کەجەکە: با ئەو هێزانە لە زینی وەرتێ بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان

 

 

کەجەکە، هۆشداریی دەدات، کە ئەو دۆخەی لە زینی وەرتێ دروستکراوە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزیی لەنێوان هێزە کوردییەکاندا، ئەوەش تەنیا لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکە، داواش لەو هێزانە دەکات، کە بوونەتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزیی، بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

 

کۆمیتەی کاری دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، ڕاگەیەندراوێکی دەربارەی ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:

 

ئێمە لە لە ڕۆژانی سەرەتاوە سەرنجمان لەسەر ئەو دۆخە مەترسیدارەیە، کە لە ناوچەکە هەیە، لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە قسەمانکردووە، گەلەکەمان دەستنیشانیان کرد، کە ئەو دۆخە مەترسیدارەی دروستکراوە لە بەرژەوەندیی کورداندا نییە و ئەوان ئەو دۆخەیان ناوێت، ئەگەر ئەوە ڕووبدات بە دڵی دەوڵەتی تورکە، هەموو هێزە کوردییەکانیش دەبێت ئاگادارای ئەمە بن.

 

ئێمە ئەو هەستیارییەی گەلەکەمان بۆ ڕای گشتیی بەش دەکەین، بانگەوازیی لە تەواوی گەلەکەمان لە باشور، بەشە هەستیارەکەی کۆمەڵگا، ڕۆشنبیر، نووسەر و هونەرمەند دەکەین، کە بۆ ئەوەی ڕێگە لەمە بگیرێت، بکەونە جوڵە، چونکە ئەگەر دیسان کوردان لەگەڵ یەک بکەونە شەڕ، تەنیا بە سودی دووژمنانی کورد و دەوڵەتی تورک و ئاکەپە یە.

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی داهاتووە،با هەموو ئەو هێزانە کەبوونەتە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزیی، بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.

 

شایانی باسە

 

زینی وەرتێ کەوتووەتە نێوان چیای کارۆخ و چیای قەندیل، ئەو دوو زنجیرە بە یەکەوە دەبەستیتەوە و نزیکە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ڕۆژی ٢٤ی ئازار ناکۆکیی لەنێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان-دا دروستبوو، ئەویش دوای ئەوەی بازگەی ئاسایشی پارتی بە بیانووی قەدەغەی هاتووچۆ رێگریی لە خەڵکی شارەدێکە کرد، کە نیشتەجێی ڕانیەن و ویستویانە بگەڕێنەوە ناو ڕەز و باخەکانیان، لەناو ئەوانەشدا پێشمەرگە و بەرپرسی یەکێتیی هەبوون، دواتر هەردوولا لەسەر دامەزراندنی بارەگایەکی سەربازیی هاوبەش ڕێککەوتن و لیوای ٧ی پیادەی سۆران-یان لەوێ جێگیر کرد، کە لیوایەکی هاوبەشی پارتی و یەکێتیە و سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیە.

 

ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەش، یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان هێزێكی پێشمەرگەی سەر بەیەكەكانی ٧٠ی ناردە زینی وەرتێ و هەمان بارەگا كۆنەكەی خۆیان نوێكردەوە، كەتا ساتی شەڕی داعش دەوامیان تێدادەكرد، ئەمەش کاردانەوەی پارتی بەدوای خۆیدا هێنا و دوێنێ هێزێکی بەچەکی قورسەوە ڕەوانەی ناوچەکە کرد، هاوکات لەگەڵ جموجوڵەکانی پارتی، سوڕانەوەی فڕۆکە سیخوڕییەکانی سوپای داگیرکەری تورکیش لەو ناوچەیە زیادیکردووە.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved