نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە

 

 

نێچیرڤان بارزانی ، بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە ،پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

 

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:

 

بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە، گه‌رمترين پيرۆزبايى سه‌ره‌تا له‌ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و ئه‌نفالكراوان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان، ئينجا له‌ سەرجەم موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان و ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات ده‌كه‌م.

 

هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەمووان و هاندەری هەموو لایەک بێت بۆ یەکڕیزی و ئاشته‌وايى و تەبایی. هەموومان پێکەوە بە گیانی لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردنەوە، لەپێناو ئاشتی و سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستاندا، ئەرک و بەرپرسیاریه‌تیی خۆمان بەرامبەر بە گەل و نیشتمان بەجێ بهێنين.

 

به‌و هیوایه‌ی جه‌ژن و یاد و بۆنه‌کانی داهاتووی هه‌موو پێکهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كانى کوردستان له‌ سايه‌ى قووڵبوونه‌وه‌ى زياترى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و ته‌بايى و فره‌ڕه‌نگى، ئارامی، ئاوه‌دانی، پێشکه‌وتنی به‌رده‌وام و ژيانێكى باشتردا بگه‌ڕێنه‌وه‌‌.

 

دووباره‌ جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان له‌ هه‌موو لايه‌ك پيرۆز بێت و هيواى پشوويه‌كى خۆش و ئارام بۆ هه‌مووان ده‌خوازم.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان

٣/٦/٢٠١٩

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved