بانگەوازێك لە کەجەکەوە

 

لەبارەی هێرشە داگیرکەرییەکانی سوپای تورک لە دژی باشوری کوردستان، ئەمڕۆ کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:

 سوپای تورک لەدژی ناوچەی برادۆست دەستی بە هێرشێکی نوێی داگیرکەری کردووە، ئەو هێرشانە لەو ڕۆژەدا دەستیپێکرد، کە لە پەرلەمانی باشوری کوردستان دەنگ بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەدرا و هەروەها ئەو ڕۆژە سەرۆک کۆماری عێراق سەردانی تورکیای کرد، بەوەش پەیامێک هەم بۆ باشوری کوردستان و هەمیش بۆ عێراق نێردرا، بەڵام نە حکومەتی عێراق و نە ئیدارەی باشوریش لەدژی ئەو هێرشانە هەڵوێستیان نەنواند و تەنانەت راگەیاندراوێکیشیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردەوە، گوایە وەک ئەوەیە 'ئۆپەراسیۆنێکی دەرەوەی سنوور لە دژی پەکەکە کرابێت' خۆیان لە ئۆپەراسیۆنێکە بێدەنگ کرد.

 

ئەوانەی دەڵێن 'هێرش لە دژی پەکەکە و گەریلایە' دەکەونە داوی گەمەیەکی چەپەڵ و ئۆپەراسیۆنی فریودەرانەی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، هاوکات لە بەرپرسیاری و هەڵوێست نواندن و بەرخۆدان لەدژی داگیرکەری هەڵدێن، دەبێت ئەو ڕاستییانە بزانرێن، کە دەسەڵاتی فاشستی ئاکەپە – مەهەپە بە هێرشەکانیان دژی پەکەکە و گەریلا هێرشی سەر کوردستان دەکەن، ئەوەی نەیتوانی بەدەستی داعش بیکات دەیەوێت خۆی بە مۆڵەت و بە بەرچاوی هێزە هەرێمی و نێونەتەوەییەکانەوە ئەنجامی بدات.

 

ئەردۆغان ساڵی ٢٠١٤ لە رێگەی داعشەوە لە چەندین ناوچەی دەشتاییەوە دەستی بە هێرشی پاکتاوکردن و سڕینەوە و داگیرکاریی کرد، لەبەر ئەوەی لەو هێرشانەدا سەرنەکەوت ئەمجارە لە باکور و لە چیاکانەوە دەستی بە هێرش کرد، ئەو هێرشەی لە باشور لە دەشتاییەوە دەستیپێکرد تەنها هێرشێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو وێڕای هێرشی سەربازی هێرشێکی وەها بوو کە دەیخواست لەڕووی ئابووریشەوە بیڕوخێنێت.

 

"ئەردۆغان دەیەوێت خەونە عوسمانییە نوێکانی جێبەجێ بکات"

 

بۆردوومانکردنی هەرێمی برادۆست بە فڕۆکە جەنگییەکان و هێلیکۆپتەرەکانی کۆبرا و ئاتاک و هەورەها سووتاندنی هەزاران دۆنم لە کێڵگەکانی مەخمور، کەرکوک و موسڵ ڤێرژن و شێوازی جیاوازی هێرشەکانی هەمان سیاسەتن، ئامانجی ئەو هێرشانە بۆ ئەوەیە ئەو هەرێمانە، کە لە ڕێککەوتنی موسڵ لە ساڵی ١٩٢٦دا دەستیان لێ هەڵگیرا هەموویان داگیر بکاتەوە، ئەردۆغان بەوە دەیەوێت خەونە عوسمانییە نوێکانی جێبەجێ بکات.

 

"دژایەتی نەکردنی داگیرکەری لە رۆحی نەتەوەیی ناوەشێتەوە"

 

لەم دۆخەدا، کە لە بەعشیقەوە هەتا برادۆست هێرشی داگیرکەری بۆ سەر باشوری کوردستان دەکرێت، بێهەڵوێستی لە دژی ئەوە و خۆبواردن لە ڕاگەیاندراوی شەرمەزارکردن لە ڕۆحی یەکێتیی نەتەوەیی و کوردایەتی ناوەشێتەوە، راست نییە ئەوە لە پێناو بەرژەوەندیی ئابوری و سیاسی پشتگوێ بخرێت، دوای ئەوە، کە وڵات داگیر کرا بەرژەوەندی هیچ واتایەکی نامێنێت، هیچ بەرژەوەندییەک لە ئازادیی وڵات و خاکەکەمان و لە یەکێتیی نەتەوەیمان گرنگتر و هێژاتر نییە. یەکێتیی نەتەوەیی لە سەردەمە قورس و سەختەکاندا بە بڕیاری قورس و سەخت بەدی دێت، یەکێتی نەتەوەیی ڕاستەقینە لە کاتی خۆشییدا بەدی نایەت، ئەگەر لە کاتی ئارام و بێ کێشەشدا بەدی بێت، ئەوا لە کردەوەی ئێستا دەبیندرێت، کە (ئەوەی لە سەردەمی ئارامیدا بەدیهاتووە) لە سەردەمی قورس و زەحمەتەکاندا نامێنێت، رێی یەکێتی نەتەوەیی هەڵوێستە لەدژی داگیرکەریی تورک، کاتێک مرۆڤ سەرنج دەداتە  مێژووی گەل و نەتەوەکانی دنیا ئەوە دەبینێت، لە ئەنجامی تێکۆشانێکی قورس و سەخت لە سەردەمی دژواردا یەکێتیی نەتەویی خۆیان لە دەوری بەها نەتەوەییەکان پێکهێناوە.

 

"پێویستە هێزە کوردستانی و دیموکراتیکەکان هەلوێستیان هەبێت"

 

هەربۆیە، لە کاتێکدا هێرشێکی نوێی داگیرکەریی بۆ سەر کوردستان دەکرێت بانگەوازی ئێمە بۆ هێزە کوردستانییەکانی هەموو پارچەکان و هێزە دیموکراتییەکان ئەوەیە، کە هەڵوێست بنوێنن و دژایەتیی داگیرکەری بکەن، ئەو هێرشە داگیرکەرییە هێزە کوردستانییەکانی خستووەتە ناو تاقیکردنەوەیەکی مێژووییەوە، بەرپرسیارێتیی هەموو هێزێکە، کە بە هەڵوێستی نەتەوەیی و یەکێتیی نەتەوەیی دژایەتیی داگیرکەری بکەن، دۆخەکە بۆ کورد بەم شێوەیەیە، بەڵام دەبێت بزانرێت، کە دۆخەکە بۆ عێراق جدیترە، بێدەنگیی حکومەتی عێراق بەرامبەر ئەو داگیرکەرییە و نەنواندنی هەڵوێست وەکو قبوڵکردنی هێرشەکانە و ئەوەش زیان بە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراق دەگەیەنێت، ئەو هێزە نێونەتەوەییانە، کە لەدژی داعش شەڕیان کرد دەبێت لەدژی کۆنسێپت و چەمکی عوسمانیی نوێ و ئەو هێرشە داگیرکەرییانەی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، کە پاڵپشتی داعشە هەڵوێستیان هەبێت.

 

"لەدژی داگیرکەریی تورک دەست بە هەوڵدان بکەن"

 

لە کۆتاییدا : گەلەکەمان دەبێت لە چاوەڕوانی ئەو هێزە سیاسییانەدا نەبێت، کە بەدوای بەرژوەندییە بچوکەکانیانەوەن و پێویستە گەلەکەمان هەڵوێستیان هەبێت، دەبێت خۆیان ڕووبکەنە حەزیان بۆ ئازادی و کولتوری بەرخودانی خۆیان و پێویستە لەدژی هێرشە داگیرکەرییەکانی تورک لە هەموو ناوچەکان بەهێز و توانایی  خۆیان دەست بە هەوڵدان بکەن، پێویستە بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان حزبەکان دا کورد و هەموو گەلانی کوردستان، هزر و عەقڵییەتی پاکتاوکارانەی فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ببیین و لەوە تێبگەن، کە هێرشە تازەکانی داگیرکەری بوار بۆ کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاری و سڕینەوەی نوێ دروست دەکات. بانگەوازمان ئەوەیە بۆیان، کە بە رۆحی سەرهەڵدانی شێلادزێ لە هەموو ناوچەکان هەڵوێست بنوێنن.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2019. All rights reserved