ده‌باشان.. رێوره‌سمی چله‌ی مام جەلال بەڕیوەچوو

 

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ١٠/١١/٢٠١٧، به‌ ئاماده‌بوونی بنه‌ماڵه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال و چه‌ندین به‌رپرسی حزبی و حكومی و كادیرو ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌كێتی و هه‌زاران هاووڵاتی سه‌رجه‌م شاره‌كانی كوردستان له‌ کاتژمێر٣ ی پاشنیوه‌ڕۆ مه‌راسیمی چله‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال شكۆی نه‌ته‌وه‌یه‌ك و سمبولی ئاشتی ئارامی و سه‌ركه‌وتن تا نه‌سره‌وتن و سه‌مامی ئه‌مانی عیراق و عیراقییه‌كان له‌ گردی ده‌باشان له‌ شاری سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو.

 

 سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند ئایه‌تێك له‌قورئانی پیرۆز ده‌ستیپێكرد، دواتر به‌رنامه‌ی مه‌راسیمه‌كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌و وتنه‌وه‌ی وته‌و ئامۆژگارییه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌سه‌ر جه‌م بواره‌كاندا ده‌ستی به‌ به‌رنامه‌كانی كرد.

 

پاشان بروسكه‌ی ماته‌مینی سه‌رجه‌م لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه‌ ناوخۆیی و عیراقی و جیهانییه‌كان بۆ كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال خوێندرانه‌وه‌، هه‌رله‌مه‌راسیمی چله‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان له‌ ده‌باشان له‌سه‌ر مه‌نزڵگای شكۆی نیشتمان، به‌ڵنێیان بۆ سه‌رۆك مام جه‌لال دووپاتكرده‌وه‌و به‌ڵێنیان بۆ مامی گه‌وره‌و سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌ی كورد دووپاتكرده‌وه‌، جه‌ختیشیانكرده‌وه‌ كه‌ هه‌میشه‌ پارێزه‌ری رێبازه‌ مه‌نزنه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌بن و هه‌میشه‌ له‌دیادی ناكه‌ن.

 

‌ به‌رپرسانی ئێستا و پێشووی یه‌كێتی له‌یادی چله‌ی سه‌رۆك مام جه‌لالدا

 

د. بەرهەم ساڵح لەمیانی بەشداریکردن لەچلەی سه‌رۆك مام جەلالدا، بەرۆژنامەنوسانی راگەیاند، دەبێت هەموو لایەنەکان دوور لەبەرژەوەندی حزبی کار بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی کوردستان بکەن.

 

 لەبارەی سه‌رۆك مام جەلالەوە، د. بەرهەم وتی "ئەو گه‌وره‌ و مامۆستا و مامی‌ منه‌، خۆم به‌ رێبوارێكی‌ كاروانه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال ده‌زانم، له‌خه‌باتی‌ سیاسی خۆم فه‌زڵی‌ زۆری‌ له‌سه‌رم هه‌بووه‌، هه‌رگیز فه‌زڵی‌ مام جه‌لالم له‌بیرناچێته‌وه‌".

 

هه‌ریه‌ك له‌ مه‌لا به‌ختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و عه‌دنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان به‌ گفتوگۆ، هاوكات فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر، ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه‌ رایگه‌یاند كه‌ مه‌ترسیی گه‌وره‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك هه‌یه‌.

 

مەلا بەختیار ، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: "تا یەک کوردی بەشەرەف مابێت نابێت قبوڵ بکات کەرکوک بکرێتە هەرێمێکی سەربەخۆ."

مەلا بەختیار، لە چلەی ماتەمینی مام جەلال لە دەباشان رایگەیاند: "هەموو جۆرە سەرکەوتنێکی سەربازی بە پلانگێڕی، غروری تێدایە و ئەو غرورەش نابێتە حەقیقەتی سیاسی و ئیداری، باشترین شتیش ئەوەیە کە بگەڕێینەوە بۆ سەر مێزی دانوستاندن و دەستوور، دادوەری هەموو لایەکمان بێت".

 

هاوكات، عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر ئارامگەی مام جەلال رایگەیاند: "لە هەموو کاتێکدا مام جەلال هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی دەدا، دەبێت ئێستاش لەسەر هەمان رێبازی مام جەلال لەسەر میزی گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن."

 

هه‌ر له‌ یادی چله‌ی ماته‌مینیی سه‌رۆك مام جه‌لال، فەرەیدون عەبدولقادر، سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی: ئەگەر لایەنە کوردییەکان ناوماڵی خۆیان رێکنەخەن، ئەوا کوردستان رووبەڕووی کارەساتی گەورەتر دەبێتەوە.

 

فەرەیدون عەبدولقادر وتیشی: "مەترسیی گەورە لەسەر کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش هەیە."

 

وێنەی چڵەی ماتەمینی مام جەلال لە دەباشان

 

 

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved