بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێکی دەرکرد

 

 

فەرمانگە و دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و وەزیری تەندروستی و پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە رێکارەکانی خۆپارێزیی و رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبوونەوە و لە کۆتایی کۆبوونەوەکە ١٧ بڕیاری نوێ درا.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی پارێزگاری هەولێر:

 

چەند بڕیارێکی تری پارێزگای هەولێر سەبارەت بە خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا

 

لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەڕێزان، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، د.فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، د.عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ هەر (10) قایمقام و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایش و تەندروستی و سەرجەم فەرمانگەکانی تری سنوری پارێزگای هەولێر، ئەم بڕیارانەی لای خوارە لەبارەی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پەسندکران.

 

١- جەخت کردن و پابەندبوون بەسەرجەم بڕیارەکانی لێژنەی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا، تایبەت بە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی، هەروەها جێ بەجێ کردنی سەرجەم بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

 

٢- ڕێوشوێنەکانی کەرەنتین بەردەوام دەبێت و بۆ لەمەبەدوا ڕێوشوێنی توندتر دەگرینەبەر، داواش لە وەزارەتی ناوخۆ و وازارەتی تەندروستی دەکەین سەبارەت بەو خەڵکانەی لەو وڵاتانەی نەخراوتە ناو لیستی کەرەنتین و لەڕێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دێنە ژوورەوە بخرێنە کەرەنتینەوە و هاوشێوەی ئەو هاوڵاتیانەی لە ئێران دەگەڕێنەوە وادەیەکیان بۆدیاری بکرێت کە دوای ئەو وادەیە بۆیان نەبێت بگەڕێنەوە، هەر کەسێکیش بەڕێگای قاچاخ لەمەرزەکان یان لە شوێنی تر گەڕاوەتەوە، ئەوا دەست بەجێ بە بەماڵ و منداڵییەوە دەخرێتە کەرەنتین، ئەوانەشی کە ماوەی کەرەنتینیان تەواو بووە، لەلایەن تیمەکانی تەندروستییەوە پشکنیان بۆ دەکرێت، دوای دڵنیا بوون لێیان ئینجا ڕەوانەی ماڵەکانیان دەکرێنەوە.

 

٣- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 هاتوو چۆکردنی هاووڵاتیان لەنێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان قەدەخەکراوە، جگە لە تیمە تەندروستییەکان، دیپلۆماتکاران، رێکخراوەکان و ئاژانسەکانی un، کۆمپانیاکانی سوتەمەنی نەوت و غاز، هێزە ئەمنییەکان و بازرگانەکان، بۆ هەر حاڵەتێکی دیکە، پێویستە ڕەزامەندی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان وەربگیریت لە ڕێگەی هێڵی گەرم بە ژمارە(122) کە لە نوێنەرایەتی قایمقامەیەتەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی پۆلیس و ئاسایشی هەولێر پێکهاتووە.

 

٤- بۆ جەژنی نەورۆز، داوا لە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگاکەمان دەکەین هەتا بۆیان دەکرێت گەشت و سەیران نەکەن و لەماڵەکانی خۆیان بمێننەوە، ئەگەر دەشیکەن بەتەنها وەک خێزان بڕۆن و دووربن لە قەرەباڵغی و سازکرندنی ئاهەنگ و دروستکردنی جەنجاڵی و قەرەباڵغی، پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی خۆتان لەسەروی هەموو شتێکەوەیە.

 

٥- سەبارەت بە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران ڕێوشوێنی پێویست دانراوە و بۆ لەمەو دواش ڕێوشوێنی دیکەی پێویست گیراوەتەبەر، دڵنیایی دەدەینە هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دۆخەکە وەک خۆیەتی و هیچ قەیرانێکی کەم بوونی کەل و پەل و پێداویستییەکانمان نییە، لە مەرزی حاجی ئۆمەران ئەو جموجۆڵە بازرگانییە کە هەبووە وەکو خۆیەتی و بەردەوامە و هیچ گۆڕانکارییەک ڕووینەداوە، تەنها لەڕووی تەندروستی بەمەبەستی پاراستن و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ڕێکخراوە، لەگەڵ پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواری عێراقیش لە بازگەی شێراوە گۆڕەپانێک تەرخانکراوە کە تێیدا ئاڵوگۆڕی بارهەڵگرەکان دەکرێت، هەموو ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانیانەی کە هەبووە نەوەستاوە و بەردەوامە.

 

٦- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 داخستنی سه‌رجه‌م کۆمەڵگا و هاوینه‌هه‌وار و پرۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان.

 

٧- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 داخستنی سەرجەم پارکە گشتییەکان و باخچە حکومی و ئەهلییەکان.

 

٨- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1، داخستنی سەرجەم سەرتاشخانە و کافتریا و چایەخانەکانی سنوری پارێزگای هەولێر.

 

٩- لە 2020.3.14 تاوەکو 2020.4.1 ڕاگرتنی سەرجەم ڕێستورانت و چێشتخانەکان، تەنیا بۆیان هەیە بە شێوەی گەیاندنی خێرا (دلیڤەری) خورادن بفرۆشن، بە پێچەوانەوە دادەخرێن.

 

١٠- داخستنی یەکجارەکی سەرجەم شوێنەکانی سەربڕینی ئاژەڵان و پەلەوەر و شوێنەکانی تری فرۆشتنی گۆشت ئەوانەی کە مۆڵەتی فەرمی تەندروستییان نییە.

 

١١- سەبارەت بە شوێنە جەنجاڵ و قەرەباڵغەکان و بازاڕە میللیەکان، دەسەڵات دراوەتە قایمقامیەتەکان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، هەر شوێنێک جەنجاڵی و قەرەبالغی و بەریەک کەوتنی زۆری هاوڵاتیانی تێدابوو ڕێو شوێن و ڕێکاری تایبەت بگرنەبەر.

 

١٢- پێشانگاکانی فرۆشتنی ئوتۆمبێل لە ڕۆژانی هەینی دادەخرێن، هەر کەسێک و خاوەن پێشنگایەک سەرپێچی بکات ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و شوێنەکەی بۆ ماوەیەک دادەخرێت، دەسەڵاتیش دراوەتە قایمقامیەتەکان ئەگەر ڕۆژانی تر جەنجاڵی و قەرەباڵغی هەبێت بەهەمان شێوە دابخرێن.

 

١٣- هەڵمەتی ڕشاندنی (موعەقەم)ی دژە ڤایرۆس لەهەموو شوێن گشتیەکان و بازاڕەکان بەردەوام دەبێت.

 

١٤- بەندیخانەکان، خانەی بەساڵاچوان، خانەکانی نەوجەوانان، شلتەری ئافرەتان، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی و سەلامەتیان ڕێوشوێنی توند گیراوەتەبەر.

 

١٥- کەمپەکانی پەنابەر و ئاوارەکان ڕێوشوێنی توند گیراوەتە بەر لە چوونە ژوورە و هاتنە دەروە و ڕشاندنی (موعەقەم)ی دژە ڤایرۆس و داخستنی هەموو شوێنە قەرەباڵغەکانی.

 

١٦- داوا لە وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکەین بۆ ئەوانەی شوێنەکانیان داخراوە، چ ئەوانەی کرێنشینی حکومەتن یان کرێنشینی خەڵکن، لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە بدرێت و لە کڕێکانیان داشکاندن و کەمکردنەوەیان بۆ بکرێت.

 

١٧- هەندێ کەس بەنیازن بە قۆستنەوەی ئەم دوخە و سەرقاڵبوونی حکومەت بە ڕووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەرپێچی بکەنە سەر موڵکی گشتی و ئەرزی حکومەت، لەم بارەیەوە قایمقامیەتەکان ڕاسپێردراون تووندترین ڕێکار بەرامبەر ئەو جۆرە کەسانە بگرنەبەر.

 

دڵنیای هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەینەوە شەو ڕۆژ دەخەینە سەر یەک بۆ پارێزگاریکردن لە سەلامەتی و تەندروستیان، داوا و تکا دەکەین پابەندبن بە ڕێنمایی و بڕیارەکان.

 

 

ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر

١٢-٣-٢٠٢

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved