نوێنەرایەتیی ڕۆژئاوا بانگەوازێك ئاڕاستەی باشوری کوردستان دەکات

 

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کۆنگرەکەی ڕۆژنامەنووسییان دەربارەی هەڕەشە و مەترسییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و گرنگیی پشتیوانیی باشوری کوردستان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و تێیدا بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی ڕای گشتیی کرد.

 

دەقی بەیاننامەکە:

 

بۆڕای گشتی

 

لە ماوەی هەشت ساڵی راِبردوودا و لە ئەنجامی شۆڕشێكی راستەقینە لە هەموو بوارەكاندا، گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان و باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا توانی بە پشتبەستن بە ئیرادەی خۆی چەندین گۆڕانكاری گەورە ئەنجام بدات و سیستمێكی بەڕێوەبەریی دیموكراتیبونیادبنێت، و ببێت بە دەرفەتێك بۆ تەواوی پێكهاتەكان بۆ بەدیهێنانی تەبایی وپێكەوەژیان، هەروەها ببێت بە نموونە بۆ ژیانی هاوبەش و ئازاد و ڕخساندنی دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكانی ناو سوریا، لەسەرووغ هەمووشیانەوە دۆزی رەوای گەلی كورد.

 

گومانی تێدا نییە كە ئەم دەستكەوتە مەزنانە هەموویان لە ئەنجامی قوربانی گەورەی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە (كچ و كوڕ)كان پێكهاتوون دوای بەرخودانێكی بێ وێنە لەدژی ستەمكاری و تیرۆری چەتەكانی جبهە النصرە و احرار الشام و سوپای بەناو ئازاد، لە كۆتاییشدا سەركەوتنی مێژویی و لەناوبردنی گەورەترین و مەترسیدارترین رێكخروی تیرۆریستی لە مێژوودا ( داعش) و لەناوبردنی لەسەر زەمینی جیوگرافی، كە ئەم بەرخودانە خۆی لە خۆیدا نەك تەنها بەرگریكردن بوو لە گەلی خۆمان و ناوچەكانی خۆمان، بەڵكو بەرگریكردن بوو لەبری تەواوی مرۆڤایەتیی.

 

ئەمەش لەكاتێكدابوو كە دەوڵەتی توركیا بەردەوامیارمەتی ئەو هەموو گروپە تیرۆرستیانە دەدات، لە سەرووی هەمووشیانەوە گروپی تیرۆریستی داعش، كە لە ئیستادا بە دەیان بەڵگە و دۆكیۆمێنت لەبەردەستن كە ئەو پەیوەندیە لە نێوانیاندا دەسەلمێنێت. هەروها زۆر ئاشكرا و دیاربوو دوای شكستی هەموو هەوڵەكانی ئەو چەتە تیرۆریستیانە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیان، دەوڵەتی تورك دوای ئەوە هەستا بە جوڵاندنی سەربازەكانی خۆی بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی كە چەتەكانی نەیانتوانی بەدیبهێنن، لەئەنجامدا ئەو داگیركارییە لەسەر عەفرین سەپێنرا، و دەستكرا بە كوشتار و دەربەدەركردنی خەڵكی مەدەنی و ڕەسەنی ناوچەكە و گۆڕینی دیمۆگرافی و دەیان تاوانی دیكەی دژی مرۆڤایەتی، كە تا ئیستاش رۆژانە رفاندن و ئەشكەنجەدان و دەستدرێژی دەرهەقی ئەو خەڵكەی كە لە وێ ماون، بەردەوامە.

 

دەوڵەتی فاشیستی توركیا هاتووە هەمان سیناریۆ دووبارەبكاتە و لە ناوچەكانی دیكەیڕۆژئاوای كوردستان و باكور ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە ئامانجی لێدان لە پرۆژەی دیموكراتی و لەناوبردنی هەر ئیرادەیەكی كورد لەوێ، ئەمەش لەدوای رێككەوتن و لێكتێگەیشتنێكی نێودەوڵەتی، سەرەڕایئەوەی كە زۆر روون و ئاشكرایە كە خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی لە باكور ڕۆژهەڵاتی سوریا هەرگیز نەبووە بە هەڕەشە لەسەر سنووری توركیا و هیچ كاتێك هەڕەشەیان تەنها هێرشێكیشی ئەنجام نەداوە، بەڵكو ئەو ناوچەیە و بە تایبەتی نزیك سنوورەكان ئارامترین و سەقامگیرترین ناوچەبوون، هەر وەكو خۆربەڕێوەبەری خۆمان چەندین جار دووپاتی كردبوو كە ئەوان ئامادەن بۆ هاوكاری و هەماهەنگی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لەو ناوچانە لە رێی پابەندبوون بە میكانیزمی پاراستنی سنوورەكان، كە لە نێوان ئەمریكا و توركیا رێككەوتنی لەسەر كرابوو ، هەروها بەردەوام ئەوەی دووپاتكردبووەوە كە بڕوای تەواویتن بە دیالۆگ و چارەسەری سیاسی و ئاشتیانە هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەر لایەنێكدا.

 

ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی توركیا لە دژیڕۆژئاوای كوردستان و باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەنجامەكەی زۆر وێرانكەر دەبێت لەسەر تەواوی ناوچەكە و ئەگەری هەڵگیرساندنی شەڕێك فەراهەم دەكات، كە چەندین ساڵ درێژە دەكێشێت. ئەم هێرشە ئامانجەكەی لێدانی پڕۆژەی دیمكراسی و  ئیرادەی گەلان و بە تایبەتی ئیرادەی گەلی كوردە، بۆیە ئێمە روومان لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە بۆ دەستێوەردان لەم دۆخە و راوەستاندنی ئەم هێرشە و رێگانەدان بە توركیا بۆ داگیركردنی ناوچەكە و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی گەورە بەسەر سەری خەڵكەكەدا.

 

هەر هێرشێكی سەربازی توركیا بێگومان قەیرانێكی مرۆیی زۆر گەورە بەدوای خۆیدا دەهێنێت و دەبێت بە هۆكاری ئاوارەبوون و دەربەدەربوونی ملیۆنان خەڵكی ئەو دەڤەرە كە لە دواجاردا دەرهاوێشتەكانی هەموو ناوچەكە دەگرێتەوە.

 

ئێمە بانگەوازی گەلەكەی خۆمان دەكەین لە باشوری كوردستان بۆ دەربڕینی هەڵوێستێكی گونجاو بەرامبەر ئەم هێرشانە و بینینی مەترسییەكان پێش روودانی، كە ئەمەش ئەركێكی ئەخلاقی و نشتیمانی و نەتەوەییە، لە رێی رێكخستنەوەی رێپێوان و مانگرتنی ئاشتیانە سەرانسەری هەرێمی كوردستان، هەروها دەبێت پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە ئەركی خۆیان هەستن بۆ رێگریكردن لەهەر هێرشێك و پشتیوانیكردنی دەستكەوتەكانیڕۆژئاوای كوردستان و باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و جێبەجێكردنی بڕیاری ژمارە٢٤ی رێكەوتی١٥/١٠/٢٠١٤ی پەرلەمانی كوردستان، كە تایبەت بە پشتیوانیكردنی ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوای كوردستان.

 

لە كۆتاییشدا ئێمە دووپاتدەكەینەوە كە باوەڕی زۆرمان بە هێزی سەربازی خۆمان و پرۆژەی دیموكراسی و گەلەكەمان هەیە، بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە خاكی خۆمان، هەروها گومانمان نییە كە ئەوان پارێزەی رێبازێكی راستەقینە دەبن بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان لەگەڵ هەموو لایەك و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەمان و بونیادنانی سوریایەكی نا ناوەندیی و دیمكرات.

 

نوێنەرایەتی رۆژئاوای كوردستان لە باشوری كوردستان

٩/١٠/٢٠١٩

سلێمانی

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved