پەکەکە: ئاکەپە لە بێ ئەخلاقییدا سنوور ناناسێت

 

 

پەکەکە ڕایدەگەیەنێت: دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست، کە لە بێ ئەخلاقییدا هیچ سنوورێک ناناسێت،

 

کۆمیتەی پشتیوانی لە بنەماڵەی شەهیدانی پەکەکە لەبارەی ناردنەوەی تەرمی عەگید ئیپەک گەریلای هەپەگە لەڕێگەی پۆستەوە بۆ بنەماڵەکەی، ڕایگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە:

 

دەسەڵاتی فاشیستی ئاکەپە – مەهەپە مۆری خۆی  لەبن دڕندەییەکی نوێ دا و هێرشی کردە سەر شەهیدان و مافی پیرۆزی دایکایەتیی، کە گەورەترین بەهای گەلی کوردە، لەو ڕێگەیەوە تاوانێکی تری لە دژی مرۆڤایەتیی ئەنجامدا.

 

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بەشێوەیەکی بێ ئەخلاقانە و بەدەر لە دین، بە کردەوە فاشیستانەکانی رێز لە مردووەکانیش ناگرێت، کە گەورەترین بەهای مرۆڤایەتییە، گوایە دەیەوێت بە بێ بەهاکردنی تەرمی شەڕڤانەکانی ئازادیی گەلەکەمان بترسێنێت.

 

شەڕڤانی ئازادیی عەگید ئیپەک لە ٢٣ی ئایاری ٢٠١٧ لە شاخی خەلاسۆر لە ناوەندی دێرسیم لە شەڕدا شەهیدبوو، سەرباری پێداگریی و داواکانی بنەماڵەکەی بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکەی، بەڵام تەرمەکەیان پێنەدانەوە و پێدانەوەی تەرمەکەیان وەرگەڕاند بۆ ئەشکەنجەدانێک، بەڵام بنەماڵەکە دەستیان لە کوڕەکەی خۆیان هەڵنەگرت و لە ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی (DNA) بەرپرسانیان ناچارکرد ئەوە قبوڵ بکەن، کە تەرمەکە تەرمی عەگید ئیپەکە. بەپێی رێنمایی و رێوشوێنە ئاساییەکان دەبوایە دەزگای داد بنەماڵەکەی بانگ بکردایە و تەرمەکەی رادەست بکردنایەتەوە، بەڵام لەبری ئەوە، ئێسکەکانیان خستە تورەکەیەکەوە و لە رێگەی پۆستەخانەوە لە دادگای ئامەد وەک کەلوپەلێک رادەستی دایکیان کردەوە.

 

پەکەکە دەپرسێت، باشە کردەوەی لەوشێوە دژ بە مرۆڤایەتی و دژ بە ئەخلاق لە کام شەڕدا ڕوویداوە؟، کام دەوڵەت کاری لەو شێوەیەیی کردووە؟ لە ناو کام یاسادا جێگای کردەوەیەکی لەو شێوەیە دەبێتەوە؟.

 

نەک تەنها ئەشکەنجەی تەرمی گەریلایان کردووە، بەڵکو ڕەوانەکردنەوەی ئێسک و پروسکەکەی لە تورەکەدا بەشێوەیەکی بێنسوور و بێ ئەخلاقانە ئەشکەنجەدانی دایک و بنەماڵە و خۆشەویستانیەتی و هاوکات ئەشکەنجەدان و بێ ئەخلاقیکردنە بەرامبەر بە گەلەکەمان، کۆمەڵگەی تورکیا و هەموو مرۆڤایەتی. لەو بێ ئەخلاقییەش تێر نەبوون و رێگاشیان نەدا کەس بەشداری لە رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمەکەدا بکات، رێگایان نەدا بنەماڵەکەی پرسەی بۆ دابنێن و مافی سەرەخۆشیکردنیان لێ زەوتکردن. بە زۆر نەیانهێشت رێوڕەسم و کاروباری ئایینی بۆ تەرمەکە بەڕێوەببەن.

 

دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپەی فاشیست، کە لە بێ ئەخلاقیدا هیچ سنوورێک ناناسێت، بە لەناوبردنی بەها کۆمەڵایەتییەکان، بە کردەوە بێ ئەخلاقانە و بێ ویژدانانەکەی دەیەوێت کۆتایی بە کۆمەڵگە بهێنێت و کۆمەڵگە رادەست بکات، گوایە دەیەوێت بەوە تەمەنی دەسەڵاتەکەی درێژبکاتەوە، کۆبوونەوەی مرۆڤەکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ خۆی کردووەتە دەرفەتێک و گوایە دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە کەسەکانمان ئێمە بەرامبەر ئەو هێرشەی دژ بە شەهیدەکانمان بێدەنگ بکەن، بەڵام با باش ئەوە بزانن، کە خۆیان هەڵدەخڵەتێنن.

 

توڕەیی گەلەکەمان لە دژی بێ ئەخلاقیی و بێ ویژدانیی گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. ئەو هێرشانەی بەدەر لە مرۆڤایەتی نەک تەنها لەدژی شەڕڤانانی ئازادیی، بەڵکو هاوکات لەدژی گەلەکەمان و هەموو مرۆڤایەتیشە. هەر کەسێک خۆی بە مرۆڤ بزانێت دەبێت بەرامبەر ئەو تاوانەی دژ بە مرۆڤایەتی بێدەنگ نەبێت. دەبێت گەلەکەمان خاوەنداری لە شەهیدان بکات و بەشێوەیەکی زۆر بەهێز ئەو کارە بکات.

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved