بانێکە و دوو هەوا

  مەهدی خالید خەمبار

ماوەیەک بوو هەمو لامان لە چاوەڕوانی ٢٧/٩ دا بوین و پێمانوابو بتوانێت زۆر شت لە مەحەک دەدات ، لای زۆرینە وابو زەنگێکی گەورەی بەئاگاهێنانەوە لە ڕێگەی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەریەوە  بۆ حکومەت لێدەدرێت و ناچار بە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی خەڵکی بکرێت کە لەبنەڕەتدا نەدەبو کێشەبن! بەڵام بەداخەوە ئەوەی چاوەڕواندەکرا ئەوە نەبو. ئەوە نەبو نەک لەبەر ئەوەی توندوتیژی لێنەکەوتەوە ، بەڵکو ئەوە نەبو لە سەنگ و قورسایی ئەو حەشاماتەی کە مەزەندە دەکرا و لەو گشتگیریەی کە پێشوەخت فاڵمان بۆگرتبۆوە.

ڕۆژێک بەر لە خۆپیشاندانەکان، لە میانەی چاوپێکەوتنی بەرپرسێکی باڵای پارتیدا شتێکی تەنزئامێزم بەرچاوکەوت کە لە یەکێتی و هێزە ئەمنیەکانی سلێمانی کردی، ڕاشکاوانە باسی لەو گرەنتیە کرد کە لە لایەن ئێرانیەکانەوە لەمەڕ پەلامارنەدانی بارەگاکانی حیزبەکەیان پێیاندرابو!

نەڕژانە سەر شەقامی مامۆستایان و فەرمانبەران لە زۆنی زەرد ( هەولێر و دهۆک ) ئەوە دەهێنێت هەڵوەستەی جدی لەسەر بکرێ ؟؟.

بە بۆچونی بەندە یان ئەوەتا بەڕاستی بەو ئەندازەیەی زۆنی سەوز لەم زۆنەدا ئاست و ڕێژەی برسێتی تینی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و چین و توێژە جیاجیاکان ( بە حیزبیەکانی دەرەوەی پارتیشەوە ) نەهێناوە و بەدوریشی نابینم کە پارتی پێشتر و بەفرسەتوەرگرتن لە پەرتەوازەیی نێو ماڵی حیزبەکانیتر وەرگرتبێت ، هەربۆیە بە بڕیارەکانی حکومەتەکەی ئەم هەسارەیە ڕازین و ئەمەش درزێکی گەورەی خستە نێو دەنگەکانی شەقام و مەسیجێکیشی گەیاندە ئەوانەی بە نێوی ئەم زۆنەوە لێدوان دەدەن.  

حاڵەتی دووەم بە مەترسیدارتر و بڤەتری دەزانم لە کاتێکدا کە ئەمەیان ببێتە هۆکارە سەرەکیەکەی ئەنجام نەدانی خۆپیشاندان لە دەڤەری هەولێر و دهۆک، ئەمەش خۆی لە زەوتکردنی مافی ئازادی تاک و ئازادی بیروڕا و خەساندنی دەنگە نەیارەکان و دەست لە بنەقاقانانی دیمکراسیدا دەبینێتەوە  بۆیە کەسەکان لە جورئەتی دەم لە خۆپیشاندان و گردبونەوە کوتان و دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕین داشۆراون، لەبەرامبەریشدا هەرکات پارتی ویستبێتی ئەوا هەولێری پایتەختی زەردپۆشکردوە و هەرکاتیش مەبەستیبوبێت ئەوا لە سلێمانی و شارەکانیتریش بێهیچ بەربەستێک هەوادارانی خۆی جوڵاندوە . ئەنجامنەدانی خۆپیشاندان لە زۆنی زەرد حیزبەکانی دەرەوەی پارتیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە ، کە ئاخۆ نەیانویستوە یان نەیانتوانیوە لانی کەم ئەندامان و هەوادارانی خۆیان وەک هاوهەڵوێستیەک بۆ خەڵکانی ئەو شار و شارۆچکانەیتر کە خۆپیشاندانیان تێدا ئەنجامدراوە  بڕژێننە سەرشەقام و خۆپیشاندانی هێمنانە لە هەولێری پایتەخت ئەنجام بدەن و پەیامی خۆپیشاندەران بەپەلەتر ڕاستەوڕاست بگەێننە هەرەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم . ئەم ئەگەر و دەرئەنجامانە دەمانخەنە سەر ئەو ڕاستەڕێیەی کە حیزبەکانی دەرەوەی پارتی بەمەبەستبوبێت یان نا هەڵەیەکی مێژویی گەورەیان دژ بە ئایندەی خۆیان تۆمارکرد و سنوری نێوان کۆیە و هەولێریشیان تۆخترکردەوە . کەواتە ( بانێکە و دوو هەوا )

ڕەنگە ئەمە لە داهاتودا لە کورتهێنانی دەنگی دەنگدەرانیان پارتی  ئەو کات وەک دیفاکتۆ نیشانی ئەو چوار حیزبە و لایەنەکانیتریشی بدات و پێیان بڵێت ئێوە لە ٢٧ مانگی نۆدا بەهەموتان نەتانتوانی پڕ بە پاسێک ئەندام و دۆست و هەوادارانی خۆتان کۆبکەنەوە.

Qadirzada.com © 2016. All rights reserved