دادگای سلێمانی؛ وەڵامی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێم دەداتەوە

 

 

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ڕاگەیەندراوێك بڵاو دەکاتەوە

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

 

ڕاگەیەنراوێك لە سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانییەوە:

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٠٢٠/٢/٦ بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ناوەختدا، بێ ئەوەی كەس داوای لێكردبێت كۆمەڵێك قسەی ناڕاست و چەواشەكارانەی لەسەر دۆسیەیەكی تایبەت بە دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی كردووە و پرسیار و گومانی لای هاووڵاتیان دروستكردووە، بۆیە بە هەموو لایەكی ڕادەگەیەنین كە:

 

١- نازانین ئەو قسانە لەمكاتەدا و دوای تێپەڕبوونی ماوەیەك بەسەر بڕیاری كۆتایی دادگا بە داخستنی دۆسیەكە لەبەرژەوەندی كێ و لەپێناوی چیدا كراوە، جگە لە لەقكردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دادگاكان و سیستمی دادوەری و دەزگاكانی لێكۆڵینەوە، بە دەزگاكەی خۆیشییەوە!.

 

٢- ئەو كەسەی ئەو قسانەی كردووە خۆی جێبەجێكاری فەرمانەكانی دادگایە و پێویستە هەركات دادگا فەرمانی پێكرد وەكو خۆی جێبەجێی بكات و ئەنجامەكەی بخاتەوە بەردەستی دادوەر، وە بەهیچ شێوەیەك كاری ئەو نییە و بۆی نییە ڕێوشوێن بۆ دادگا دیاری بكات و ڕێنمایی دادوەر بكات كە چی بكات و چی نەكات.

 

٣- ئەوكارەی ئەو بەڕێوەبەرە دەرچوونە لە سنووری یاسایی خۆی و مافی خۆمان لە وەرگرتنی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەری دەپارێزین.

 

٤- هەموو هاووڵاتیانی بەڕێز دڵنیا دەكەینەوە كە دادگاكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی بەهەموو توانایانەوە یاسا بەسەر هەموواندا پیادە ئەكەن و مافی هەموو كەس و لایەنێك لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتانەی یاسا بۆی دیاریكردوون، ئەپارێزن.

 

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی

٢٠٢٠/٢/٦

 

Qadirzada.com ©2009 - 2020. All rights reserved