سوپاس بۆ زانیاری ‌و پاراستن؟!

 

 

ئاوێنە/ئا: محه‌مه‌د ره‌ئوف

 

نەگوێ بەنەورۆزو جەژن‌و روحی ماندوو دەرونی پڕ لەگێژاوی هاوڵاتیان دەدەن، نەبەقەیرانی دارایی‌و بێموچەیی‌و تارماییە ترسناكەكانی كۆرۆنا، بەربونەتە گیانی یەكدی گەدو گیپاڵی ٢٨ ساڵی بۆگەنی حوكمڕانی خۆیان‌و دەزگا هەواڵگرییەكانیان هەڵدەدەنەوە كە پڕە لەناشرینترین ناشرینەكانی سیاسەت‌و گەندەڵی‌‌و مافیایی، شەرم ناكەن دوای ٢٨ ساڵ هاوڵاتیان بەدوای قوتویەك شیرو پاكەتێك نیسك‌و رۆن‌و ئاردا رادەكات..

 

تەنها بەدوو بەیاننامە قسەو نوسینی دەیان ساڵەی ئێمەیان سەلماند كە بە 28 ساڵی رەخنەو نوسین نەدەسەلمێنرا، (دزیكردن، سیخوڕی بەسەر هاوڵاتیانەوە، خیانەت، گروپی مافیایی، كوشتنی رۆژنامەنوسان، تیرۆری هاوڵاتیان، بەتاڵاتبردنی پارەی نەوت، كار بۆ ئەم دەوڵەوت و ئەو دەوڵەت دەكەن، حزبی بوونی دەزگاكان لەخزمەتی بەرژەوەندی بنەماڵەو كەسەكان...

 

ئێستا زانیاری یەكێتی‌و پاراستنی پارتی... گەندەڵی‌و سیخوڕی‌و دزی‌و مافیایی ٢٨ی ساڵی رابردویان هەڵدایەوەو پێیانوتین ئەوە روی راستەقینەی ٢٨ ساڵەی حكومڕانیە لەهەرێمی كوردستان...

 

زانیاری: پارتی سەردەشت عوسمانی كوشتووە

پاراستن: یەكێتی ئامانج بابانی تیرۆركردووە

 

زانیاری: كوڕەكانی بنەماڵەی سەرۆكی حكومەت 250 ملیۆن دۆلاری كۆمپانیایەكی نەوتییان بردووە

پاراستن: براكانی لاهور جەنگی گروپی مافیاییان هەیەو خەڵكی دەڕوتێننەوە

 

زانیاری: باوك‌و باپیری سەرۆكی حكومەت خیانەتیانكردووەو پیاویان كوستووە

پاراستن: خۆی‌و براكانی وڵات فرۆشن و خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان لەلاپەڕە رەشەكانی مێژوودا تۆماركرد

 

زانیاری: پارتی لەژێر ئەشكەنجەدا خەڵكی بێتاوان وەكو تاوانبار دەهێننە سەر تەلەفزیۆن

پاراستن: لاهوری جەنگی بەڵگە و گرتە ڤیدیۆیی لەسەر ئەندامانی حیزبەكەی بەكار هێناوە

 

زانیاری: سەرۆكی حكومەت تا ئێستاو بەنایاسایی سەرپەرشتیاری دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری هەرێمشە

پاراستن: لاهور و براكانی چەندین باندی سیخوڕی‌و مافیاییان پێكهێناوە.

 

زانیاری: سەرۆكی حكومەت، حكومەتێكی فاشیل بەڕێوە دەبات

پاراستن: لاهور جەنگی دەزگاكەی بۆ برەژەوەندی خۆی بەكارهێناوەو دەستی بەبازرگانی چەك‌و تەقەمەنی كرووە

 

سوپاس بۆ زانیاری یەكێتی‌و پاراستنی پارتی‌و دەزگا هەواڵگرییەكانی سەرۆكی حكومەت‌و هاوسەرۆكی یەكێتی، كە بەراست‌و درووستی روی راستەقینەی ٢٨ ساڵی حكومڕانی هەرێم‌و تاڵانی‌و مافیایی دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستان‌و دەزگا هەواڵگرییەكانیان بۆ خستینەرو.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved