جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوای سازكردنی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری ده‌كات

 

ئه‌مشه‌و پێنجشه‌ممه‌ ١٤ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٧، جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ "خەڵك ناتوانن ھیچیتر بەرگەی ئەم بارودۆخە قورسە بگرن، بۆیە پێشبینی خۆپیشاندانی فراوانی فەرمانبەران و چین و توێژە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان لە دژی حکومەت دەکرێت."

 

دەقی ڕاگەیەندراوکە..

 

دوای شکستی یەکجاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ئێستادا ئەم حکومەتە توانای دابینکردنی گوزەرانێکی شایستە و خزمەتگوزاریە بنچینەییەکان و موچەی فەرمانبەرانی نەماوە. لە کاتێکدا کە خەڵك ناتوانن ھیچیتر بەرگەی ئەم بارودۆخە قورسە بگرن، بۆیە پێشبینی خۆپیشاندانی فراوانی فەرمانبەران و چین و توێژە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکان لە دژی حکومەت دەکرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە نەوەی نوێ بە هەمو توانایاوە  پشتگیری تەواوی  خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکات لە چەند رۆژی داهاتودا،  پێمانوایە کە پێویستە نارەزایەتیەکان بە ئاراستەی روخاندنی ئەم حکومەتە و ئەم دەسەڵاتە رێکبخرێت و ھیچیتر قەدەر و چارەنوسی ئەم خەڵکە نەسپێرین بەو حیزب و سیاسیە تەقلیدیانەی کە دواشت بیری لیبکەنەوە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانە. حکومەتی ھەرێم دەبێت بڕوخێت و دەستبەجێ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و  دەسەڵات بسپێردرێتە دەستی نەوەیەکی نوێی سیاسی کە بەشێك نەبن لە ٢٦ساڵی حوکمڕانی ھەرێم و ئەو شکست و کارەساتانەی بەسەر گەلەکەماندا ھێنران.

بۆیە بە هەمو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانی رادەگەێنین کە هەمو تواناکانیان بخەنە گەر و یەکی بخەن لە پێناو ئەنجامدانی گۆڕانکاری گەورە لە زوترین کاتدا و بەرپاکردنی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە کوردستان .

 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ

١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved