شکۆفەی شەونمی بەیانیەک

 

که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

١

لەبەردەم کاروانی وێنەی

گەڵازەردەکانی رۆحما

بروسکەی وەرزی ساڵانەی

خەوێکی قووڵی

شەوەزەنگی ملوانەکەی سەرسنگم

یادگاری خەیاڵەو

وەک دەنکە هەنار هەڵدەوەرێ

٢

نامۆیی کازیوەی

گوڵێکی رەنگاو رەنگەو

وەرزێکی پڕ لەکڕێوەی بەفرەو

چاوەکانم بارانی مەستی و

پرشنگی خونچەی شەونمی بەیانیەک

گۆرانی شەڵاڵی سەفەری شەوی کزەبایەو

سەفەری تەمەنیش گوڵێکی سەرگەردانە

٣

هەژاری بەردەوام

رێژنەی سەمفۆنیای کانیاوێکی بەخوڕەو

تەنهایی کەمانی دڵی خۆی دەنوسێتەوە

هەڵوەرینی تریفەی

ورشەی گەڵاکان دەبینێت

پیاوێکە خوڕەی روبارێکی مەنگە و

کەوتۆتە بێ هیوای ژیانەوە

٤

هەژاری خۆشەویستی

دیمەنی کۆڵانەکانی دڵی

خستۆتە دەسڕەکەی بەردەمی

چاوەرێی بەزەیی گوناهی خۆی دەکات

ویژدانیش ئاسمانێکە

وەکوو ژنێک

قژی خۆی دەڕنێت و

بەرهەمی درەختی خۆی دەخوات

٥

ئەمجارەش نمەی غەریبی

سەفەری باڕێژەی گریانم

گۆمی مەنگێکی  لێڵەو

تەمێکی ساردو سڕە

ئەوەندەی شکۆفەی خەونی کازیوەی بینیووە

چوومە تەمێکی ئاسۆیەکی تەڵخەوە

٦

نیشتمانی پەلکەزێڕینە

کوانێ خەونی شعری داهاتووی ژنێتیم

هەرشمشێرە شەڕدەکا

روباری ئازادییە

جەستەی من ووشک دەکا

٧

شەو تارای مەمکێکی جوانە

دەبێتە بەرسیلەی بەفرو

گوناهەکانی دەسڕێتەوە

ماتەمێکە بۆزستانی خەموو

دەستی تۆش فرمێسکی ئازارم دەسڕێ

نایەڵێ بەخوێنی جەستەم سوربێ

٨

گەر شەپۆلەکانی دەریا

دەنگی ئازادیم نەمرێنێ

لەلوتکەی سپی شعرێکا

خوێنی لاوانی نیشتمانەکەم

دەڕژێ بەسەر لاپەڕەی رێگای خەباتا

ئەوسا گوڵەکانی باخی دڵی تۆ

سوور سور ئەچنەوە لەناو ئاواتا

٩

من شەوی تەنهایی

خەمەکانم رادەژێنێ

چەپکێک نێرگز

لەپرشنگی هەتاو

گوڵێکی نوێم بۆدەچنێ

لەنێو تاڤگەی یادگاریەکانی

بێ هیوای گوڵی ووشەم

دەبێت بەقژی بەهارو هەڵبەستێ

 

Qadirzada.com © 2009-2022. All rights reserved