لاهور شێخ جەنگی ئیدانەی هێرشی سەر عەفرین دەکات

 

ئەمڕۆ دووشەممە بەرواری ٢٢/١/٢٠١٨بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن وزانیاری / زانیاری لاهور شێخ جه‌نگی‌ ئیدانه‌ی‌ هێرشه‌كانی‌ سوپای‌ توركیای‌ بۆ سه‌ر عه‌فرین کرد  هەر بۆ ئەم مەبەستە پەیامێکی بڵاو کردەوە،

 دەقی پەیامەکە:

 

هەوڵدان بۆ لەناوبردنی ناوچەیەکی ئارام لە رۆژئاوای کوردستان، خزمەت بە سەقامگیریی هەرێمایەتی ناکات و ئاشتی و پێکەوە ژیانی درێژخایەن لە ناوچەکەدا دەخاتە بەردەم داڕمان.

 

پاش نیوەڕۆی رۆژی ٢٠ی ١ی ٢٠١٨، دەوڵەتی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرامبەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان راگەیاند. هێزی ئاسمانیی و زەمنیی تورکیا، بە هاوبەشی لەگەڵ گروپە تورکمان و عەرەبە تەکفیرییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کردوە و مەرامیانە، ناوچەی ئارامی عەفرین، کە بۆتە پەناگەی زیاتر لە ٤٠٠هەزار ئاوارەی شەڕی داعش، داگیر بکەن و خەڵکە رەسەنەکەی دەرپەڕێنن، و بیکەن بە ناوچەیەکی وێرانەی بە تورک و عەرەبکراو.

 

ئەم ئۆپەراسیۆنە کە بە بەرچاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بە ئاگاداریی دەوڵەتانی روسیا و ئێران و سوریا بەڕێوە دەچێت، هەڕەشەیەکی راستەقینەیە لەسەر خەڵکی سڤیل، و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان لە رۆژئاوا دەکاتە ئامانج و، وەکو هەوڵێک بۆ لێدان لە سەرکەوتنەکانی هێزی سوریای دیموکرات لە شەڕی دژ بە داعش، و پەکخستنی نفوزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لێکدانەوەی بۆ دەکرێت. لە چاوی گەلەکەشماندا، پەلاماردانی سەر عەفرین، ئەڵقەیەکە لە زنجیرەیەک سەرکوتکاریی رێگەپێنەدراو کە سەد ساڵە بەرامبەر گەلانی چەوساوەی ناوچەکە و بە تایبەت گەلی کوردستان، دوبارە دەکرێتەوە.

 

ئێمە وێڕای ئیدانەکردنی ئەم لەشکرکێشییە، نیگەرانیی قوڵیی خۆمان بەرامبەر زیان و ئاکامەکانی هەڵگیرسانی شەڕی نەتەوەیی لەناوچەکەدا دەخەینەڕوو و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین بە ئەرکی ئەخلاقی و دامەزراوەیی خۆی هەستێ و، رێگە بە درێژەکێشانی بۆردومانی ئاسمانی و پەلاماری زەمینی بۆسەر عەفرین نەدات و دەسکەوتەکانی گەلی کوردستان لە رۆژئاوا، بپارێزێت.

 

ئێستا کە لە رۆژئاوا خوێنی بەناهەقڕژاوی خوشک وبراکانمان بۆتە ناسنامەیەکی تری سەربەزریی ئەم گەلە، باشوایە هەمووان ئەو حەقیقەتە لەبەرچاو بگرن کە ئیرادەی گەلی کوردستان بە هیچ هێزێک سەرکوت ناکرێت. بۆیە داوا لە هەڵگیرسێنەرانی شەڕ دەکەین، داستانی خۆڕاگریی کۆبانی و شکستی دوژمنانی بهێننەوە بیری خۆیان، خۆ ئەگەر لەم ئۆپەراسیۆنە – وەک دەڵێن سەقامگیریی درێژخایەنیان مەبەستە، با لەجیاتی پەنابردن بۆ لەشکرکێشیی و قوڵکردنەوەی قەیرانەکان، پرۆسەی ئاشتی زیندو بکەنەوە و داننان بە مافی یەکسانی ئازادژیانی گەلان بنکە بنەما.

 

لاهور شێخ جەنگی

 

۲٠۱۸/۱/۲۲

 

Qadirzada.com © 2018. All rights reserved