حزب و لایەنەكانی كەركوك داوای یەكڕیزی ماڵی كورد دەكەن

 

حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە كەركوك، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی رووبەڕووی شارەكەو ناوچە دابڕێنراوەكان و كوردستان بووەتەوە، داوای یەكڕیزی نێو ماڵی كورد دەكەن.

 

لەپاش رووداوە نەخوازراوەكانی ئەم دواییە كە وەكو دەرهاویشتەیەكی ریفراندۆم رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی رووبەڕووی شارەكەو ناوچە دابڕێنراوەكان و كوردستان بووەتەوە، حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان یەكڕیزی نێو ماڵی كورد بە چارەسەر بۆ تێپەڕاندنی قۆناغە دەزانن.

 

لەوبارەیەوە عەلی قەڵایی بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی دووی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كەركوك رایگەیاند:

بۆ دەربازبوون لەم قۆناغەی ئێستای كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان وا دەخوزاێت هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەكڕیز و یەكدەنگ بن، بۆ ئەوەی بە هەموومان پێكەوە بتوانین ئەو قۆناغە ناهەموارەی رووبەڕوومان بۆتەوە تێیپەڕێنین و بتوانین چارەسەری بكەین، لەبەر ئەوەی دۆخەكە زۆر ناهەموارە.

لە دوای شەڕی داعشەوە بە خوێنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانرا بەشێكی زۆر لە خاكی كوردستان ئازاد بكات و بە ئەمری واقیع بیگەڕێنێتەوە سەر كوردستان، بەڵام بە داخەوە بەهۆی نەزانی مامەڵەی سەركردایەتی سیاسی كورد لەگەڵ دۆخەكەدا، نەتوانرا ئەم دەستكەوتە سەربازییانە بكرێتە پاڵپشتێك بۆ دەستكەوتی سیاسی.

دەست بۆ هەندێ پرس بردرا، بەڵام دواتر زۆر خراپ بەسەر سەركردایەتی سیاسی كوردا شكایەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی كە ئەوەی پێشمەرگە بە خوێن بەدەستیهێنابوو، ئێستا لە ژێر هەڕەشەیەكی زۆر گەورەدان، ئەم هەڕەشانەش تەنها بە یەكڕیزی و یەكدەنگی نێو ماڵی كورد دەتوانین رووبەڕوویان بینەوەو بەشێكی لەو ناوچانەی كە پێشتر بەدەستمانەوە بوون جارێكی تر بیانگەڕێنینەوە.

 

حەكیم عوبێد بەرپرسی مەكۆی بزوتنەوەی گۆڕان لە كەركوك لەسەر پێویستی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد لە ئێستادا وتیڕایگەیاند:

یەكڕیزی نێو ماڵی كورد نەك هەربۆ ئێستا، بەڵكو بۆ هەموو كات پێویستە، بەڵام یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی نێو ماڵی لە كاتی كێشەو قەیرانەكاندا زۆرتر پێویستترە.

یەكڕیزی تەنها بەوە ناكرێت هەندێ لایەنی سیاسی خۆیان بە هەموو شتێك بزانن و وەرەقەی هیچ لایەكی تر نەخوێننەوە، وەك ئەوەی لە پرۆسەی ریفراندۆمدا بینیمان، چونكە ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان باوەڕی تەواومان بەوە هەبوو كە بارودۆخی سیاسی ناوخۆو ئیقلیمی و نێودەوڵەتی لەبارنییە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بەڵام كەس گوێی لێ نەگرتین.

ئەگەر بمانەوێ یەكڕیزی نێو ماڵی كوردی بپارێزین پێویستە بەخۆداچوونەوەیەك لەلایەن ئەو لایەنانەوە بكرێت كە پێیانوایە هەموو دەسەڵات و شتێك دەبێ تەنها لای ئەوان بێت.

یەكەم هەنگاوی دروستكردنی یەكڕیزی نێو ماڵی كورد ئەوەیە كە كێ بووە هۆكاری ئەم كارەساتەی بەسەر میللەتەماندا هات پێویستە بە زووترین كات دەست لە كاربكێشێتەوەو رێگە بۆ خەڵكانێكی تر چۆڵ بكەن.

ئەوە نیشانەی ئەوەیە كە تائێستا ئەو دەسەڵاتدارانە سودیان لە ئەزمونەكانی خۆیان وەرنەگرتووە، تەنانەت دوای رووداوەكانی ١٦ی ١٠، هێشتا ناوو ناتۆڕە بۆ یەكتر دروست دەكەن، لە كاتێكدا ئێمە دەمانەوێت بە یەكڕیزی نێو ماڵی كورد لەم شكستەی بەسەر میللەتەكەماندا هاتووە هەستینەوە.

تۆمەتباركردنی یەكتر شتێكی خراپە، لایەنە سیاسییەكان ئەگەر هەر شتێكیان لەسەر یەك هەیە با لە رێگای دادگاوە یەكلایی بكەنەوە، بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لە هەموو وردەكارییەكان بكرێت، بەڵام بەو مەرجەی نەك وەك ئەو لیژنانەی كە پێشتر لەسەر كەوتنی شەنگال و كڕین و فرۆشتن بە چەكی ئەڵمانییەوە دروست كران و دواتر هەموو شتەكان دیزە بە دەرخۆنە كران.

 

پێویستمان بە حكومەتێكی رزگاری نیشتیمانی هەیە، بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆو وتووێژ لەگەڵ حكومەتی ناوەند بكات لەپێناو بەدیهێنانی مافە رەواكانی میللەتەكەمان لە چوارچێوەی دەستوردا.

 

مەڵبەندی كەركوكی بزتنەوەی ئیسلامی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن گفتوگۆ و توێژەكان بەپێی بنەماكانی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە لەگەڵ حكومەتی ناوەند بكەن.

حەسەن شێخانی بەرپرسی مەڵبەندی كەركوكی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان، پێیوایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و دەربازبوون لەو دۆخەی ئێستا كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی پێدا تێپەڕدەبێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی لە رێگای گفتوگۆو وتووێژ بەپێی بنەماكانی دەستوور مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە لەگەڵ حكومەتی ناوەند بكەن.

پێویستە لەسەر لایەنە سیاسییەكان ئێستا كۆمەڵێك بڕیار لەسەر كەركوك دەربكەن، لەوانە، یەكەم، بە زووترین كات ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كارابكرێتەوە بۆ رایی كردنی كاروبارەكان، دووەم، لەبەر ئەوەی پۆستی پارێزگاری  كەركوك پشكی كوردەو لەنێو كوردیشدا پشكی یەكێتییە، ئەو پۆستە بدرێتەوە بە كورد، سێیەم، هیچ گۆڕانكارییەك لە ئێستادا لە پۆستە ئیدارییەكانی كەركوك لەلایەن پارێزگاری ئێستاوە نەكرێت كە بە وەكالەت بۆ شارەكە دانراوە.

لە ئێستادا بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی نێو ماڵی كورد هەیە.

 

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانیش لە كەركوك پێوایە سەرجەم ئەو نەهامەتیانەی لە مێژوودا بەسەر كوردستاندا هاتووە (٧٥%) لە ئەنجامی پەرتەوازەیی نێو ماڵی كوردەوە بووە.

 

شوان محەمەد بەرپرسی كۆمیتەی كەركوكی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان، سەبارەت بە یەكڕیزی نێو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەم دۆخەدا وتی:

یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی نێو ماڵی كورد لە هەموو سەردەمەكان داواكراوە هەموو ئەو نەهامەتیانەی لە مێژوودا بەسەر كوردستان هاتوون بە رێژەی (٧٥%) لە ئەنجامی پەرتەوازەیی نێو ماڵی كوردەوە بوونە.

 

كورد یەكگرتوو نەبووە، میللەتێك بوینە هەمیشە دەمارێكی خیانەت لەناوماندا هەبووە، نمونەش بۆ ئەوە كاتێك قازی محەمەد كۆمارێكی لە مهاباد دروست كرد، پێشئەوەی سوپای ئێران بێتەسەری بەشێك لە عەشیرەتە كوردەكان رووبەڕووی بوونەوە، شێخ مەحمودیش كە  نەیتوانی حكومەتەكەی لە ئاوی دووكان بپەڕێنێتەوە، چونكە بەشێك لە ئاغاو كوێخاكانی كوردستانی لەگەڵ نەبوون و یەكڕیز نەبوون، پەرتەوازەیی و ناتەبایی لە مێژوودا زیانی زۆر گەورەی بە كورد گەیاندووە.

 

 كارەساتی ١٦ی ١٠ی شاری كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هاوكێشەكەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی، چونكە پێشتر وەك كورد هەنگاوی زۆر گەورەو باشمان بڕیبوو، بەڵام دوژمنان هاتن و رێگرییان لێكردین، وەك رۆژنامەكانی ئێران باسیان كردووە دەڵێن: خەونی سەربەخۆیی سەد ساڵەی كوردمان لە كەركوك لە گۆڕنا، ئەوەش بە هۆی نا یەكڕیزی و ناتەبایی نێو لایەنە سیاسییەكان كە هەریەكەو لە روانگەیەوە مامەڵەیان دەكرد.

 

یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لە ئێستادا زۆر گرنگە بە تایبەتی لە دوای كارەساتی ١٦ی١٠، پێویستە كورد جارێكی تر نەئاڵێتە تەخوینكردنی یەكترو بە نەفەسێكی نەرمەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكات، لە كاتێكدا دوژمنانمان، ئێران و توركیا ئەوەی بۆیان بكرێت بەرانبەر بە كورد دەیكەن، بۆیە پێویستە ئێمەش یەكریِزی و یەكدەنگ بین بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی كە بەسەر میللەتەكەمان هاتووە.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved