| ||
|
||
دەزگای لووتكە هۆشداریی دەدات بە پەنابەران لە كۆچكردن بە نایاسایی
لە راگەیەندراوێكدا ، دهزگای لوتكه بۆ كاروباری ئاواره و پهنابهران كۆچبهران له چهند مهترسیهكی بڕیاری توركیا بۆ كردنهوهی سنورهكانی لهگهڵ ئهوروپا ئاگادار دهكاتهوه.
دەقی راگەیەندراوەكەی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران:
هاووڵاتیانی بەڕێزی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەزگاکانی راگەیاندن و رای گشتی جیهان، وەک ئاگادارن و لای هەمووان ئاشکرایە دوا بەدوای ئەو جەنگ و ململانێ سەربازییانەی لە ناوچەی ئودل لە سووریا لەنێوان هێزەکانی تورکیا و سوپای سووریا و رووسیا روویداوە، حکومەتی تورکیا سنوورەکانی کۆچی نایاسایی بەرەو ئەوروپای بۆ کۆچبەران کردووەتەوە کە وەک کارتێکی فشار بۆ سەر ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆ بەکاری دەهێنێت.
هەموو لایەک درک بەوە دەکەین کە زیاتر لە چوار ملیۆن پەنابەر نیشتەجێی وڵاتی تورکیان و سەدان و هەزاران ئاوارەی دیکەی سووریاش روو لەو وڵاتە دەکەن، بەڵام هەزاران پەنابەریش لەناو خاکی تورکیاوە بەرەو ئەو سنوورانە رۆیشتوون و کۆچ دەکەن. بۆیە لەم کاتەدا زۆر بە پێویستی دەزانین لەمەڕ ئەو مەترسیانە ئاگادارتان بکەینەوە:
یەکەم: ئەم بڕیارەی حکومەتی تورکیا کارتێکی فشاری سیاسییە و دەکرێت لە هەر ساتێکدا بێت لە بڕیارەکەی پاشکەزبێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردابێت و لەزیانی پەنابەران بشکێتەوە.
دووەم: کردنەوەی ئەم سنوورانە مانای رێگەدان بە کۆچ نییە و لەو چوارچێوەیەدا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەتایبەت یۆنان و بولگاریا رێکاری زۆر تووندیان گرتووەتە بەر و رێگا بە دەربازبوونی کۆچبەران بەئاسانی نادەن.
سێیەم: لەم کات و ساتەدا کەشوھەوا نالەبارە و سەرما و سۆڵەیە و دۆخەکە بۆ کۆچبەرەکان زۆر دژوارەوە، تێکەڵ بوون لەگەڵ خەڵکانی دیکە مەترسییەکی جیدییە بۆسەر ژیانی خۆتان و کەسوکارتان بەتایبەتی توشبوون بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە پەتایەکی کوشتندە و بەربڵاوی جیهانییە لەئێستادا.
چوارەم: لە ئەگەری دەربازبوونیشدا، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت کە وڵاتانی ئەوروپا زۆرینەی رەهای کەیسی پەنابەران رەتدەکەنەوە و ئەگەری وەرگرتنی ئیقامە ئێجگار کەمە.
پێنجەم: ئەم لێشاوە هەلێکی زێڕینە بۆ ئەو قاچاخچی و گرووپ و باندە چاوچنۆکانەی کە ژیانی کۆچبەران لەلایان هیچ بایەخێکی نییە، تاوەکو لەپێناو بەدەستهێنانی پارە و ساماندا، ژمارەیەکی ئێجگار زۆری کۆچبەر بخەنە ناو یەختی کۆن و تێکشکاو، کە سەرەنجام کارەساتی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە.
شەشەم: داواکارین لە دەزگاکانی راگەیاندن بەهەستکردن بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەن و نەبنە هۆی هاندانی هاووڵاتیان بۆ کۆچ کردنیان لەم کات و ساتەدا کە ناوچەکە و جیهان بەقۆناغێکی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازی و تەندروستیدا تێپەڕدەبێت.
بۆیە دەزگای لووتکە بە ئەرکی خۆیی دەزانێت هەموو لایەک ئاگاداربکاتەوە لە مەترسییەکانی کۆچ و داوا لە هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دەکەین بەتایبەت لەم دۆخە هەستیار و نالەبارەدا، بە هیچ جۆرێک بیر لە کۆچی نایاسایی نەکەنەوە، تا ئەو کاتەی بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و کەیسی پەنابەران وەک کەیسێکی مرۆیی و ئەخلاقی سەیردەکرێت نەک کەیسێکی سیاسی و بەرژەوەندی تاک لایەنە و بەکارهێنانی وەک کارتێکی فشار.
دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران
|
||
Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved
| ||