"گومان دەكرێت كەیسەكەی ئامانج بابانی خۆکوژی نەبوبێت"

 

 

بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە کەیسی ئامانج بابانی دەڵێ گومانیان لە کەیسەکەی ئامانج بابانی ھەیە و نەدەبوایە پەلەبکرێت لە خستنەڕووی ئەنجامەکان و دەشڵێت "لەوانەیە کەیسەکەی خۆکوژی نەبووبێت".

 

جەبار ئەحمەد شەریف، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،

 

دەقی راگەیەندراوەکە بەم شێوەیە:

 

دوای بەدواداچوونێکی تەواو بۆ بەڵگە ماددییەکان و پشکنینەکان، هەستمانکرد کە حەوت قەوانی فیشەک لە جۆری نمرە ٩ لەکاتی رووداوەکە هەڵگیراوەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لێدوانیانداوە کە گوللەکان لەیەک دەمانچە تەقیوون کە دەگەڕێتەوە بۆ کەسی کوژراو ئامانج بابانی، ئێمە لە تاقیگەی بەڵگەکانی سلێمانی پشکنینمان بۆ ئەم حەوت قەوانەکرد و بۆمان دەرکەوت سێ لەو قەوانانە بەڵی بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمانچەیەی کە دەستیبەسەردا گیراوە (دەمانچەکەی ئامانج بابانی)، بەڵام چوار لە قەوانەکان بە دەمانچەیەکی دیکە تەقێنراوە کە ئەم دەمانچەیە دەستی بەسەردا نەگیراوە و دیارنییە.

 

دواتر گومانێک دروستبوو، داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی کرد روونکردنەوەی تەواومان لەسەر ئەو بابەتە بدەن، دوای سەردانی دووەمان بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پێمانیان راگەیاند کە چوار قەوانی دیکە لەلایەن تیمی بەڵگەی تاوانی ئاسایشەوە لە سلێمانی لەکاتی رووداوەکە هەڵگیراوەتەوە، ئەمەش گومانێکی زۆری دروستکرد و کۆی گشتی قەوانەکان بوو بە ١١ قەوان. حەوتی لە دەمانچەی ئامانج بابانی تەقێنراوە وەک لە راپۆرتەکەی پۆلیسی سلێمانی پێشکەش بە دادگای سلێمانی کراوە، چوار قەوان چارەنووسی دیارنەبووە. لەبەرئەوە گومان دروستبوو.

 

گومان دەکرێت ئەم کردارە خۆکوژی نەبێت و کوشتن بێت، چونکە دەبێت روونکردنەوەی تەواوبدرێت و لەلایەن دادوەر و داواکاری گشتی بەدواداچوونی زیاتر بکرێت و زیاتر پشت بە بەڵگەکان ببەستێرت. ئەمەش بۆ ئەوەی بۆ کەسوکاری هەردوولا و هاونیشتمانییانیش پشتڕاسببێتەوە کە راستی رووداوەکە چۆنە.

 

دوای ئەوەی بۆ سێیەم جار سەردانی شاری سلێمانیمان کرد و سەیری پەڕاوی کەیسەکەمان کرد دەرکەوت کە پەڕاوەکە لە ١٨-١٢-٢٠١٩ لەلایەن بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی کەیسەکە داخراوە بە تۆمەتبارکردنی ئامانج بابانی بە کوشتنی هاوسەرەکەی و منداڵەکەی و دواتر کوشتنی خۆی".

بۆ ئەوەی روونبێتەوە ئەم رووداوە چۆن روویداوە و ئەو گومانە نەمێنێت، لای خۆمان داواکارین لە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی چاو بە بەڵگەکاندا بخشێنێتەوە و کەیسەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە تاوەکو دەگەینە راستی کێشەکە.

 

 

شەوی چوارشەممە ١٦-١٠-٢٠١٩ له‌ نزیک تێرمیناڵی شاره‌زوور،‌ ئامانج بابانی و لانە محەممەدی هاوژینی و منداڵه‌كه‌یان لە رووداوێکدا گیانیان لەدەستدا کە دواتر پۆلیسی سلێمانی رووداوەکەی بە خۆکوژی ناوبرد.

 

رۆژی ٢٩-١-٢٠٢٠ دادگای سلێمانی بە شێوەیەكی كۆتایی دۆسیەی كوژرانی ئامانج بابانی، لانە محەممەدی هاوژینی و هامنۆی كوڕی داخست و رایگەیاند "رووداوی گیانله‌ده‌ستدانەکەیان کردەوەی خۆکوژی بووە".

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved