راگه‌یه‌ندراوێك په‌رله‌مانى كوردستانەوە

 

پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا سەبارەت بە خۆپێشاندان دەڵێ، خۆپێشاندان مافێکی ڕەوای خەڵکە، بەڵام دەبێ بە شێوازێکی هێمنانە و دوور لە توندوتیژی بێت.

 

دەقی راگه‌یه‌ندراوی په‌رله‌مانى كوردستان:

 

په‌رله‌مانى  كوردستان، كه‌ هه‌ڵقوڵاوى ئیراده‌ و ده‌نگى گه‌لى كوردستانه‌، بڕواى ته‌واوى به‌ مافى خۆپێشاندانى هاووڵاتییان هه‌یه‌ و به ‌مافێكى ڕه‌واى گه‌لى كوردستانی ده‌زانێ، له‌سه‌ر كێشه‌ و داخوازییه‌كانیان به ‌شێوازێكى هێمنانه‌ و مه‌ده‌نییانه‌ى دوور له‌ توندوتیژی گوزارشت له‌ ڕاوبۆچوونى خۆیان بكه‌ن.

 

په‌رله‌مان ده‌مێكه‌ هه‌ست به‌ دۆخى ناهه‌موارى خه‌ڵكى كوردستان و سه‌ختیی بارى ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران و هێزى پێشمه‌رگه‌ و خانه‌نشینان ده‌كات، كه‌ به ‌هۆى قه‌یرانه‌ سیاسی و دارایی و ئابوورییه‌كانییەوە ڕووبه‌ڕووى هه‌رێم بووەته‌وه‌، كاریگه‌ریى خراپی به‌سه‌ر ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینانەوە جێ هێشتووه‌.

 

ئێمه‌ له‌ كاتێكدا پشتیوانیى خۆمان له ‌مافه‌ ڕه‌واكانى هاووڵاتییان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه،‌ له‌هه‌مان كاتدا داواكارین خۆپێشانده‌ران به‌ شێوازێكى هێمنانه‌ و شارستانییانه‌ ناڕه‌زایی و داخوازییه‌ ڕه‌واكانیان بخه‌نه‌ ڕوو، خۆشیان له‌ توندوتیژی و سووتاندنى باره‌گاى دامه‌زراوه‌ فه‌رمی و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌دوور بگرن، چونكه‌ ئه‌مانه‌ موڵكى گشتین و خزمه‌ت به‌ ئێوه‌ ده‌كه‌ن و دواجاریش ته‌نیا هاووڵاتییان  زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.

 

توندوتیژی ئامانجى ڕاسته‌قینه‌ى هاووڵاتییان و هێنانه‌دیى خواسته‌ ڕه‌واكانتان به‌ لاڕێدا ده‌بات، خزمه‌تیش به‌ نه‌یارانى گه‌له‌كه‌مان ده‌كات، كه‌ ده‌یانه‌وێ ئاژاوه‌ بنێنه‌وه‌ و ئامانجیان  له‌باربردنى قه‌واره‌ى سیاسى و ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان و خوێنى شه‌هیدانه‌.

 

په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌تى هه‌رێم و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ ڕاوێژ و په‌یوه‌ندیى به‌رده‌وامدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاوى جیددى و ڕاسته‌قینه‌ بنرێت، بۆ چارەكردنى  كێشه‌كان و جێبه‌جێكردنى خواست و داواكارییه‌ ڕه‌واكانتان.

 

په‌رله‌مانى كوردستان

 

١٩/١٢/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved