە قوربانیدانیان ئەویش بە دیاریكردنی ڕۆژی ناونانیان بە ناوی (پێشمەرگە) بە ڕۆژی ئەوان و جەژنێكی نیشتیمانیی و نەتەوەیی و پشووی فەرمی لە هەرێمدا، بۆیە ئەم بڕیارە دەرچووێندرا.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved