مەزڵوم عەبدی: لەنێوان ڕێککەوتن و جینۆساید، ژیانی خەڵکەکەمان هەڵدەبژێرین

 

 

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە، لەمیانەی وتارێکیدا بۆ گۆڤاری فۆرین پۆلەسی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، لەنێوان ڕێککەوتن لەگەڵ سوریاو ڕووسیا و جینۆسایدی گەلەکەمان، بێگومان ژیانی خەڵکەکەمان هەڵدەبژێرین.

 

 

دەقی وتارەکە:

 

بۆ یەکەمجار لەنێو پەشێوی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەمان جیهان ناوی ئێمەی بیست، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). من وەکو سەرکردەیەکی باڵا لە ڕیزەکانیدا خزمەت دەکەم، هەسەدە ٧٠٠٠٠ شەڕڤانی هەیە کە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٥ وە دژی جیهادیە توندڕەوەکان و نەیارانی ڕەگەزی و چەوساندنەوەی ژنان جەنگاوە، هەسەدە بووەتە هێزێکی خەباتکاری ڕێکخراو و پڕۆفیشناڵ، هەرگیز تاکە فیشەکێکیان بە ئاراستەی تورکیا نەتەقاندووە، سەرباز و ئەفسەرە ئەمریکیەکان ئێستا بەباشی دەمانناسن و ستایشی چالاکی و لێهاتووییمان دەکەن.

 

هەمیشە بە هێزەکانمانم ووتوە ئەو جەنگە هی ئێمەیە! تیرۆریستە جیهادیەکانی داعش لە سەرانسەری جیھانەوە بۆ سووریا هاتبوون، ئێمە ئەو کەسانەین کە دەبێت شەڕیان لەگەڵ بکەین، چونکە ئەوان خاکەکەمانیان داگیرکردووە، گووندەکانمانیان تاڵانکردووە، منداڵەکانمانیان کووشتووە و ژنەکانمانیان کردووەتە کۆیلە.

 

بۆ ئەوەی خەڵکەکەمان لەو مەترسیە گەورە ڕزگار بکەین، ١١٠٠٠ سەربازمان لەدەستدا کە هەندێکیان لە ئازاترین سەرباز و فەرماندەکان بوون، هەمیشە بە هێزەکانمانم ووتوە کە ئەمریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی دیکە هاوبەشی ئێمەن، بۆیه پێویستە هەموو کاتێک گەرەنتی ئەوە بکەین کە زیانیان پێنەگات.

 

لەنێو پاشاگەردانی جەنگدا، هەمیشە بەپێچەوانەی نوێنەرە ناحکومیەکانەوە پابەندی ئەتەکێت و ڕەوشتەکانمانەوە بووین، ڕێکخراوی (القاعدە)مان تێکشکاند و داعشمان بنبڕكرد، لەهەمان کاتدا سیستەمێکی بەڕێوەبردنی گونجاومان لەسەر بنەمای حکومەتی بچووک و فرەڕەنگی و جیاوازی بنیاتنا لەڕێگەی دەسەڵاتە خۆجێیەکانەوە

 

خزمەتگوزاریمان بۆ هاوڵاتیانی کورد و عەرەب و سریانی و کریستیانەکان دابینکرد و بانگەشەی ئەوەمان کرد کە ناسنامەی نەتەوەیی سووریای فرەڕەنگ هەموو پێکهاتەکان بگرێتەوە،  تێڕوانینی ئێمە بۆ داهاتووی سیاسی سووریا بریتییە لە لامەرکەزی فیدراڵی بە ئازادی ئاینی و ڕێزگرتن لە جیاوازیە هاوبەشەکانەوە.

 

ئەو هێزانەی کە فەرماندەییان دەکەم لە ئێستادا تەرخانکراون بۆ پاراستنی یەک لەسەر سێی خاکی سووریا دژ بە دەستدرێژیێک لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوە جیهادیەکانی،  ئەو ناوچەیەی کە بەرگری لێدەکەین لەماوەی دوو سەدەی ڕابردوودا پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ئەو خەڵکانەی کە ڕزگاریان بوو لە جینۆساید و پاکتاوی نەژادی کە لەلایەن تورکیاوە لەدژی کورد و سریانی و ئاشووری و ئەرمەنیەکان ئەنجام دراوە.

ئێمە پارێزگای لە زیاتر لە ١٢٠٠٠ تیرۆریستی زیندانی داعش دەکەین و خێزان و منداڵە توندڕەو پەروەردەکراوەکانیان لەخۆ دەگرین، هەروەها ئەو پارچەی سووریاش لە میلیشیا ئێرانیەکان دەپارێزین.

 

کاتێک هەموو جیهان پشتی تێکردین، ئەمریکا دەستی هاوکاری درێژ کرد، لەسەر داوای ئەمریکا ڕەزامەندیمان دەربڕی چەکە قوڕسەکانمان لە ناوچەی سنووریی لەگەڵ تورکیا بکێشینەوە، پێگەکانی بەرگریمان چۆڵ بکەین و پاشەکشە بە ئەزمووندارترین چەکدارەکانمان بکەین، تا ئەوکاتەی ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی بووایە لەگەڵمان، تورکیا هێرشی نەدەکردە سەرمان.

 

ئێستا وەستاوین و سینگمان بەڕووی هێرشی تورکیا واڵا کردووە.

سەرۆک دۆناڵد تڕەمپ لە زووەوە بەڵێنی کشانەوەی یەکە سەربازیەکانی ئەمریکای دابوو، ئێمە لەوە تێدەگەین و هاوسۆزی دەردەبڕین، باوکان دەیانەوێت منداڵەکانیان ببینن لەسەر کۆچیان پێدەکەنن، خۆشەویستان دەیانەوێت گوێیان لە دەنگی چرپەی هاوژینەکانیان بێت، هەمووان دەیانەوێت بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.

 

هەرچۆنێک بێت ئێمە داوا لە سەربازە ئەمریکییەکان ناکەین کە لە گۆڕەپانی جەنگدا لەگەڵمان بن، ئێمە ئەوە دەزانین کە ئەمریکا پارێزەری جیهان نییە، بەڵام دەمانەوێ کە ئەمریکا ڕۆڵی گرنگی خۆی بگێڕێت لە هێنانەدی چارەسەرێکی سیاسی بۆ سووریا چونکە ئێمە دڵنیاین کە ئەمریکا توانای تەواوی هەیە لە نێوەندگیری لەنێوان خۆی و تورکیا بۆ هێنانەدی ئاشتیێکی هەمیشەیی.

 

ئێمە وەک چەمکێکی بنەڕەت باوەڕمان بە دیموکراسی هەیە، بەڵام لەژێر ڕۆشنایی هێرشەکەی تورکیا و ئەو هەڕەشە وجوودیەی کە بەهۆیەوە ڕووبەڕووی خەڵکەکەمان بووەتەوە، لەوانەیە وا پێویست بکات بە هاوپەیمانەکانماندا بچینەوە، ڕژێمی سووریا و ڕووسیا چەند پێشنیارێکیان کردووە کە بۆی ھەیە ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگار بکات کە لە ئێستادا لەژێر پارێزگاریدا دەژین، متمانە بە بەڵێنەکان ناکەین، ڕاستیت بوێت، قوڕسە کە بزانی دەبێت متمانە بە کێ بکەیت.

 

ڕوونە کە هەڕەشەی داعش هێشتا لە ئارادایە بەشێوەی تۆڕێکی شانەی نوستوو کە توانای یاخیبوونی هەیە.

 

ژمارەی زۆری بەندکراوەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە بەندیخانەی نەگونجاو وەک بۆمبی کات بۆ دانراو وایە کە لەوانەیە لە هەرکاتێکدا بێت بتەقێتەوە.

ئێمە دەزانین کە پێوویستە سازشێکی ئازار بەخش بۆ مۆسکۆ و بەشار ئەسەد بکەین ئەگەر کاریان لەگەڵ بکەین، بەڵام ئەگەر پێویست بێ لە نێوان سازشکردن و جینۆسایدی خەڵکەکەمان یەکێکیان هەڵبژێرین ، بە دڵنیایەوە ژیان بۆ خەڵکەکەمان هەڵدەبژێرین.

 

ئەگەر ئەمریکا بەبێ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی، یان داهاتووێکی ئارام و جێگیر بڕوات، ئەوا سوریا لەبەردەم دوو هەڵبژاردەدایه: ڕێباز خوازێکی ئایینی یاخود شەڕێکی خوێناوی ڕەگەزی ــــ مەگەر ئەوەی کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێز و توانای خۆی بەکاربھێنێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک پێش ئەوەی بکشێتەوە.

باوەڕی قووڵ بە دیموکراسی هۆکاری بەستنی هاوپەیمانیمان بوو لەگەڵ ئەمریکادا. ئێمە بەهۆی ئەو قەیرانانەی ئێستا نائومێد ڕووی تێکردووین، خەڵکەکەمان لەژێر پەلاماردایە و سەلامەتی ئەوان گەورەترین نیگەرانیمانە، لێرەدا دوو پرسیار دەمێنێتەوە: چۆن دەتوانین بەباشترین شێوە خەڵکەکەمان بپارێزین؟ ئایا ئەمریکا هێشتا هاوپەیمانمانە؟

 

مەزڵوم عەبدی- ماڵپەڕی فۆرین پۆلەسی

و: محەمەد ڕەحمان

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved