ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری: پشتیوانی داوای رەوای خەڵکین

"حکومەتێکی کاتی لەدەرەوەی ھەژموون و پاوانکاری دەسەڵاتی ئێستا پێکبێت"

 

ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری پەیامێکی لەسەر خۆپیشاندانەکان بڵاوکردەوەو رایدەگەیەنێت، پشتگیری مافی ڕەوای خەڵکن بۆ خۆپیشاندانی مەدەنی.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری :

 

پشتگیری مافی ڕەوای خەڵکین بۆ خۆپیشاندانی مەدەنی کە مافێکی سەرەتایی دیموکراسیە. پێویستە بە ڕێز و ئارامیەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکرێت، وداوا لە ڕۆڵەکانی گەل دەکەین لە  ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە پارێزگاری لە مافە مەدەنیەکانی ھاوڵاتیان بکەن و پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکەن ، و لێرەشەوە داوا لە ھاوڵاتیان دەکەین ھوشیار بن لە پاراستنی ڕێڕەوی مەدەنی وئاشتیخوازانەی خۆپیشاندانەکان و پاراستنی موڵکوماڵی گشتی وڕێگرتن لە دەستێوەردان بۆ بەلاڕیدابردنی داواکاریە ڕەاواکانیان.

دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستان بەڵگەی ڕوونی شکستی حوکمڕانیەکی بێباکە. خەڵکی کوردستان شیاوی ژیان و گوزەرانێکی شایستەن لە نیشتیمانێکی پڕ خێر و بێردا، بەڵام بەداخەوە بە ھۆی تاڵانی و  حوکمڕانی خراپ، ماف و گوزەرانی خەلک لەئێستادا زەوت کراوە.

 

لە ‌ماوەی ڕابردودا داوای حکومەتێکی کاتیمان کرد بەئامانجی چاککردنی بژێوی خەڵک وزامنکردنی ھەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد لەکوردستان، بەڵام دەسەڵات بێمنەتانە ڕوبەڕوی ئەو داخوازیە ڕاست و ڕەوایە بوونەوە.

لەم دۆخەدا کە برسێتی تینی بۆ خەڵک ھێناوە و توڕەبونی ڕۆڵەکانی وڵات لەلێواری تەقینەوەیەکی مەترسیدار دایە داواکارین بەپەلە ئەم ھەنگاوانەی خوارەوە بگیرێنەبەر بەئامانجی ڕێگرتن لەداڕوخانی و ھەرەسی وەزعەکە:

 

یەکەم:

 ڕێکەوتن و سازانی لایەنەکان لەسەر پێکھێنانی حکومەتێکی کاتی لەدەرەوەی ھەژموون و پاوانکاری دەسەڵاتی ئێستا.

 

دووھەم:

 دەستپیکردنی ووتوێژ لەگەل حکومەتی فیدرال بە ئەجیندایەکی نیشتمانی بە ئامانجی چارەسەری کێشەکانی خەلک، دوور لە سازش بۆ بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی ئێستا.

 

سێھەم:

 دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دەسبەجێ بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران و بەگەڕخستنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان.

 

چوارھەم:

 زامنکردنی ھەڵبژاردنی پاکوبێگەرد بە کردەوە و ڕێکاری کاریگەر بۆ ڕێگری لە دزینی دەنگ و تەزویری ئیرادەی خەڵک. 

لە کاتی بە دەنگەوە نەھاتنی دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی داخوازیەکانی خەڵک، مانگرتن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری وھاودەنگی کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستان لە دژی ستەمکاری و نانبڕین مافێکی دیموکراسی و ئەرکێکی نیشتمانیە .

 

ھاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری

۱۸_۱۲_۲٠۱۷

 

Qadirzada.com © 2017. All rights reserved