فراكسیۆنی یەكگرتوو چەندین گەندەڵی ئاشكرا دەكات

 

 

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەوەی لە هەرێمی كوردستان لە بواری باج دەگوزەرێت زووڵم و نادادپەروەرییەكی گەورەیەو كۆمپانیا زەبەلاحەكانی حزبە دەسەڵاتدارەكان و كەسانی دەستڕۆیشتوو نەك هەر باج نادەن بەڵكو رێگری لە وردبینیش دەكرێت بۆ پێشێلكارییەكانی رابردوویان.

 

 د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە کوردیوی  ڕاگەیاند:

 

 لە كاتێكدا حكومەتی هەرێم تا دێت فشاری باج لەسەر هاڵاتیان بە شێوەی جۆراوجۆر زیاد دەكات، بەڵام كۆمپانیا زەبەلاحەكانی حزبە دەسەڵاتدارەكان و كەسانی دەستڕۆیشتوو نەك هەر باج نادەن بەڵكو رێگری لە وردبینیش دەكرێت بۆ پێشێلكارییەكانی رابردوویان.

 

وێڕای ئەوەی سیستەمی وەرگرتنی باج دەبێت گوێرەی داهاتی تاك بێت و هەموو خزمەتگوزارییەكانی بۆ فەراهەم بكرێت كە ئەمە لە هەرێمی كوردستان لە ئاستێكی زۆر خراپ و لاوازدایە، لە بەرامبەردا داهاتی كۆمپانیاكان خەیاڵییە كەچی خۆیان لە باج دەدزنەوەو حكومەتیش چاوی خۆی لێ دادەخات.

 

ئەمانە بەشێكن لەو فەزاحەتانەی لە بواری باجی كۆمپانیاكاندا دەگوزەرێت:

 

1- كۆمپانیا نەوتییەكان بە بڕیاری ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و غاز لە باجەكانیان بەخشراون.

2- كۆمپانیای پەیوەندی هەیە 208 ملیار دینار باجی نەداوە بۆ ساڵەكانی 2017 و 2018 و 2019.

3- دوو كۆمپانیای حەزەبەلاحی هەرێمی كوردستان یەك فلس باج نادەن.

4- بانكی كەسێكی باڵادەستی هەرێم لە ساڵی 2009 مۆڵەتی وەبەرهێنانی هەیە كەچی لە ساڵی 2014 وە بۆیان تۆمار كراوە بۆ ئەوەی تاوەكو 10 ساڵی تر واتە 2024 باج نەدەن.

5- بڕیار دراوە وردبینی بۆ پێشێلكارییەكانی پێشووی باج نەكرێت!َ!

 

 لە بەرامبەردا هاوڵاتی لەسەر تابلۆی دوكانێكی ئاسایی تەنگی پێهەڵدەچنرێت بۆ دانی باج، ئەوە لە بوارەكانی تر هەر مەپرسە كە ئەگەر ئۆتۆمبیل وەربگرین دەبینین بە چەندین شێوەی جۆراوجۆر بۆ نوێكردنەوە باجی لەسەر دانراوە.

 

بۆیە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان لە بواری باج دەگوزەرێت زووڵم و نادادپەروەرییەكی گەورەیەو ئەمەمان رووبەروو لە كۆبوونەكان بە بەرپرسان وتووەو پێویستە سیستەمی باج سەرەتا لەسەر كۆمپانیاكان جێبەجێ بكرێت كە داهاتی زەبەلاحیان هەیە نەك هاوڵاتییەك داهاتەكەی هەندێكجار بەشی ژیانێكی ئاسایی ناكات.

 

د.شێركۆ جەودەت ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە وەكو فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژە یاسای هەموواری یاسای باجمان پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە، كە بە پەسەند كردن و جێبەجێكردنی دادپەروەرییەكی باش فەراهەم دەهێنێت.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved