ڕاگەیەندراوێك لە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتیەوە

 

 

 

دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان رای گەیاند، ئەو کەسەی لە لیبیا گیراوە، دوور و نزیک پەیوەندی بە پارتی و لەشکری رۆژەوە نییە .

 

ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ڕوونكردنەوەیەک بۆ رای گشتی

 

لەبارەی گرتنی كەسێكی مورتەزەقە لە لیبیا، كە ماوەی چەند ڕۆژە ژمارەیەك سایت و میدیای كوردی لە هەڵمەتێكی ناڕەوادا بۆ لەكەدار كردنی پارتی و لەشكری قارەمانی ڕۆژ بەكاری دەهێنن، بە هەموو لایەك ڕادەگەیەنین كە:

 

یەكەم: ئەو كەسەی لە لیبیا گیراوە و بەشێوەیەكی گوماناوی ناسنامەی بۆ داتاشراوە، دوور و نزیك پەیوەندی بە پارتی دیموكراتی كوردستان و لەشكری ڕۆژەوە نییە و هەرگیز تەنانەت بۆ یەك خولەکیش پێشمەرگە نەبووە.

 

دووەم: ئەو شەڕ و كاولكارییەی لە لیبیا ڕوودەدات دەرهاوێشتەی ململانێی نێودەوڵەتییە و هیچ پەیوەندی بە ئامانج و سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نییە. شوورەییە كە بۆ لەكەداركردنی ناوی پێشمەرگە و پارتی پەنا بۆ شتێك ببردرێت كە لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندییەكی بە كوردەوە نییە. ئەوە خۆیلەخۆیدا نیشانەی ئیفلاسی سیاسی و ئەخلاقی و فكرییە.

 

سێیەم: ئەگەر گریمان پڕۆپاگەندەكان لەبارەی ئەو كەسە ڕاست بووایە و پێشمەرگە بووبێت (كە لە بنەڕەتدا هیچ بنەمایەكی نییە)، ئەوە هەموو لایەك زۆر باش دەزانن كە لە مێژووی شۆڕشەكانی كورد ڕووی داوە کەسانێک لەناو شۆڕش بوونە بەڵام ناپاكییان كردووە و لە ڕیزی شۆڕش و پێشمەرگە چوونەتە ڕیزی دوژمن.

 

چوارەم: ئەو كەسەی لەپێناو پارە بووەتە مورتەزەقە لە لیبیا كارێكی نەشیاوی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا ناپاكییەكەی بە هیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێت لەگەڵ ناپاكیی فرۆشتنی خاك و خەڵك كە هەندێ تاقم و لایەن لەسەری ڕاهاتوون و دەیانەوێ بە گەورەكردنی بابەتی مورتەزەقەكەی لیبیا پەرێزی خۆیان خاوێن بكەنەوە.

 

پێنجەم: ئەگەر مەبەست لەم هەڵمەتە و لەكەداركردنی پێشمەرگە سەرقاڵكردنی خەڵك بێ بۆ ئەوەی تاوان و ناپاكییەكانی ئەو لایەن و تاقمە دابپۆشرێت، ئەوە با هەموو لایەك دڵنیا بن بەم ژاوەژاو و ناهەقی و چەواشەكارییە تاوان و ناپاكییەكان هەرگیز بزر نابن و فەرامۆشیش ناكرێن.

 

شەشەم: لەشكری قارەمانی ڕۆژ بەدەیان شەهیدی لە شەڕی تیرۆیستان داوە. قارەمانانە بەرگری لە خاكی كوردستان كردووە. ئەو كاتەی كە قارەمانانی لەشكری ڕۆژ بەشداربوون لە تێكشكاندنی دوژمن لە پردێ و سحێلا، خەڵكی تر خاكیان دەفرشت و مورتەزقەی دوژمن بوون.

 

حەفتەم: ڕاستییەكان بۆ هەموو لایەك ئاشكرا دەبن و وەك هەمیشەش ڕووڕەشی بۆ چەواشەكاران دەمێنێتەوە.

 

سەرچاوەیەك لە دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی

پارتی دیموکراتی کوردستان

١٥ـی ٤ـی ٢٠٢٠

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved