قوربانیانی کرماشان ٦٦٥٠ کەسی تێپەڕکرد

 

 ڕۆژهەڵاتی کوردستان/ ناوەندی هەواڵەکان

      

دوایین ئامارەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە باس لە گیان لە دەستدانی ٣٩٥ هاوڵاتی و برینداربوونی ٦٦٥٠ کەس دەکەن، وەچاوە ڕی دەکرێت ڕیژەکە زۆر لەوە زیتر بێت لە ئەنجامی بومەلەرزەی شەوی ڕابردووی کرماشاندا. کە ٧،٣ پلە بوە بەپێەری ڕێختەر

بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی قەیرانی ئێران ڕایگەیاند: ژمارەی گیان لە دەستداوانی بوومەلەرزەکە لە پارێزگای کرماشان بۆ ٣٩٥ کەس بەرزبووەتەوە و تا ئێستا ٦٦٥٠ هەزار بریندار لە ژێر ڕووخاوەکانی بوومەلەرزەکەوە دەرهێندراون.

لە ناوچەکەوە ڕاگەیەندراوە، کە سێ فرۆکەی سەربازی بریندارەکان دەگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی تاران، تەندروستی تارانیش ئامادەیی ڕاگەیاندووە بۆ وەرگرتنی ١٢٠٠ برینداری بوومەلەکەرزەکە.

هەروەها ٣٣ هەلیکۆپتەر لە پارێزگای کرماشاندا سەرقاڵن بە گواستنەوەی بریندارەکان و سووڕانەوە بە سەر ئاسماندا بۆ دۆزینەوەی شوێنە زیان بەر کەوتووەکان.

شارۆچکەی سەر پێڵ زەهاو زیاترین خەساری گیانی و مادی بەرکەوتووە و خۆی و گوندەکانی بەتەواوی وێرانبوون.

لەلایەکی دیکەوە ڕاگەیەندراوە، کە گوندەکانی داڵاهۆ بەتەواوی ڕووخاون و هاوڵاتیان لە ژێر ڕووخاوەکاندا ماون.

بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی کرماشان ڕایگەیاندووە، کە پێویستی بە پەلە هەیە بە خوێن لە جۆری گروپی خوێنی ئۆ- ناقس.

مانگی سوور و گروپە خۆبەخشەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە خۆیان گەیاندووەتە کرماشان و سەرقاڵن بە یارمەتیدانی بریندارانی بوومەلەرزەکە.

هیوا دەکرێت، کە پێش ئاوابوونی خۆر هەموو بریندارەکان لە ژێر ڕووخاوەکاندا دەربهێنرێن، ئەگەر ئەمە ڕوونەدات ئەگەری زیندوو مانەوەی بریندارانی ژێر ڕووخاوەکان زۆر کەم دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە پلەی گەرما لە پارێزگای کرماشان ئەمشەو دەگاتە نزیک بە سفر و ئەوەش دۆخی برینداران و ڕزگاربووانی کارەساتەکە زۆر سەختتر دەکاتەوە.

هاوڵاتیان هەروەها پێویستیی بەپەلەیان بە ئاو و خواردن و کەرەستەی گەرمکەرەوە هەیە، ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی مانگی سووری پارێزگای کرماشان بەڵێنی داوە کە تا ئێوارە هەموو پێداویستییەکان دەگاتە دەستی هاوڵاتییان لەو پارێزگایە و دڵنیانی داوەتە هاوڵاتیان کە نیگەران نەبن.

بە گوێرە هەواڵەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە  دانیشتوانی ئەو ناوچانە کە بەهۆی بوەمەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتوە پێویستیان بەهاوکاری بەپەلە هەیە.

شەوی ڕابردوو بومەلەرزەیەک بە هێزی ٧.٣ پلەی ڕێختەر پارێزگای کرماشانی هەژاند، هێزی ئەو بومەلەرزەیە لە ئاستێکدا بووە، کە پارێزگاکانی هەمەدان، ئەراک، زەنجان، ئەهواز، ورمێ، تەبرێز، ئەردەبیل، ئیلام و سنەشی لەرزاندووە و لەو پارێزگایانەش زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.

 

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved