چەند بڕیارێكی گرنگ لە پارێزگای سلێمانییەوە بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا

 

 

پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەكۆبونەوەی پارێزگاری سلێمانی و ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێك دراون كە یەكێك لەوانە قەدەغەكردنی نێرگەلەكێشانە لە كافتریاو شوێنە گشتیەكان و داخستنی مەلەوانگەكانە.

 

 

دەقی ىریارەکان کە لەكۆبونەوەكەدا  دراون:

 

١-  لە كۆبونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر هەمو بڕیارو ڕاسپاردەكانی كۆبونەوەی ڕۆژی ٢٥/ ٢/ ٢٠٢٠ی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان و بڕیارو ڕێنمایی‌و بەیانەكانی وەزارەتەكانی ناوخۆو تەندروستی لە كۆبونەوەی ڕۆژی ٢٢/ ٢/ ٢٠٢٠ی وەزارەتی ناوخۆو ڕاسپاردەكانی كۆبونەوەی ڕۆژی ٢٣/ ٢/ ٢٠٢٠ی پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرشتیی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و كۆبونەوەی ڕۆژی ٢٤/ ٢/ ٢٠٢٠ی فەرمانگە پەیوەندیدیدارەكانی پارێزگای سلێمانی بە سەرپەرشتیی پارێزگاری سلێمانی.

 

٢-  میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیارو بەیان‌و ڕێنمایی‌و ڕاسپاردەكان دیاریكران، هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئەو ژمارەو خزمەتگوزاریی‌و شوێن‌و چاودێری تەندروستی‌و پاراستنی ئەو هاوڵاتیانەی لە چین و كۆماری ئیسلامیی ئێران و شارەكانی نەجەف و كەركوكەوە گەڕاونەتەوە، كران.

 

٣-  ڕێوشوێنی پێویست بۆ سەرپەرشتیكردن و چاودێریكردنی وردی دەروازە نێودەوڵەتی‌و مەرزو بازگەكان بۆ بەردەوامبونی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دیاریكران.

٤-  جەخت كردنەوە لەسەر داخستن‌و چاودێریكردنی وردی ڕێگا نایاساییەكانی گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

 

٥-  هەر هاوڵاتیەك لەو شوێنانەوە گەڕابێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان كە لەپێشەوە باسكران لەدوای (٢٠/ ٢/ ٢٠٢٠)ەوە، بە هەر ڕێگاو ئامرازێك، پێویستە خۆیان بە دەزگا تەندروستیەكان بناسێنن، بەپێچەوانەوە ڕێكاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

 

٦-  هاتوچۆی پەناهەندەو ئاوارەكان بۆ شارەكانی تر قەدەغەیەو هەر كەسێك شوێنەكەی خۆی لە سنوری پارێزگای سلێمانی لەم ماوەیەدا بەجێ‌ بهێڵێت، ڕێی پێ نادرێت بگەڕێتەوە پارێزگای سلێمانی تا كاتێكی نادیار.

 

٧-  دوای بڕیاری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی، خەرجیی پێویست بۆ گشت پێداویستیە لۆجیستیی‌و خزمەتگوزارییەكانی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لەڕێی پارێزگای سلێمانیەوە تەرخان كران.

 

٨-  بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی راسپێردرا بەپێی ئەو بودجەیەی تایبەتە بە كەلوپەلی تەندروستی‌و هەڵمەتی هۆشیاری‌و ڕاهێنان لە وەزارەتەكانی تەندروستی و داراییەوە تەرخان كراوە، كاری پێویست بكات بۆ دابینكردنی پێداویستیە تەندروستیەكان.

 

٩-  قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و یەكە كارگێڕییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی‌و لیژنەكانی قائیمقامیەت راسپێردران، كە بەوردی و لێپرسینەوەی تەواوەوە ڕێ لە هەر قۆرخكاریی‌و نرخ بەرزكردنەوەو كەلوپەل شاردنەوەیەك بگرن‌و هەركەس سەرپێچی بكات بەتوندترین شێوە سزای یاسایی دەدرێت.

 

١٠-  پرۆسەی پشكنینی زانستی تاقیگەیی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیەوە دەستی پێكراوەو لە ڕۆژانێكی نزیكدا دەتوانرێت پشكنینی تەواو بۆ هەر گومانلێكراوێك بكرێت.

 

١١-  هەمو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لەڕێی لیژنەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و یەكە كارگێڕییەكانی ترەوە ڕاسپێردران بۆ ڕێگریكردن لە هەر كۆبونەوەو چالاكی‌و بۆنەو یادێكی گشتی، كە كۆبونەوەو بەریەككەوتنی كۆمەڵایەتی تێدا ڕوبدات.

 

١٢-  سەردانیكردنی نەخۆش‌و ڕاگیراو بەندكراوەكان تا كاتێكی نادیار قەدەغەیە.

 

١٣-  (قەدەغەكردنی نێرگەلەكێشان لە كافتریاو شوێنە گشتیەكاندا، داخستنی مەلەوانگەكان، ڕاگرتنی لایڤ میوزیك)و، هەر شوێنێكی تریش، كە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان‌و لیژنەكانی قائیمقامیەت بەپێویستی بزانن دەگرێتەوە تا كاتێكی نادیار.

 

١٤-  هاتنی گروپی گەشتیاریی و هاتنی گەشتیار لە كۆماری ئیسلامیی ئێران‌و شارەكانی نەجەف و كەركوكەوە، تا كاتێكی نادیار قەدەغە دەكرێت. پێویستە هەمو دامەزراوە گەشتیارییەكان پابەندی تەواوی ئەم بڕیارە بن.

 

١٥-  پێویستە هەمو كەسێك بەوردی ڕێنماییە فەرمییەكانی وەزارەتی تەندروستی‌و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی پەیوەست بە خۆیان‌و ماڵا‌و شوێنی كاركردن‌و شوێنە گشتیەكان پەیڕەو بكەن بۆ خۆپارێزی باشتر.

 

١٦-  تەنها سەرچاوەی ڕاگەیاندنی زانیاری‌و ئامارەكانی پەیوەست بەم پەتایە، وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو هەر زانیاری‌و واتەوات و راگەیاندنێكی نافەرمیی ڕوبەڕوی لێپرسینەوەی یاسایی دەكرێتەوە.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved