بۆچی نارەزایی خەڵک ئەنجامی نییە؟

 

 

فائیق گوڵپی

 

ئەو نارەزاییانەی کە لە رابوردودا تا ئێستە لە لایەن خەڵکەوە بەرامبەر حوکمرانی هەرێم نیشاندراون، کاریان لە سەر بریاری سیاسی هەرێم نەکردووە و گۆڕنکاریان  دروستنەکردووە.

 

١.نارەزاییەکانی ١٧ شوبات و رۆژانی دوایی نەبێت، خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی تر، لە لایەن تویژێکی تایبەتەوە ئەنجام دروان(مامۆستایان بە جیا، زیندانیان سیاسی بە جیا)،داوای مافێکی تایبەتی توێژێک کراوە، داوای گۆرانکاری پایەکانی سیستەمی حوکمرانی هەرێم نەکراوە.

 

٢. نارەزاییەکان لە یەک کاتدا، هەموو هەرێمی کوردستان ناگرنەوە، خۆرسکین،رێکخراوی سنەدیکایی و کۆمەلایەتی کوردستانی سەرپەرشتیان ناکەن، بەوهۆیەوە خۆپیشاندان و نارەزاییەکان،لاوازدەردەکەون و بە ئاسانی سنوردار دەکرێن.

 

ئەگەر مامۆستایان و توێژەکانی تر لە یەک کاتدا لە هەڵەبجەوە تا زاخۆ نارەزایی دەربڕن  و خۆپیشاندان بکەن، دەسەلات ناچار دەکرێت بە جدی سەیری نارەزاییەکان بکات و بریاری جدی بدات.

 

٣. رێکخراو و سنەدیکاکانی توێژە کۆمەڵایەتیەکانی هەرێم، لە لایەن حزبە دەسەلاتدارەکانی هەرێمەوە کۆنترۆڵکراون،سەرۆکەکانیان حزبین، بە گوێرەی بەرژەوەندی حزبەکان، توێژە کۆمەلایتیەکان دژی حزبی بەرامبەر دەجوڵێننن، کاتیک ناکۆکیە حزبیەکان سارد دەبنەوە، نارەزایەتی توێژە کۆمەلایەتیەکان بە بێ دەستکەوت کۆتاییان پیدەهێنریت و کێشەکان چارسەر ناکرێن.

 

٤.لەکاتی خۆپیشاندان و مانگرتن و شیوەکانی تری نارەزایی دەربریندا، رەچاوی بەرژەوەندی خەلک و توێژەکانی تری کۆمەڵگا ناکرێت، کە مامۆستایان و پزیشکان ماندەگرن، پێش ئەوەی زیان بە حزبە دەسەلاتدارەکان و حکومەت بگەیەنن، زیان بە توێژەکانی تری کۆمەڵگا دەگەیەنن کە لە لایەن دەسەڵاتیشەوە زیانیان پێکەوتووە، ئەمە وا دەکات کە ئەو جۆرە نارەزایەتیانە لە لایەن جەماوەرەوە پشتیوانی لێنکەرێت و فراوان نەبێت.بۆیە دەبێت هەر توێژێک چالاکیەکی نارەزایی تایبەتی وا ئەنجام بدات کە زیانی بۆ کۆمەڵگا نەبێت و فشاری بۆ سەر دەسەڵات هەبێت، بۆ نموونە بۆ پزیشکان و مامۆستایان و کارمەندانی دەزگاککانی ئاوو کارەبا، باشترە خۆپێشاندان بکەن، مان نەگرن، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان لە خزمەتگوزاری ئەو دەزگایانە بێبەش نەبن.

 

ئەگەر خەڵکی نارازی کوردستان بیەوێت چالاکییە سیاسی و پیشەیی و جەماوەریەکانی ئەنجامی هەبێت و دەسەڵاتی هەرێم ناچار بکەن گۆرانکاری و چاکسازی بکات و کۆتایی بە پێشیلکردنی مافەکانیان بێنیت، دەبێت نارەزاییەکان گشتگیربن،هەموو توێژەکان بگرێتەوە، دەبێ نارەزاییەکان سەرتاسەری بن هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، دەبێ نارەزاییەکان لە لایەن حزبە دەسەلاتدارەکانەوە دژی یەکتر ئاراستە نەکرین، لە لایەن خەڵکەوە دژی سیستەمی حوکمرانی ئاراستە بکرێن، دەبێ هەر توێژەی کۆمەڵگا بە ئاگاییەوە شێوەی چالاکیەکی هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی زیان بە کۆمەڵگا نەگەیەنێت.

 

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved