عوسمان بایدەمیر : کوردستان  لێرەیە

عوسمان بایدەمیر لەناو پەرلەمانی تورکیا دا دەستی خستەسەر دڵی و وتی 'کوردستان لێرەیە'

       

لە وەڵامی پەرلەمانتارانی ئاکەپە کە پرسییان کوردستان چییە و لەکوێیە، عوسمان بایدەمیر، پەرلەمانتاری هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، دەستی خستەسەر دڵ-ی و ڕایگەیاند "کوردستان ئەمە و لێرەیە"، بەو هۆیەشەوە عوسمان بایدەمیر بە بەشداریی پێنکردن لە دوو دانیشتنی داهاتووی پەلەمانی تورکیا سزادرا.

 

لەكاتی بەرێوەچونی دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی توركیا، عوسمان بایدەرمیر، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، لەمیانی پێشكەشكردنی لێدوانێكی لەناو هۆڵی پەرلەمان، ناوی کوردستان-ی هێنا، بەوهۆیەشەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی پەرلەمانتارانی ئاکەپە بووەوە.

 

بایدەمیر لە وتارەکەیدا، وتی:

"ئەو گەلەی کە ئێوەی هەڵبژاردووە چەنێک ڕێزدارە، ئەو گەلەیشی کە کوردی هەڵبژاردووە ئەوەندە ڕێزدارە، تەنها شتێک هەیە کە پێوستە ئەنجام بدرێت، ئەویش ئەوەیە، کە دەبێت کۆتایی بە لەنابردنی کەلتووری بهێنرێت".

 

"لەم وڵاتەدا نەک تەنها کودەتایەک، بەڵکو چەندین کودەتا ئەنجامدراوە، هەوڵی کودەتاکەی ١٥ی  ٧، بەڵام ئەوەی کە هەوڵی ئەنجامدانی کودەتای وەک فریادڕەسێک بینی و بەڕاستیش کودەتای لەم وڵاتە ئەنجامدا، ئەم حکومەتە خۆی بوو، یەکێکیش لەو کودەتایانە، کودەتای ٤ ی ١١ ی ٢٠١٦ بوو".

 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عوسمان بایدەمیر وتی:

"من ڕۆڵەیەکی کوردم و نوێنەرێکی کوردستانم، با ئەم شوێنە ببێتە شوێنی هاوبەشی کورد و تورک، ئەگەر ئێوە کورد دوورەپەرێز بگرن یان بیانخەنە زیندان، لە کۆتایی کۆتایی دا ئێوە ٨٠ ملیۆن کەس بەتەواوی لەدەست دەدەن، وەرن با پێکەوە دەسەڵاتێکی سیاسی دروستبکەین کە کەس لەبیرنەکەین".

 

بەهۆی ئەوەی عوسمان بایدەمیر لەناو وتەکانیدا وشەی 'کوردستان'ی بەکارهێنا، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە و پەرلەمانتارانی ئاکەپە نیگەران بوون و لە بایدەمیر-یان پرسی: کوردستان لەکوێیە؟،

 بایدەمیر-یش دەستی خستەسەر دڵی و وتی:

"ئەمەیە، کوردستان لێرەیە"، بەهۆی ئەم هەڵوێستەیشییەوە، سەرۆک پەرلەمانی تورکیا، عوسمان بایدەمیر-ی بە بەشداریپێنەکردن لە دوو دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی تورکیا سزادا.

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved