فراكسیۆنی پارتی وەڵامی فراكسیۆنی یەكێتی دەداتەوە

 

  

 

فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان وەڵامی راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی یەكێتی دەداتەوە سەبارەت بە قسەكانی ئەمڕۆی هێمن هەورامی

 

دەقی راگەیەندراوەكەی فراكسیۆنی پارتی:

 

وەڵامێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بۆ فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

 

پاش دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری وەرزی بەهارەی ساڵی دووەمی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی یەکێتی بە هەناسەتوندی لە راگەیەندراوێکدا هەندێک قسەیان بەرامبەر بەڕێز هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی سەرکردایەتی پارتیمان ریز کردووە.

 

لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەڕێزیان پاشی دانیشتنەکە، بێ ئەوەی بەڕێزیان هیچ ناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بهێنێت، بەداخەوە فراکسیۆنی یەکێتی هەندێ قسەو بابەتیان ریز کردوە، کە جگە لە چەواشەکاری و بە لاڕێدا بردن، هیچ پێناسەیەکی دیکە هەڵناگرێت.

 

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان جێبەجێکردنی تەواوی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و گرتنە بەری رێککارە یاساییەکان بوون بۆ جێبەجێکردنی یاساکان. شپرزەیی فراکسیۆنی یەکێتی لە راگەیەندراوەکەیان بە جۆرێکە، دانیشتنی ئاسایی ژمارە چواری پەرلەمان کە لە رووی پەیڕەوی و بەرنامەی کارو نیسابی یاسایی و رێژەی دەنگدان و جێبەجێکردنی خاڵەکانی بەرنامەی کار بە پێی پەیڕەو، بە ساختەو نماییش بزانن.

 

دەبوو فراکسیۆنی یەکێتی، هەر هیچ نەبوایە، لە بەر حورمەتی دامەزراوەی پەرلەمان کە سەرۆکەکەی هەڤاڵێکی سەرکردایەتی خۆیانە، جێبەجێکردنی پەیڕەو پابەندبوون بە یاساو بەشداری 58 ئەندامی بەڕێزی پەرلەمان بە نمایش و ساختە نەزانن.

 

دەبوو فراکسیۆنی یەکێتی بە خەڵکی کوردستان بڵێت، رێگریکردن و کۆسپ درووستکردنەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکی یاسایی و پەیڕەوی پەرلەمانی کوردستان بەرامبەر تەشهیر و تۆمەت هەڵبەستن لە لایەن هەندێک لە ژێر پەردەی پارێزبەندی پەرلەمانی، گەمەی ناشیرین بوو.

 

دیارە شکستهێنانیان لەم گەمە ناشیرینە بۆ پێشێلی یاساو ریگاگرتن لە جێبەجێبوونی پەیڕەوی ناوخۆ، تووشی هیستریای کردوون.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان رەچاوی بەرژەوەندی گشتی کردووە و چاوپۆشی لە بە زۆر خۆسەپاندن کردووە، بەڵام هەموو شتێک سنووری خۆی هەیە و پارتی دیموکراتی کوردستان پێشێلی یاسا ناکات، بەڵام بۆ جێبەجێکردنی یاسا لە لایەن دامەزراوە یاساییاکانەوە هەموو تواناکانی خۆی بۆ سەروەر بوونی یاسا خستووه‌تە گەڕ.

 

بەداخەوە، بەو نەفەس و سیاسەتە چەوتەی لە ناوەڕۆکی راگەیەندراوتان گرتوتانەبەر زیان بە خۆتان و ئەزموونی کوردستانیش دەگەیه‌نن.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، دووپاتی ئەوە دەکەینەوە بەڕێز جێگری سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێکاری سیاسەت و بڕیارەکانی سەرکردایەتی پارتیمانن بۆ سەرخستنی دامەزراوەی پەرلەمان و جێبەجێکردنی یاسابەرکارەکان و پەیڕەوی ناوخۆ.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکیکاری راستەقینەی یاسا و بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە بەو پێوەرەی کە زۆرترین متمانەی خەڵکی کوردستانی بە دەستهێناوە و هەموو بڕیار و سیاسەت و هەڵوێستەکانی لەم چوارچێوەیەدا بووەو دەبێت.

 

 فراکسیۆنی پ.د.ک لە پەرلەمانی کوردستان

٧ی ئایاری٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved