ڕاگه‌یه‌ندراوێك له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌

 

بزووتنەوەی‌ گۆڕان لە ساڵیادی ٣٢ ی ئەنفالدا، راگەیەنراوێکی‌ بڵاو کردەوە ،

 

دەقی‌ ڕاگەیەندراوەکەی گۆران:

 

راگەیەندراوی رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر یادی ئەنفال

قوربانیان و کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکان..

کوردستانیانی خۆشەویست..

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان..

 

(٣٢) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر تاوانی ئەنفال و قڕکردنی هەزاران هاوڵاتی بێگوناهی کورد، کە رژێمی بەعسی لەناوچو؛ لە چوارچێوەی سیاسەتی پاکتاویی نەژادی و، وەک کردەیەکی دڕاندانە بەرامبەر بە گەلی کوردستان ئەنجامی دا.

ئەم تاوانە گەورەیە، کە لە هەشت قۆناغ و لە مانگی شوباتی (١٩٩٨) تا مانگی ئەیلولی هەمان ساڵ درێژەی کێشا، چارەنوسی (١٨٢)ھەزار ئینسانی لە منداڵ و ژن ‌و پیاو و پیر و گەنجی بە کۆمەڵکوشتن و زیندەبەچاڵکردن سپارد. هاوکاتیش بەرەوژوری (٤٥٠٠) لادێ و ئاوەدانی خەڵكی کوردستانی خاپورکرد و زیانێکی گەورەشی لە ژینگە و ژێرخانی ئابوری دا.

 

ئەمساڵ لە کاتێکدا، یادی ئەم تاوانە نامرۆڤانە دەکەینەوە، نەخۆشی کۆرۆنا وەک درمێکی جیهانی بەرۆکی تەواوی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی گرتوە و، خەڵکی کوردستانیش لە ماڵەکانی خۆیانەوە وەک پەیڕەویکردن لە رێنماییە تەندروستیەکان و پرۆسەی خۆپارێزی یادەوەری قوربانیەکان و جینۆسایدی نەتەوەکەمان بەرز رادەگرن.

 

مایەی نیگەرانیەکی قوڵیشە، ساڵانە و لە یادەوری ئەم کارەساتە نەتەوەییەدا، سەرەڕای ناساندنی ئەنفال وەک تاوانی (جینۆساید و جەنگی دژی مرۆیی) لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، کەچی ژمارەیەکی بەرچاو لە تاوانبار و تۆمەتبار و ئەوانەی دەستیان لەم تاوانە گەورەیەدا هەبوە و ئازادن و راپێچی دادگا نەکراون، لەبەرامبەریشدا حکومەتی عێراقی بە فەرمی داوای لێبوردنی لە گەلی کوردستان نەکردوە و قەرەبوکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیش لە ئاستی پێویست نەبوە.

 

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش، بەهۆی لاوازی کاری دامودەزگایی و نەبونی دامەزراوەی نیشتمانی سەرکەوتونەبوین لە پێناسەکردن و ناساندنی ئەنفال وەک جینۆساید لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەمەش نەمانتوانیوە مانایەکی گەورەتر بە ئازار و قوربانیدانی نەتەوەکەمان بدەین و سۆزی جیهانیش بۆ دۆزە رەواکەمان وەک گەلێکی زوڵملێکراو رابکێشین.

 

لەم چوارچێوەیەدا، ئەرکی حکومەت و دامەزراوە شەرعیەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵ، ئەرکی پارتە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای شارستانی و میدیا، ئەرکی زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمی و پەروەردەییەکان، ئەرکی رەوەندی کوردی و چالاکوانان لە رێی سەفارەتەکانی عێراق و نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم وەک بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی و مێژویی هەوڵی رژد بدەین بۆ ناساندنی ئەم تاوانە لەسەر ئاستی جیهان و، گواستنەوەی وانە تاڵەکانی مێژو بۆ ئەو نەوە نوێیەی لە داهاتو نوێنەرایەتی خەمەکانی نەتەوەکەمان دەکەن.

 

لە کۆتایشدا، پەیوەست بە هەرێمی کوردستان، ساڕێژبونی برینی ئەنفال و قەرەبوکردنەوەی کەسوکارە سەربەرزەکانیان تەنیا بە هاوکاری و پاڵپشتی دارایی نایەتەدی، بەڵکو وەک وەفا بۆ رۆحی قوربانیان پێویستە ئەم یادە بکرێتە دەرفەتێک بۆ چەسپاندنی سەرەتاکانی حوکمڕانی باش و ئەنجامدانی چاکسازیەکی ریشەیی لەناوخۆی هەرێم، کە لەسایەیدا هاوڵاتیان هەست بە ئارامی و لایەنیکەمی عەدالەت و ژیانێکی شایستە و رێزلێگیراو بکەن.

 

بزوتنەوەی گۆڕان

١٣-٤-٢٠٢٠

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved