ڕاگەیەندراوێك لە پەرلەمانی کوردستانەوە

 

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥/١١/٢٠١٧، پەرلەمانی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی خۆی، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

 

 

دەقەی راگەیاندراوەکەی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان:

 

 ھەروەک ئاشکرایە رۆژی ١٤/١١/٢٠١٧ ، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کۆمەڵێک بابەتی ورووژاند کە مایەی ھەڵوەستە لەسەرکردنە، پەرلەمانی کوردستان کە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات بە پێویستی دەزانێت بۆ دوورکەوتنەوە لە زمانی ھەرەشە و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو لەنێوان ھەردوولا ھەرچی زووە دەرفەتی دانووستاندنی راشکاوانە بڕەخسێندرێت و حکوومەتی فیدڕاڵی دووربکەوێتەوە لە راگەیەندراوی میدیایی و راڤەکردنی تاکلایەنانەی ماددە دەستوورییەکان بەبێ وەرگرتنی راو سەرنجی لایەنی ھەرێمی کوردستان.

 

لەبەر رۆشنایی سەرجەم ئەو بڕیار و راگەیەندراو و لێدوانە فەڕمییانەی کە لەماوەی رابردوو لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراونەتەوە جەخت لەسەر یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان کراوەتەوە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ئەمەش ئامادەییەکی روون و ئاشکرای ھەرێمی کوردستانە و پەرلەمانی کوردستانیش لە راگەیەندراوی رۆژی ١٣/١١/٢٠١٧ ، ئەوپەڕی پشتیوانیی خۆی بۆ ھەرچی زووتر دەستپێکردنی دانووستاندنەکان دووپاتکردۆتەوە و بەھەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە ھەر ھەنگاو و رێکارێک دەکات کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گونجاوی دەزانێت و سەر پشکی کردووە لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیی گەلی کوردستان و کۆتاییھێنان بە ناکۆکییەکان.

 بەڵام وەک لە بەشێکی لێدوانەکانی رۆژی ١٤/١١/٢٠١٧ ی عەبادیدا دەبیندرێت زمانی ھەرەشە و ھەنگاوی یەکلایەنانە گومان دەخاتە سەر نییەتی فەڕمیی حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ھێشتنەوەی دۆخەکە بەمجۆرەی ئێستا کە ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا و رێککەوتنە ھاوبەشەکانە.

لەمڕووەوە پەرلەمانی کوردستان ھۆشداریی تەواوەتی دەدەین لە زیاتر دواخستنی دانووستاندنەکان و ئەو شێوازی ھەڕەشانەی بەرامبەر ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەوەی خزمەت بە دۆخەکە و پابەندبوون بە دەستوور ناکات.

بنەمای لێکگەیشتنی ھاوبەش لە چوارچێوەی دەستووردا تەنھا دانووستاندنە بەشێوازێکی دۆستانە و راشکاوانە لەگەڵ یەکتری نەوەک تاکلایەنانە بڕیاردان.

بۆیە پێویست بوو حکوومەتی فیدڕاڵی لە بەرامبەر وەڵامی ئەرێنیی و دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە رۆژی ١٤/١١/٢٠١٧، بەڕوونی و نووسراوی فەڕمی لە راگەیەندراوی خۆیدا بڵاوکردەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتگیریی کرد ھەڵوێستێکی ئەرێنیی تریان ھەبوایە و دەرگا بۆ دانووستاندنەکان واڵابکرابایە کە ئەمەش خزمەت بە سەرەوەریی یاسا و پاراستنی دەستوور دەکات.

لە کۆتاییدا..

 

پەرلەمانی کوردستان جەخت دەکاتەوە مافەکانی گەلی کوردستان کە لە دەستووری عێراقدا ھاتوون روون و رەوایە و داکۆکییان لێدەکەین و پێویستە پارێزراوبن. ھەموو رێککەوتنەکانیش کە لە رابردوودا ئەجام دراون لە نێوان ھەردوولادا بەگشتی ببنە بنەمای دانووستاندنێکی بەرھەمدار، بە پێچەوانەوە ھەروەک لە راگەیەندراوی ھاوبەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا ھاتووە لە رۆژی ١٣/١١/٢٠١٧ ، بژاردەی کشانەوەی نوێنەرانی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کراوەیە و پەرلەمانی کوردستان دەستەبەری کۆدەنگیی بۆ دەکات ئەگەر حکوومەتی عێراق دەرفەتی دانووستاندن و لێکتێگەیشتنی ھاوبەش نەدات لە چوارچێوەی دەستووردا.

 

 

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان-عێراق

١٥/١١/٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved